تور لحظه آخری
امروز : سه شنبه ، 27 شهریور 1403    احادیث و روایات:  امام رضا (ع):حد توکل چیست؟ حضرت فرمودند: اینکه با وجود خدا از هیچ کس نترسی
سرگرمی سبک زندگی سینما و تلویزیون فرهنگ و هنر پزشکی و سلامت اجتماع و خانواده تصویری دین و اندیشه ورزش اقتصادی سیاسی حوادث علم و فناوری سایتهای دانلود گوناگون شرکت ها

تبلیغات

تبلیغات متنی

تریدینگ ویو

کاشت ابرو

لمینت دندان

لیست قیمت گوشی شیائومی

صرافی ارکی چنج

صرافی rkchange

دزدگیر منزل

تشریفات روناک

اجاره سند در شیراز

قیمت فنس

armanekasbokar

armanetejarat

صندوق تضمین

طراحی کاتالوگ فوری

Future Innovate Tech

پی جو مشاغل برتر شیراز

لوله بازکنی تهران

آراد برندینگ

وکیل کرج

خرید تیشرت مردانه

وام لوازم خانگی

نتایج انتخابات ریاست جمهوری

خرید ابزار دقیق

خرید ریبون

موسسه خیریه

خرید سی پی کالاف

واردات از چین

دستگاه تصفیه آب صنعتی

حمية السكري النوع الثاني

ناب مووی

دانلود فیلم

بانک کتاب

دریافت دیه موتورسیکلت از بیمه

خرید نهال سیب سبز

قیمت پنجره دوجداره

بازسازی ساختمان

طراحی سایت تهران سایت

دیوار سبز

irspeedy

درج اگهی ویژه

ماشین سازان

تعمیرات مک بوک

دانلود فیلم هندی

قیمت فرش

درب فریم لس

شات آف ولو

تله بخار

شیر برقی گاز

شیر برقی گاز

خرید کتاب رمان انگلیسی

زانوبند زاپیامکس

بهترین کف کاذب چوبی

پاد یکبار مصرف

روغن بهران بردبار ۳۲۰

قیمت سرور اچ پی

 






آمار وبسایت

 تعداد کل بازدیدها : 1816186696




هواشناسی

نرخ طلا سکه و  ارز

قیمت خودرو

فال حافظ

تعبیر خواب

فال انبیاء

متن قرآن



اضافه به علاقمنديها ارسال اين مطلب به دوستان آرشيو تمام مطالب
archive  refresh

چه‌رخوفه‌له‌ك....


واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: چه‌رخوفه‌له‌ك


ـ هه‌تا خۆت ویشك ده‌كه‌یه‌وه‌... زوو كه‌. ده‌رفه‌تێكی زۆرت نیه‌. خۆت دره‌نگ دێیه‌وه‌ و ده‌لێی زوو كه‌ ناگه‌مێ، ئێستا كێ وه‌ دره‌نگی خستووی؟
گوتی: "كێ خاوه‌خاو ده‌كا خانم؟ ده‌رفه‌تم هه‌یه‌." چووه‌ دیوی نوستن خۆی ویشك كاته‌وه‌.
ـ خانم! خانم! چی له‌به‌ر كه‌م؟ كوا چاویلكه‌كه‌م؟
ـ لای مێزه‌كه‌یه‌، له‌پاڵ چراكه‌.
له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دانیشت. كۆت و شه‌ڵواری خۆڵه‌مێشی و كراسی سورمه‌یی. ده‌ستی برد و چاویلكه‌كه‌ی له‌لای چراكه‌ هه‌ڵگرت.
ـ كاتژمێره‌كه‌م كوانێ؟
كوڕه‌كه‌ی هات و گوتی: "من هه‌ڵمگرتووه‌ بابه‌، فه‌رموو."
كاتژمێره‌كه‌ی وه‌رگرت. لاقی ویشك ببوونه‌وه‌. سه‌ری ویشكه‌وه‌ كرد. ئۆدكڵۆنی له‌ خۆی دا و جله‌كانی له‌به‌ر كرد. خاولیه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دانا.
ده‌نگی ژنه‌كه‌ی هات: "ساز بووی؟... خاولیه‌كه‌ت له‌ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دامه‌نێ. له‌ حه‌مام هه‌ڵیواسه‌."
كابرا، خاولیه‌كه‌ی هه‌ڵگرت.
ـ ساز بووم. تۆ په‌له‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مشه‌وته‌. ئه‌گه‌ر پێت‌خۆش نییه‌، زه‌نگ لێده‌ده‌م بۆ ئاژانس، تاكسی بنێرێ.
ـ خۆم ده‌تبه‌م.
خاولیه‌كه‌ی له‌ حه‌مام هه‌ڵواسی. ژنه‌كه‌ شاڵه‌كه‌ی له‌ ملی كوڕه‌كه‌ی ده‌پێچا. كیفه‌كه‌ی هه‌ڵگرت.
ـ سازی؟
ـ زۆر ده‌مێكه‌ سازم.
ـ سه‌رمات نه‌بێ، میسواك و ڕیش‌تاشه‌كه‌تم له‌ ژێر جله‌كانت داناوه‌.
چراكانی كوژانده‌وه‌.
ـ كلیل هه‌ڵگره‌ با شه‌وێ له‌ به‌ر درگا نه‌مێنیته‌وه‌.
درگاكه‌ی پێوه‌دا. سواری ماشین بوون، كوڕه‌كه‌ درگای حه‌وشه‌ی كرده‌وه‌. كه‌ ماشێنه‌كه‌ چووه‌ ده‌رێ، درگای پێوه‌دا. وه‌ڕێ‌كه‌وتن.
ژنه‌ گوتی: "درگاكه‌ت چاك پێوه‌دا؟"
كوڕه‌ گوتی: "پێوه‌م‌داوه‌."
ژنه‌ گوتی: "كاره‌كانی سبه‌ینێت كردووه‌ هه‌تا له‌وێ بۆڵه‌بۆل نه‌كه‌ی؟"
كوڕه‌ گوتی: "بابه‌ چیم بۆ دێنی؟"
ژنه‌ زه‌فته‌كه‌ی هه‌ڵكرد. پیاوه‌كه‌ له‌ پشت چرای سوور وێستا. چاوی له‌ میلی بێنزین كرد.
ـ باكه‌كه‌م پڕ كرد.
ـ خاڵی نابێ. شوێنێكمان نییه‌ بچین. ئه‌ویش تاقه‌ شه‌وێك. به‌م كوڕه‌وه‌. جه‌نگه‌ی تاقیكارییه‌كانیه‌تی. كوێمان هه‌یه‌ بچین؟ خۆ تۆش زۆو دێیته‌وه‌. ته‌نیا پێی بڵێ پرته‌وبۆڵه‌ نه‌كا. ڕیش‌تراشه‌كه‌شت... وه‌بیرم هاته‌وه‌ كه‌ پێم گوتی... له‌ كیفی سه‌فه‌ره‌كه‌تدایه‌.
چرا سه‌وز بوو و وه‌ڕێ كه‌وتن. كه‌ گه‌یشتنه‌ شاڕێ، ژنه‌كه‌ گوتی:"خۆ په‌له‌ت نییه‌. بۆ وا به‌ توندی ده‌ڕۆی؟ خۆ هه‌ڵیان‌نه‌بڕیوی؟" پیاوه‌كه‌ لاقی له‌ سه‌ر پێداڵی گازه‌كه‌ لابرد.
كوڕه‌ گوتی: "چیم بو دێنی بابه‌؟"
ژنه‌ گوتی: "هه‌ر له‌ بیری چی دێنی چی دێنی دای. چیت كردووه‌ هه‌تا شتێكت بۆ بێنێ؟"
كه‌ چراكانی فڕۆكه‌خانه‌ وه‌ده‌ركه‌وتن، كوڕه‌ گوتی: " بابه‌ نه‌تگوت."
ژنه‌ گوتی: "خۆ ده‌ستوورنامه‌كه‌ت پێیه‌؟"
پیاوه‌كه‌ گوتی: "ئێوه‌ مه‌یه‌نه‌ ژوورێ. بگه‌ڕێنه‌وه‌."
ژنه‌كه‌ گوتی: " وه‌ دره‌نگ ناكه‌وێ؟ هیوادارم. خۆ برسیت نییه‌؟"
كاتێ گه‌یشتنه‌ فڕۆكه‌‌خانه‌ پیاوه‌كه‌ ده‌نگی زه‌فته‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه‌ و گوتی: "گه‌یشتین." وێستا. له‌ تاریكی شه‌ودا روومه‌تی ژنه‌ی رامووسی.
ژنه‌ گوتی: "زوو وه‌ره‌وه‌."
كوڕه‌ ده‌ستی خسته‌ ملی باوكی.
ـ‌ ماشێن حیسابێكم بۆ بێنه‌.
ژنه‌ گوتی: "جوان چاو لێكه‌، شتێكت كه‌موكه‌سری نه‌بێ."
پیاوه‌ گوتی: "هه‌موو شتێكم پێیه‌. كاغه‌زه‌كانم هه‌ڵگرتووه‌. ئێوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌."
دابه‌زی و كیفه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ره‌و درگای‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ رۆیشت. له‌و به‌ری شووشه‌كانی هۆڵی چاوه‌ڕوانی، ده‌ستی بۆ هه‌ردووكیان ڕاوه‌شاند.
كه‌ بلیته‌كه‌ی په‌سند كرا چوو بۆ هۆڵی فڕین. ویستی جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنێ، شه‌مچه‌ی پێ‌نه‌بوو. ده‌ستێكی به‌ سه‌ریدا هێنا. هێشتا هه‌ر خاو بوو. ده‌نگێك له‌ بڵیند‌گۆوه‌ گوتی: "مسافیره‌كانی فڕینی ژماره‌ 116 ی ئیسفه‌هان بۆ تاران... "
فڕۆكه‌ی727 به‌ چرا هه‌ڵكراوه‌كانی په‌نجێره‌كانیه‌وه‌. "بریا چاییه‌كیان پێ‌بدایه‌ین؛ چاییه‌كی گه‌رم." له‌ پلیكانه‌كان وه‌سه‌ر كه‌وت. هه‌ر له‌م ریزانه‌ی پێشه‌وه‌.. له‌ ریزی پێنجه‌م یان شه‌شه‌م بوو كه‌ دانیشت. سه‌نده‌ڵیی خاڵی زۆر بوو. فڕۆكه‌كه‌ له‌ شیرازه‌وه‌ هاتبوو. میوانداره‌كه‌ نوقڵی هێنا. هه‌ڵیگرت.
گوتی: "خانم ڕۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆتان له‌ لایه‌؟"
میوانداره‌كه‌ گوتی: "بۆتان دێنم."
نوقڵه‌كه‌ی له‌ زا‌ریدا سووڕاند. مزر. گه‌رمای نێو فڕۆكه‌ و وێنه‌یه‌كی ته‌خته‌تی جه‌مشید له‌ رووبه‌ڕوویدا و پشتی به‌رزی سه‌نده‌ڵی فڕۆكه‌، كه‌ ئه‌و به‌‌ ئاسووده‌ییه‌وه‌ پاڵی پێوه‌دابوو. چاوی قووچاند. فڕۆكه‌ به‌ هێواشی كه‌وته‌ ڕێ. كه‌ چاوه‌كانی هه‌ڵهێنا، فروكه‌ به‌رز ببۆوه‌. به‌ تاقه‌ ‌زه‌نگێك كه‌ لێدرا، دیتی رسته‌ی"پشتێنده‌كان ببه‌ستن" كووژاوه‌. مزرایی پاشماوه‌ی نوقڵه‌كه‌ی قووت دا.
میواندار گوتی: "كاكه‌ ببووره‌..."
پیاوه‌كه‌ سه‌ری هه‌ڵێنا و گوتی: "سپاس. رۆژنامه‌...؟"
میواندار گوتی: "ده‌یهێنم. ببوورن. ئێوه‌ ئاغای سه‌لیمین‌؟"
گوتی: "به‌ڵێ، به‌ڵێ. بۆخۆمم."
میواندار گوتی: "خانمێك له‌ منی پرسی... چه‌ند ڕیز له‌ دوای ئێوه‌وه‌ دانیشتوون. گوتی پرسیار بكه‌م بزانم ئێوه‌ ئاغای سه‌لیمین؟"
پیاوه‌كه‌ گوتی: "به‌ڵێ بۆ خۆمم. كێ پرسیویه‌؟" له‌ جێگاكه‌ی هه‌ستا و هه‌تا كۆتایی فڕۆكه‌كه‌ی ڕوانی. ئاشنایه‌كی وه‌به‌ر چاو نه‌هات. گوتی: "له‌كوێیه‌؟"
میواندار گوتی: "به‌ دوای مندا وه‌رن."
پیاوه‌كه‌ ده‌ستی دا كیفه‌كه‌ی و وه‌دوای میواندار وه‌ڕێ كه‌وت. چه‌ند ڕیز دواتر، له‌ لای په‌نجێره‌، ژنێك دانیشتبوو، كیفه‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵیی په‌نای خۆی دانابوو. میواندار گوتی: "ئه‌م خانمه‌ بوو."
پیاوه‌كه‌ گوتی : "سپاس. سڵاو خانم. من سه‌لیمیم." چاوێكی له‌ ژنه‌كه‌ كرد و دوایه‌ پێكه‌نی و گوتی: "زۆر سپاس. سڵاو خانمی فه‌ره‌همه‌ند. سڵاو."
خانمی فه‌ره‌همه‌ند گوتی: "سڵاو ئاغای سه‌لیمی. كه‌س لێره‌ دانانیشێ."
پیاوه‌ دانیشت و گوتی: "له‌ كوێ بووی؟"
ژنه‌ گوتی: "تۆ له‌ كوێ بووی؟"
پیاوه‌كه‌ گوتی: "من كه‌ هه‌موو كاتێ له‌ ئیسفه‌هانم."
ـ منیش هه‌ر له‌ شیرازم، ئاغای سه‌لیمی.
پێكه‌نی. پیاوه‌كه‌ كیفه‌ ده‌ستییه‌كه‌ی خۆی له‌ سه‌ر لاقی دانابوو و كیفه‌كه‌ی خانمی فه‌ره‌همه‌ندیشی له‌ سه‌ر كیفه‌كه‌ی خۆی.
ـ ماندوو ده‌بی، كیفه‌كه‌ له‌ سه‌رێ دانێ.
پیاوه‌ گوتی: "ده‌ترسم له‌ بیرم بچێ، ژنه‌كه‌‌م زۆری راسپێری كردووم."
هه‌ردووكیان پێكه‌نینه‌وه‌.
پیاوه‌ گوتی: "له‌ مێژساڵه‌ یه‌كترمان نه‌دیوه‌ شه‌هلا."
شه‌هلا گوتی: "ده‌ دوازده‌ ساڵ ده‌بێ."
پیاوه‌ گوتی: "ئای پیری!" و شه‌هلا سه‌ری ڕاوه‌شاند. پیاوه‌ گوتی: "تۆ نا. من خۆم ده‌ڵێم."
شه‌هلا گوتی: "جیاوازییه‌كی نییه‌. چه‌ند منداڵت هه‌یه‌؟"
پیاوه‌كه‌ گوتی: "تاقانه‌یه‌ك. كوڕێك. ئه‌ی تۆ؟"
شه‌هلا گوتی: "سێ دانه‌. دوو كوڕ و كچێك."
پیاوه‌كه‌ گوتی: "ئه‌ی چۆن خۆت ده‌رباز كرد؟"
گوتی: "دایكم نه‌خۆشه‌. كه‌سی له‌لا نییه‌. برا گه‌وره‌كه‌شم حسه‌ین، عه‌مه‌لیاتی دیسكی هه‌یه‌ و... به‌ كورتی تێكه‌ولێكه‌یه‌. مۆڵه‌تی مه‌جبووریم وه‌رگرتووه‌. مناڵه‌كانم سپاردووه‌ به‌ موحسین و گوتم ده‌چمه‌ لای دایكم. چه‌ند ڕۆژێ ده‌مێنمه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌."
میواندار به‌ كالیسكه‌كه‌یه‌وه‌ هات.
ـ‌ چای ده‌خۆنه‌وه‌؟
شه‌هلا گوتی: "هه‌ڵبه‌ت." كه‌شه‌وییه‌كانیان كرده‌وه‌. پیاوه‌ په‌ر‌داخه‌ نایلۆنییه‌كانی هه‌ڵگڕت و له‌ سه‌ر میزه‌كه‌ی دانان. دوایه‌ كه‌وچك و قه‌نده‌ پاكه‌تییه‌كان. چاییه‌كه‌ گه‌رم بوو. پیاوه‌ گوتی: "چه‌نده‌م ئیشتیا له‌ چایی بوو!؟"
ژنه‌كه‌ گوتی: "دڵم به‌رایی ئه‌وه‌ی ده‌دا له‌م سه‌فه‌ره‌دا شتێكم بۆ پێش بێ."
چاییه‌كه‌یان بێ قه‌ند خوارده‌وه‌. پیاوه‌كه‌ په‌رداخه‌ نایلۆنییه‌كانی له‌ نێو یه‌ك خست. ده‌نگی تاقه‌ زه‌نگی"پشتێنده‌كان ببه‌ستنه‌وه‌” هات. میواندار په‌رداخه‌كانی كۆ كرده‌وه‌ و سه‌رمیواندار گوتی سه‌فه‌رێكی خۆش بۆ مسافیره‌كان ده‌خوازم.
كاتێ فڕۆكه‌كه‌ له‌ سه‌ر هێڵ وێستا، پیاوه‌كه‌ هه‌ستا و له‌ ‌ڕێڕه‌‌وی نێوان سه‌نده‌ڵییه‌كان راوێستا و رێگای بۆ شه‌هلا كرده‌وه‌ پێش كه‌وێت. كه‌ له‌ پلیكانه‌كان هاتنه‌ خوار، كابرا گوتی: "حه‌تمه‌نه‌ چه‌مه‌دانێكی زه‌لام..."
شه‌هلا گوتی: "به‌په‌له‌ی؟"
كابرا گوتی: "نا."
كابرا به‌ ده‌ستێك چه‌مه‌دانه‌كه‌ی شه‌هلای هه‌ڵگرت و به‌وی دی كیفه‌ سه‌فه‌رییه‌كه‌ی خۆی. كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ هاتنه‌ ده‌رێ، پرسی: "كه‌سێ به‌ دووتا دێ؟"
ـ نا، كه‌س نایه‌ت.
كابرا گوتی: "ده‌تگه‌یێنم."
شۆفیری تاكسیی فڕۆكه‌خانه‌ چه‌مه‌دانه‌كه‌ی وه‌رگرت و له‌ جه‌عبه‌ی دواوه‌ی ماشین خست.
كابرا گوتی: "ماڵی دایكت هه‌ر له‌و شوێنه‌ی جارانه‌؟"
شه‌هلا گوتی: "هه‌ر له‌وێیه‌."
به‌ شۆفیره‌كه‌ی گوت: "له‌ پێشدا خانم بگه‌یێنه‌، دوایه‌ من به‌ره‌ بۆ هوتێلێك."
پاشان نیشانییه‌كه‌ی گوت.
شه‌هلا گوتی: "هوتێل بۆ؟"
كابرا پێكه‌نی. شۆفیری تاكسیش له‌ ئاوێنه‌كه‌وه‌ چاوێكی لێ كردن. شه‌قامه‌كان چۆڵ بوون و تاك و ته‌را چرای دووكانه‌كان هه‌ڵكرابوون.
كابرا گوتی: "برسیت نییه‌؟ ده‌كرێ هه‌ر له‌م ده‌وروبه‌ره‌ شتێك بخۆین."
شه‌هلا گوتی: "نا. دایكم چاوه‌ڕێمه‌. ده‌بێ هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ شیراز ته‌له‌یفوونی بۆ بكه‌م بڵێم گه‌یشتووم. چێشتم بۆ منداڵه‌كان دروست ده‌كرد، بڕێكم خوارد."
كابرا گوتی: "ئێستاش پیاسه‌ ده‌كه‌ی؟"
شه‌هلا گوتی: "جار جاره‌”
كابرا ویستی جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنێ. پاكه‌تی جگه‌ره‌كه‌ی ده‌رهێنا. كردییه‌وه‌.
ـ ده‌كێشی شه‌هلا؟
شه‌هلا گوتی: "نا. تا كه‌نگێ له‌ تاران ده‌بی؟"
كابرا گوتی: "دوو ڕۆژ. زوو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌. بۆ كاری ئیداری هاتووم.ده‌بێ له‌م ئیداره‌وه‌ بۆ ئه‌و ئیداره‌ هه‌ڵێم."
شه‌هلا گوتی: "تكایه‌ بچۆ نێو ئه‌م كۆڵانه‌. بڕێك پێشتر. لای ئه‌و ماشێنه‌ ‌سووره‌. به‌ڵێ ئێره‌یه‌. گه‌یشتین."
كابرا درگاكه‌ی كرده‌وه‌.شه‌هلا دابه‌زی. شۆفیر چه‌مه‌دانه‌كه‌ی هه‌ڵگرت.
كابرا گوتی: "سڵاویان بگه‌یێنه‌. به‌ دیتنت... زۆر..."
شه‌هلا گوتی: "منیش هه‌روا. زۆرتر. با بچینه‌ سه‌رێ."
كابرا چه‌مه‌دانه‌كه‌ی له‌ شۆفیری تاكسی وه‌رگرت و بۆلای درگاكه‌ چوون.
ـ مزاحیمت نابم. دوای ئه‌م هه‌مووه‌ ساڵه‌ پێم خۆشه‌ دایكت ببینم. به‌ڵام ده‌رفه‌ت كه‌مه‌. گه‌رچی من سبه‌ینێ ئێوارێ پاش ئه‌وه‌ی به‌یانییه‌كه‌ی له‌ تاران هه‌ڵات هه‌ڵاته‌كه‌م ته‌واو‌ بوو، بێكار ده‌بم. بێجگه‌ له‌وه‌ تۆ ده‌ته‌وێ ته‌له‌یفوون بكه‌ی. منیش هه‌ر ده‌بێ زه‌نگێ لێ‌بده‌م. هه‌ڵبه‌ت ئێستا ژنه‌كه‌م له‌ ماڵ نییه‌.
شه‌هلا گوتی: "له‌ كوێیه‌؟"
كابرا گوتی: "كۆبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌. شه‌ڕه‌ چه‌قه‌ ده‌كه‌ن."
شه‌هلا گوتی: "ئێمه‌ش ئه‌مشه‌و چه‌قه‌چه‌ق ده‌كه‌ین."
شۆفیره‌كه‌ له‌نێو تاكسیه‌كه‌ دانیشتبوو و چاوی لێ ده‌كردن.
شه‌هلا گوتی: "باشه‌ زه‌نگ لێده‌."
كابرا گوتی: "بڕێ دره‌نگتر." دوایه‌ به‌هێواشی گوتی: "با سبه‌ی شه‌و پێكه‌وه‌ شێو بخۆین."
شه‌هلا گوتی: "حه‌تمه‌ن. تۆش نه‌تگوتبایه‌، خۆم بانگهێشتنم ده‌كردی. زه‌نگم بۆ لێده‌”
ژماره‌ ته‌له‌یفوونه‌كه‌ی گوت و كابراش نووسیی. چاویلكه‌كه‌ی له‌چاوی كرده‌وه‌. شه‌هلا له‌زه‌نگی ماڵه‌كه‌ی دا و گوتی: "ئیدی بڕۆ."
كابرا سواری تاكسی بوو. تاكسییه‌كه‌ ده‌وری لێدا و كابرا دیتی درگاكه‌ كراوه‌ و شه‌هلا پیرێژنێكی له‌ ئامێز گرت. كابرا بۆ خوداحافیزی ده‌ستی ڕاوه‌شاند، به‌ڵام شه‌هلا نه‌یدی.
شۆفیری تاكسیه‌كه‌، هه‌ر له‌م ده‌وروبه‌رانه‌ هوتێلێكی نیشان دا. كابرا گوتی: "ئێره‌ ته‌واوه‌."
ژوورێكی روو له‌ شه‌قامی گرت، به‌هاره‌خه‌وێكی چكۆله‌ی هه‌بوو. به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌ كورسیی راحه‌تی لێ بوو. دانیشت. ویستی زه‌نگ بۆ ماڵێ لێدا. زوو بوو. ویستی زه‌نگ بۆ شه‌هلا لێدا. زوو بوو. هه‌ستا و چووه‌ دیوه‌كه‌. كیفی سه‌فه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ویستی جله‌كانی هه‌ڵواسێ. تاقه‌تی نه‌بوو. ویستی بیر له‌ شه‌هلا بكاته‌وه‌. گه‌ڕاوه‌ به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌. كزه‌بایه‌كی سارد له‌ ‌روومه‌تی ده‌دا. له‌ سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌كه‌ دانیشت. دیتی له‌ نهۆمی دوازده‌هه‌می هوتێل، به‌ته‌نیا له‌ سه‌ر سه‌نده‌ڵی دانیشتووه‌. چاوی به‌ ماشینه‌كان كه‌وت و چراكانی شه‌قام و بڕێك دوورتر چه‌رخوفه‌له‌كی گه‌وره‌ی شاری یاری كه‌ چراكانی هه‌ڵده‌بوون و ده‌كووژانه‌وه‌.
به‌یانیی رۆژی دوایی كه‌ له‌ خه‌و هه‌ستا، دیتی درگای به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌. كیفی سه‌فه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌وه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ر مووكێتی نێو دیوه‌كه‌ و بڵاو ببۆوه‌. خۆشی به‌ كۆته‌وه‌ له‌ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ خه‌وتبوو.
هه‌ستا. وه‌ دره‌نگی كه‌وتبوو. هه‌ر له‌و سه‌ره‌وه‌ داوای كرد ماشێنێكی بۆ بێنن.
كیفه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ڕیشی نه‌تاشراوه‌وه‌ سواری ئاسانسۆر بوو و هاته‌ خوارێ. وه‌ بیری ها‌ته‌وه‌ هێشتا ز‌ه‌نگی بۆ ئیسفه‌هان لێ‌نه‌داوه‌: "دوایه‌ لێی ده‌ده‌م."
له‌ نزیك درگای هوتێل، ماشێنه‌كه‌ی دیت. به‌ شۆفیره‌كه‌ی گوت: "ئێستا‌ دێم." تامی زاری ویشك و ناخۆش بوو.
ـ به‌پێوه‌ چاییه‌ك ده‌خۆم. زوو دێم.
چووه‌ چێشتخانه‌ و گوتی: "چایی. چایی."
چاییه‌ گه‌رمه‌كه‌ی به‌ په‌له‌ هه‌ڵقوڕاند و رۆیشت.
بیخه‌نه‌ سه‌ر حیسابی دیوی... من سه‌لیمیم.
پاشان له‌م دیو بۆ ئه‌و دیو. له‌م ئیداره‌ بۆ ئه‌و ئیداره‌. كیفه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌ و به‌ دوای كاغه‌زه‌كاندا ده‌گه‌ڕا.
ـ ئه‌وه‌تانێ.
دوایه‌ هه‌ر شه‌قام بوو و پشتی چرا‌سووره‌كان . ماشین حیسابه‌كه‌ی وه‌بیر هاته‌وه‌. له‌ پلیكانه‌كان ده‌چووه‌ سه‌رێ. له‌دواییدا له‌ گه‌ڵ شۆفیره‌كه‌ له‌ یه‌كێ له‌ پیتزا فرۆشیه‌كانی شه‌قامی ویلا نانی خوارد.
به‌ شۆفیره‌كه‌ی گوت: "پێم‌وا نه‌بوو ئه‌م هه‌موو هه‌ڵات هه‌ڵاته‌م ده‌بێ... ماشین حیسابێكم ده‌وێ. هه‌ڵبه‌ت له‌ ئیسفه‌هانیش هه‌یه‌، به‌ڵام كوره‌كه‌م داوای كردووه‌. ده‌بێ بیكڕم." بڕێ راوه‌ستا. دوایه‌ گوتی: "ده‌بێ بۆ ژنه‌كه‌شم بكڕم." پاشان له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ گوتی: "بریا شه‌هلاش لێره‌ بوایه‌."
شۆفیر گوتی: "شه‌پ هه‌ڵێنیته‌وه‌ له‌ ماشێن حیساب ده‌كه‌وێ كاكه‌. ده‌تبه‌مه‌ شوێنێكی باش. دڵنیا به‌." پیاوه‌ گوتی: " دوێشه‌و هاتووم." دوایه‌ بیری كرده‌وه‌ به‌ شۆفیره‌كه‌ چی؟!
شۆفیر گوتی: "به‌ ته‌نیا هاتووی؟"
كابرا هیچی نه‌گوت. چراكانی پیتزا فرۆشییه‌كه‌ ڕووناكییان كه‌م بوو.
شوفیره‌كه‌ گوتی: "لێره‌ به‌جێی ئاوجۆی كارخانه‌، هی ده‌ستكردیشیان هه‌یه‌. ئاوجۆی توركیه‌شی لێیه‌."
كابرا گوتی: "ده‌ی..."
شۆفیره‌كه‌ گوتی: "ئه‌گه‌ر كاری ئیداریت ماوه‌ با برۆین، ده‌نا بچین به‌ دوای ماشین حیساب بكه‌وین."
له‌ پیتزا فرۆشییه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌رێ.
شۆفیره‌كه‌ گوتی: "ده‌ستت خۆش بێ."
كابرا گوتی: "شایانی ئێوه‌ی نییه‌."
سواری ماشێنه‌كه‌ بوون و وه‌ڕێ كه‌وتن.
شۆفیره‌كه‌ گوتی: "حه‌تمه‌ن عه‌ترێ، پارچه‌یێ، شتێكی وا بۆ خانمه‌كه‌ت ده‌كڕی."
كابرا گوتی: "ده‌یكڕم."
كه‌ گه‌یشتنه‌وه‌ هوتێل، كابرا سێ ماشین حیسابی كڕیبوو. بۆ ژنه‌كه‌شی شووشه‌یه‌ك عه‌تر.
خوداحافیزی كرد و چووه‌ دیوه‌كه‌ی خۆی. به‌سته‌كان‌ و كیفه‌كه‌ی له‌ سه‌ر میزه‌كه‌ی په‌نای ئاوێنه‌كه‌ دانا. كه‌وشه‌كانی داكه‌ند؛ خۆی رووت كرده‌وه‌؛ یه‌كسه‌ر چوو بۆ حه‌مام؛ ئاوێكی به‌ خۆیدا كرد و هات له‌ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی درێژ بوو.
سه‌عات حه‌وت له‌ خه‌و هه‌ستا. ئێواره‌ بوو. ژماره‌ ته‌له‌یفوونه‌كه‌ی دیته‌وه‌.
گووشییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ژماره‌ی شه‌هلای گرت. كه‌ ده‌نگی شه‌هلای بیست، گوتی: "شه‌هلا، منم. ببووره‌؛ دره‌نگ زه‌نگم لێ‌دا."
كابرا گوتی: "سازی؟"
شه‌هلا گوتی : "سازم به‌ڵام دایكم زۆر ناساغه‌."
كابرا گوتی: "یانی...!؟" بێده‌نگ بوو.
شه‌هلا گوتی: "دێم. به‌ڵام ده‌بێ زوو بگه‌ڕێمه‌وه‌."
شه‌هلا گوتی: "ئه‌لۆ...ئه‌لۆ؟"
كابرا گوتی: "باشه‌. دێم به‌شوێنتدا. نیو سه‌عاتی دیكه‌."
شه‌هلا گوتی: "سازم. سه‌رچاوم."
گووشییه‌كه‌ی دانا. هه‌ستا. چووه‌ به‌ر ئاوێنه‌كه‌. كراسه‌كه‌ی لۆچاوی بوو. ڕیش به‌ رۆژێك روخساری ڕه‌ش داگه‌ڕاندبوو. قژیشی ئاڵۆز پڵۆز. سه‌روچاوی شۆرد و قژی داهێنا. بڕۆسی ده‌ویست. كه‌وشه‌كانی له‌ لای درگاكه‌ دیته‌وه‌ و له‌پێی كرد. وه‌بیری ها‌ته‌وه‌ هێشتا زه‌نگی بۆ ئیسفه‌هان لێ‌نه‌داوه‌. گه‌ڕاوه‌ گووشییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ژماره‌كه‌ی دا. كه‌ ده‌نگی ژنه‌ی بیست، چاوێكی له‌ ئاوێنه‌ كرد. گوتی: "سڵاو. دوێنێ شه‌و خۆشتان ڕابوارد؟"
ژنه‌كه‌ گوتی: "وا دیاره‌ تۆ خۆشترت ڕابواردووه‌. ئه‌وه‌ له‌ كوێی؟"
كابرا گوتی: "زۆر باش گه‌یشتم. لێره‌م. دوێشه‌و زوو خه‌وتم. ئه‌مڕۆش هه‌ر هه‌ڵاتووم، ویستم به‌یانی زه‌نگ لێ‌ده‌م، گوتم ڕه‌نگه‌ خه‌وتبێتی."
ژنه‌ گوتی: "تانه‌م لێ‌ده‌ده‌ی؟ خه‌وتبێتی. خه‌وتبێتی."
كابرا تا‌قه‌تی نه‌بوو. گووشییه‌كه‌ی دانا. " ئه‌گه‌ر دوایی پرسیاری كرد، ده‌ڵێم ته‌له‌یفوونه‌كه‌ هه‌ڵبڕا. ته‌له‌یفوونچی هه‌رچی كردی و كڕاندی نه‌یتوانی ژماره‌كه‌ بگرێته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌ ته‌له‌یفوون قسه‌ ده‌كه‌ی؟" كۆته‌كه‌ی له‌به‌ر كرد و له‌ دیوه‌كه‌ چووه‌ ده‌رێ.
ئه‌گه‌ر له‌ درگای دا، هه‌ر ده‌تگوت شه‌هلا له‌پشت درگایه‌. كردییه‌وه‌. كابرا پێكه‌نی.
گوتی: "چ زوو!"
سوار بوون. كابرا گوتی: "ده‌ی بۆ كوێ بچین خانمی فه‌ره‌همه‌ند؟"
شه‌هلا گوتی: "شوێنێ هه‌ر له‌م ده‌ور و به‌رانه‌."
چوون بۆ چێشتخانه‌یه‌ك هه‌ر له‌م ده‌ور و به‌رانه‌. چێشتخانه‌كه‌ تاریك نه‌بوو.
شه‌هلا گوتی: "زۆر روونه‌. با له‌ ‌نزیك په‌نجێره‌ دانیشین."
دانیشتن. شه‌هلا له‌ ‌په‌نجێره‌كه‌وه‌ چاوی له‌ ده‌رێ ده‌كرد؛ گوڵفرۆشییه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ری شه‌قام و به‌سته‌نی فرۆشیی په‌نای گوڵفرۆشییه‌كه‌. گوتی: "ئه‌زقه‌زا هه‌میشه‌ لێره‌ گوڵم ده‌كڕی. هه‌ر كه‌ درگای دووكانه‌كه‌م ده‌كرده‌وه‌‌، زه‌نگی سه‌ر درگاكه‌، ته‌قه‌ی لێ‌هه‌ڵده‌ستا. دیگ دینگ. سروه‌یه‌كی فێنك به‌ بۆنی گوڵه‌وه‌، زۆرتریش گوڵی مریه‌م، روخسارتی باوه‌شێن ده‌كرد. له‌‌ بیرته‌؟ ئه‌و به‌سته‌نی فرۆشییه‌ش هه‌میشه‌ وڵوڵه‌ و توێشكی له‌پاڵ به‌سته‌نییه‌كه‌ داده‌نا."
كابرا گوتی: "چی ده‌خۆی؟"
شه‌هلا گوتی: "هه‌ر شتێ بێ."
كابرا گوتی: "ده‌ڵێن ئێره‌ ئاوجۆی توركیه‌شی لێیه‌."
شه‌هلا پێكه‌نی.
كاتێ چێشته‌كه‌یان داوا كرد، كابرا گوتی: "قسه‌ی موحسینم بۆ بكه‌. ته‌له‌یفوونت كرد؟"
شه‌هلا گوتی: "باش نییه‌. هه‌موو شتێ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ بووه‌. زه‌نگم لێدا. گوتیان زوو وه‌ره‌وه‌. دوا نیوه‌ڕۆش ته‌له‌یفوونم كرد. ئاڕمان له‌گه‌ڵ سه‌هه‌ند شه‌ڕی كردبوو، موحسینیش له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان. كچه‌كه‌شم قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردم. لێم زیز بووه‌. وه‌ك سه‌گ به‌ سه‌ر و گوێلاكی یه‌كتردا ده‌پڕژێن. ئاڕمان نۆبه‌ره‌مه‌، دوایه‌ كچه‌كه‌مه‌، سه‌هه‌ندیش پاشه‌به‌ره‌یه‌."
كابرا گوتی: "ئه‌رێ..." قسه‌كه‌ی خوارده‌وه‌.
شه‌هلا گوتی: "چی؟"
كابرا گوتی: "ویستم... یانی كوڕه‌كه‌م داوای ماشین حیسابی كردبوو. من سیانم كڕی. دووان بۆ كوڕه‌كانی تۆ. به‌ڵام... به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌م په‌له‌ كرد له‌ بیرم چوو."
شه‌هلا گوتی: "بۆ كوڕه‌كانی من؟ من ئه‌وانم هه‌ر له‌ بیر نه‌بوو. دوێشه‌و په‌رۆشی دایكم بووم."
چێشتیان هێنا.
كابرا گوتی: "منیش له‌ به‌هاره‌خه‌وی هوتێل دانیشتم و بیرم كرده‌وه‌. هه‌تا... ئه‌وه‌ی كه‌..."
شه‌هلا گوتی: "بیرت له‌ چی ده‌كرده‌وه‌؟"
مێهران گوتی: "چووزانم... وه‌ك بڵێن بۆ نموونه‌ سه‌رده‌مێ له‌مه‌وبه‌ر... بۆ نموونه‌ ده‌ پازده‌ ساڵ پێشتر بیرمان له‌ چی ده‌كرده‌وه‌، یان چووزانم بۆچی... به‌ڵام ئه‌مڕۆ ریشم نه‌تاشی. نازانم. وه‌ك تۆ كه‌ ئه‌مڕۆ..."
شه‌هلا گوتی: "ئه‌مڕۆ لای دایكم هه‌ر باسی تۆم كرد."
مێهران گوتی: "دوێشه‌و له‌ به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌وه‌ چه‌رخو‌فه‌له‌كێكم دی چراكانی هه‌ر هه‌ڵده‌بوون و ده‌كووژانه‌وه‌."
شه‌هلا پێكه‌نی و گوتی: "تۆش هاتووی ماشین حیسابت بۆ كوڕه‌كانی من كڕیوه‌."
مێهران گوتی: "ئێستاش پیاسه‌ ده‌كه‌یت؟ بۆ نانه‌كه‌ت ناخۆی؟"
شه‌هلا گوتی: "تۆ چی؟"
مێهران گوتی: "وه‌ك سه‌گی پێ سووتاو وام، هه‌ر له‌ هه‌ڵات هه‌ڵاتدام هه‌تا دوو كه‌سی دیكه‌ش به‌ دوای خۆمدا بێنم."
شه‌هلا گوتی: "من ئه‌بێ چوار كه‌س به‌ دووی خۆمدا بێنم. دوایه‌ له‌ ناكاودا هه‌موویان به‌رده‌م و بێم بۆ ئێره‌ و كه‌سێك بۆ مردن ساز بكه‌م، مه‌لافه‌كانی بگۆڕم، حه‌مامی ده‌م، قژی دابێنم و كاتی حه‌به‌كانی ده‌ده‌مێ، وه‌بیرم بێته‌وه‌ مخابن ئه‌وه‌ دایكمه‌. چه‌نده‌ پیر بووه‌. دوایه‌ش باسی تۆی له‌ لا بكه‌م و دایكم پرسیار بكا ئێستا خه‌ریكی چیه‌؟ زیندووه‌؟ منیش بڵێم به‌ڵێ، بۆ نه‌بێ؟ شه‌ویش كه‌ هاتمه‌وه‌، دایكم لای ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ دانیشتبێ و پرسیار بكا خۆشت ڕابوارد؟ منیش بڵێم به‌ڵێ؛ قسه‌مان كرد؛ پێكه‌نیین؛ كه‌وتینه‌ بیری ساڵانێ كه‌ ده‌ستی یه‌كترمان ده‌گرت و له‌ ژێر باراندا پیاسه‌مان ده‌كرد؛ یان كاتێ له‌م گوڵفرۆشییه‌وه‌ تێده‌په‌ڕین. گولمان ده‌كڕی."
مێهران گوتی: "خانمی فه‌ره‌همه‌ند؛ ساردی كرد."
شه‌هلا سه‌ری داخست. گوتی: "گوڵفرۆشییه‌كانی شیراز قه‌ت فێنك نین."
مێهران گوتی: "ئه‌مڕۆ هه‌ر پێم‌كرا له‌م دیو بچم بۆ ئه‌و دیو."
شه‌هلا گوتی: "ژن و منداڵه‌كه‌ت خۆش ده‌وێ؟"
مێهران گوتی: "تۆ چی؟"
شه‌هلا گوتی: "به‌ڵێ. پێی ڕاهاتووم. بوومه‌ته‌ كابانێكی ته‌واو. گسك لێدان، قاپ‌شتن؛‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌ ئێوارانه‌ رێنووس به‌میان؛ زانست پرسینه‌وه‌ له‌وی دیكه‌؛ شێو ساز كردن بۆ موحسین كه‌ شه‌وانه‌ هه‌ر دێته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ درێژ ده‌بێ و دوای شێو خواردن، ده‌نگی پرخه‌ پرخی حه‌وت گه‌ڕه‌ك ده‌ڕوا. ئێستاكه‌ زۆر ده‌بۆڵێنم. بڕێ شه‌وان به‌ ماشێن ده‌گه‌ڕێین. له‌ نێو ماشێندا، پیتزایه‌ك، هه‌مبه‌رگرێك ده‌خۆین. سه‌رتاسه‌ری بلواره‌كان ده‌گه‌ڕێین و ده‌خولێینه‌وه‌ هه‌تا یه‌كێ له‌ منداڵه‌كان ده‌ڵێ بابه‌ با بگه‌رێینه‌وه‌، ته‌له‌فیزیۆن فیلمی هه‌یه‌. ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. چایی ساز ده‌كه‌م. ده‌یخۆینه‌وه‌. منداڵه‌كان ده‌خه‌ون و منیش ئیسكانه‌كان ده‌شۆم. ئاو ده‌كه‌مه‌ كترییه‌كه‌ و له‌سه‌ر كووره‌كه‌ی داده‌نێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یانی كه‌ موحسین له‌ خه‌و هه‌ستا، گڕی بداتێ. دوایه‌ چراكان ده‌كوژێنمه‌وه‌ و ده‌خه‌وم. وه‌ك هه‌موو كه‌سێ بڕێك یه‌كتری هه‌ڵده‌گڵۆفێن. پاشان هه‌ڵده‌ستم سه‌رێكی دیوی منداڵه‌كان ده‌ده‌م ، په‌تۆكانیان به‌ سه‌ردا ده‌ده‌مه‌وه‌ و ئیدی ده‌خه‌وم. هه‌تا ئه‌و كاته‌، موحسین خه‌ون به‌ حه‌وت پاشاوه‌ ده‌بینێ.
مێهران گوتی: "نانه‌كه‌ت بوو به‌ ده‌می مردوو." پاكه‌تی جگه‌ره‌كه‌ی ده‌رهێنا و خوڵكی شه‌هلای كرد. شه‌هلا گوتی: "ناكێشم. له‌ بیرت چۆته‌وه‌؟"
مێهران جگه‌ره‌یه‌كی هه‌ڵگرت. بۆ شه‌مچه‌ گه‌ڕا. خزمه‌تكاره‌كه‌ هات و فه‌نده‌كی بۆ هه‌ڵكرد.
شه‌هلا گوتی: "تۆ چی ده‌كه‌ی؟"
مێهران گوتی: "منیش... چی بڵێم. وه‌ك موحسین یان وه‌ك خۆم. باسی نه‌كه‌ین. به‌ دیتنت زۆر... زۆر گه‌شامه‌وه‌."
شه‌هلا گوتی: " كای كۆنه‌مان به‌ با كرد."
كاتێ له‌ چێشتخانه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌رێ، شه‌هلا گوتی: "با بگه‌ڕێینه‌وه‌. دایكم چاوه‌ڕێیه‌. پێم گوتبوو زوو دێمه‌وه‌."
مێهران گوتی: "پێم خۆش بوو پێكه‌وه‌ پیاسه‌ بكه‌ین، به‌سته‌نی بخۆین، هه‌تا به‌ر درگای ماڵێ."
شه‌هلا گوتی: "به‌ تاكسی ده‌ڕۆین."
مێهران گوتی:"خۆ چه‌ند شه‌قاو زیاتر نییه‌."
شه‌هلا گوتی: "دره‌نگه‌. حه‌تمه‌ن منداڵه‌كانیش ته‌له‌یفوونیان كردووه‌. موحسین دڵ له‌دوا ده‌بێ. دڵنیام."
مێهران گوتی: "باشه‌” دوایه‌ تاكسی ڕاگرت.
كه‌ گه‌یشتنه‌ ماڵێ، دابه‌زین.
شه‌هلا گوتی: "پێویستی نه‌ده‌كرد دابه‌زی. تۆ بڕۆ. ماندووی."
مێهران گوتی: "به‌ پێیان ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌."
شه‌هلا ویستی له‌ زه‌نگه‌كه‌ بدا. كابرا گوتی: "من لێی ده‌ده‌م." و ده‌ستی شه‌هلای گرت. مێهران گوتی: "بریا پێكه‌وه‌ سواری چه‌رخوفه‌له‌ك بوایه‌ین."
ژنه‌ له‌ زه‌نگی دا و دایكی گوتی: "كێیه‌؟"
ـ دایه‌ منم.
به‌ كابرای گوت: "خوداحافیز ئاغای سه‌لیمی. خۆ دیتت؛ دایكم هێشتا نه‌مردووه‌ و منیش زۆرم ناره‌حه‌تی ویژدانی نییه‌."
كابرا هیچی نه‌گوت. ته‌نیا ده‌نگی درگاكه‌ی بیست. گیرفانه‌كانی بۆ دیتنه‌وه‌ی جگه‌ره‌ پشكنی.
هه‌ركه‌ گه‌یشته‌ هوتێل خه‌وت و به‌یانی له‌ به‌ر سه‌رما به‌خه‌به‌ر هاته‌وه‌. درگای به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌ی پێوه‌نه‌دابوو. په‌رده‌كان ده‌له‌رانه‌وه‌. ده‌بوو ‌كاتژمێری ده‌ سواری فڕۆكه‌ بێت و بگه‌ڕێته‌وه‌. خۆی شت. ڕیشی تاشی و دوایه‌ كراسێكی ده‌هێنا و له‌به‌ری كرد. گۆره‌وییه‌كه‌ی گۆڕی و دوایه‌ كراس و گۆره‌وییه‌كانی دیكه‌ی له‌ كیفه‌كه‌ی نا. له‌ به‌ر ئاوێنه‌ قژی داهێنا و چووه‌ به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌. به‌یانی، ده‌ستی به‌ سه‌ر وڵاتدا گرتبوو. ماشینه‌كان به‌ دوای یه‌كدا ریزیان به‌ستبوو. چه‌رخوفه‌له‌كی ئاسنین له‌ دووره‌وه‌ دیار بوو. نه‌ده‌سووڕا. درگای به‌هاره‌خه‌وه‌كه‌ی پێوه‌دا. شووشه‌ عه‌تر و ماشین حیسابه‌كه‌ی خسته‌ كیفه‌كه‌یه‌وه‌ و دوو ماشێن حیسابه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر میزی ئاوێنه‌ی دانا بۆ پێش‌خزمه‌ته‌كان.
له‌ ئاوێنه‌ی ئاسانسۆڕه‌كه‌ له‌ خۆی روانی. ماشین له‌ به‌ر درگا راوه‌ستا بوو. گوتی: "ئێستا دێم. "دوایه‌ رۆیشت هه‌تا پووڵی هوتێل بدا.

زستانی 70
سه‌رچاوه‌: تمام زمستان مرا گرم كن، علی خدایی، نشر مركز، چاپ دوم، 1379






این صفحه را در گوگل محبوب کنید

[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[مشاهده در: www.p30city.net]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 562]

bt

اضافه شدن مطلب/حذف مطلب




-


گوناگون
پربازدیدترینها
طراحی وب>


صفحه اول | تمام مطالب | RSS | ارتباط با ما
1390© تمامی حقوق این سایت متعلق به سایت واضح می باشد.
این سایت در ستاد ساماندهی وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی ثبت شده است و پیرو قوانین جمهوری اسلامی ایران می باشد. لطفا در صورت برخورد با مطالب و صفحات خلاف قوانین در سایت آن را به ما اطلاع دهید
پایگاه خبری واضح کاری از شرکت طراحی سایت اینتن