واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: مانا و زمانی شێعری له شێعره‌كانی سه‌ید تاهیر هاشمیدا
محه‌ممه‌د ته‌ره‌غه
مانا و زمانی شێعری دوو شتی لێك جیاوازن كه له دوو خاڵی جیاوازه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌ره‌و مه‌به‌ست و ئامانجێك ڕێگه ده‌پێون. ئه‌م دوانه وه‌ك دوو باڵی كۆترێك وان كه هه‌ر كام بێ یه‌كتری له‌نگی و چه‌وتی ده‌خه‌نه هه‌ڵفڕینه‌وه. زمانی شێعری كه فۆڕمالیستهكانی ڕووس په‌ره‌یان پێدا و بیروڕای خۆیان له‌مه‌ڕ ئه‌م ڕه‌وته له شێعردا ده‌ربڕی، بریتییه له‌وه كه وشه شێعر پێكدێنێ نه باسوخواسی شاعیرانه. هه‌روه‌ها ئه‌و بۆچوونه‌شیان هه‌یه كه له شێعردا واژه كه‌ره‌سه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ فكر و ئه‌ندیشه نیه، به‌ڵكوو بۆخۆی ئه‌ساسێكی سه‌ربه‌خۆیه.
یاكوبینسكی ده‌ڵێ :
"له یاسای زمانی ڕۆژانه‌دا، زمان تایبه‌ته‌ن له پێناوی مه‌به‌ستێكی پێوه‌ندی گرتن و پڕاتیكیدایه. به‌ڵام زمانی شاعیرانه ئه‌و كۆتوبه‌نده ده‌پسێنێ و ئامانجی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، به‌مجۆره به لادان له خوو و ڕه‌وشتی زمانی پێوه‌ندی گرتن و دیاریكراو و پێوه‌ر، به سه‌ربه‌خۆیی ده‌گا.
بیرۆكه‌ی ئه‌م وتاره كه له‌مه‌ڕ شێعره‌كانی به‌ڕێز سه‌ید تاهیری هاشمیدایه، له ڕوانگه‌كانی زمانی شاعیرانه و ماناوه یاخود زمانی پێوه‌ندی گرتنه‌وه ده‌خرێنه به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه.
هێندێك تایبه‌تمه‌ندی له شێعره‌كانی سه‌ید تاهیردا هه‌ن، وه‌ك به‌یان كردنی ده‌ردی دووری و جودایی، به‌ڵام به زمانێكی ناسك و شیرین، هه‌روه‌ها یه‌ك بوونی ڕواڵه‌ت و ناوه‌وه‌ی شێعر (ساده و ساكاری) له زۆربه‌ی شێعره‌كانیدا و به‌گشتی بارودۆخی سه‌رده‌می ژیانی شاعیر، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یان بۆ ڕه‌خساند كه هه‌وێن و مایه‌ی شێعركانی بچنه قالب و شێوازی ڕۆمانتیسمی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
خاڵی خووبان له میسكه یا عه‌نبه‌ر
چیه تاهیر كه سووره خاڵی وه‌ته‌ن
شێعری نیشتمانپه‌روه‌ری كه له خانییه‌وه ده‌ستی پێكرد، حاجی قادری كۆیی به‌ره‌و لووتكه‌ی هه‌ڵكشاند و به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یاند. ئه‌م خاڵه ئێستاش له شێعری شاعیران‌دا هه‌ر به‌هێزه و له‌گه‌ڵ ئه‌وین و دڵداری، دوو باسی سه‌ره‌كی شێعری شاعیرانن. شێعری سه‌ید تاهیریش له‌م خاڵانه بێبه‌ش نه‌بووه.
به‌تایبه‌ت كه‌شوهه‌وای ده‌یه‌كانی چل و په‌نجا كه ڕه‌وتێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران‌دا له ئارادا بووه. ئه‌م هاڵۆزی و ده‌رد و ناڵه‌یه له شێعره‌كانیدا ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌ی كه ڕۆژی شه‌وه و شه‌وی بێئهمانه، شیرینی حه‌یاتی تاڵه و بۆ تیری غه‌م بۆته نیشانه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئه‌و ساتی گه‌له‌كه‌یه‌تی. بێشك شاعیر ئاوێنه‌ی باڵانوێنی گه‌له‌كه‌ی و ئاوێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مێژووه. بێ هۆ نیه كه یاره‌كه‌ی ڕه‌نگی ڕۆژگاری گرتووه و ئاوێنه‌ی خاتری گه‌رد و غوباری لێنێشتووه. ئه‌م هۆگهله ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ، شوێنیان له سه‌ر شاعیر داناوه كه شێعره‌كانی له شێوازی ڕۆمانتیسی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵێ و له شێوازی فۆڕمالیستی ماوه بگرن. به‌ڵام جوان ده‌ربڕین و ئارایشتی ڕواڵه‌تی شێعره‌كانی، توانیویانه تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌م بۆشاییه پڕ بكهنهره.
شێعره‌كانی ئه‌و هاوار و بانگه‌وازن و ته‌ژی ئه‌ندیشه‌ی مه‌رگن كه به خولوگهڕی پارادۆكسی بۆچوونێكی تایبه‌ت بۆ ژیان دێنه ئاراوه، هه‌روه‌ها بایه‌خدان به جوانی سروشت، كه‌ڵك وه‌رگرتن له نماد و ته‌مسیلی جوان، باسی دڵداری، نیشتمانپه‌روه‌ری، بێزار بوون له دووڕوویی، غه‌واره‌یی و له هه‌موان گرینگتر باسی عیرفان كه جێیه‌كی تایبه‌تی له شێعركانیدا هه‌یه، سه‌ید تاهیریان كردۆته شاعیرێكی سه‌ربه‌خۆ و ڕاسته‌قینه. هه‌روه‌ها باس له ده‌رد و ڕه‌نجی زه‌مانه كه سه‌ید تاهیر شاعیرێكه به‌رده‌وام ئه‌وانه ده‌گه‌ڵ خۆی و خوێنه‌ر دێنێته باس كردن. به‌ڵام ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویستانه، كه ناڕاسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به مێهر و خۆشه‌ویستی ئه‌و ده‌بین.
كهچنهزهر دوغڵ و ده‌غه‌ڵ میسلی یه‌كن لاكن به ده‌نگ
مهعنییان فه‌رقی هه‌یه دوور و درێژ وه‌ك ئاب و سه‌نگ
گیانه‌كه‌م دوغڵم نویسا نه‌ك ده‌غه‌ڵ عاجز مه‌به
قه‌سدی من شۆخی گوزه‌شته و، دڵ مه‌هێنه تۆ به ته‌نگ
تۆ دهغهڵبازیت له‌گه‌ڵ من نه‌بووه غه‌یری ڕاستی
ڕوو له تۆ چهرخاندنم نابێ ئه‌گه‌ر لێم ده‌ی خه‌ده‌نگ
كاكه گیانا گه‌ر ده‌پرسی تا كه دوغڵیت بۆ بڵێم
دی لهمهولافهرق بخه‌ی دوغڵ و ده‌غه‌ڵ بێ قال و جه‌نگ
ئه‌م شێعره كه به‌ڕێز سه‌ید تاهیر بۆ خوالێخۆشبوو شێخ محێدینی ئامۆزای نووسیوه، زمانی شێعری له پێناو مانادا گیانی خۆی به‌خت كردووه. له‌م شێعره‌دا هیچ ئاڵوگۆڕێكی زمانی شاعیرانه‌ی تێدا به‌دی نه‌هاتووه. كه‌وا بوو ده‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی جارێك، جگه له مانا، هیچ شتێكی تری نامێنێته‌وه، له‌م شێعره‌دا وه‌ك قسه كردنێكی ئاسایی، زمان بێده‌نگه، به‌جێی ئه‌وه‌ی كه زمانی شاعیرانه خۆی بێته قسه كردن، ئه‌وه خوێنه‌ره دێته قسه كردن، چونكه شاعیر له‌م شێعره‌دا ته‌نیا و ته‌نیا له دووی مه‌به‌ستی خۆیه‌تی. هه‌روه‌ها بارودۆخی وشه‌كان جۆرێك هاتوونه ئاراوه كه پڕ به قالبی خۆیان، جێگه‌یان نه‌گرتووه، به جۆرێ ئه‌گه‌ر له‌م شێعره‌دا به سه‌ر وهزندا باز بده‌ین، وشه‌كانیش شاش و واش و بێوه‌زن و ئاهه‌نگ ده‌بینین. ئه‌وه هه‌مان زه‌بوونی زمانی شاعیرانه‌یه، بۆیه له‌م شێعردا ئه‌وه‌نده تووشی تێداچوون هاتووه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه شێوازێكی تایبه‌ت به سه‌ید تاهیر نیه. شاعیرانی پێش وی و هاوچه‌رخی ویش تووشی ئه‌و زه‌بوونی زمانییه هاتوون. سه‌رنج بده‌نه ئه‌م تاریفه‌ی مامۆستا حه‌قیقی كه بۆ شاری بۆكانی نووسیوه!
بووكی شارانه، شاری بۆكانێ
كانی زێڕینه گه‌وهه‌ری كانێ
دیمه‌نه، چیمه‌نه، چه‌مه، باغه
خوار سه‌قز، ڕۆژهه‌ڵاتی سابڵاغه
سه‌ددی زێڕینه، ڕووده لای شه‌رقی
بۆ شیمال ڕوو كه میاندواو و به‌رقی
له هه‌مووی ئه‌وانه‌ی باسمان لێ‌كردن، زمانی شێعری له پێناو مانادا ئه‌وه‌نده تووشی سه‌رلێشێواوی هاتووه كه ده‌توانین نه وه‌ك شێعر به‌ڵكوو وه‌ك شتێكی مه‌وزوون سه‌یری بكه‌ین. به‌ڵام شاعیر له زۆر جێ‌دا و به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو توانیویه‌تی به ده‌نگدانه‌وه‌ی بیر و ئه‌ندیشه‌ی ناسك و زوڵاڵ له شێعره‌كانیدا ڕواڵه‌تێكی جوانیان پێ ببه‌خشێ.
ئه‌و زولفه تا له سه‌ر ڕۆخی ئه‌و سایه‌بانی گرت
ون بوو هه‌تاو و سێبه‌ری خه‌ڵقی جیهانی گرت
ئه‌و ڕوومه‌ته كه خێوه‌تی هه‌ڵدا له گوڵشه‌نا
فه‌سڵی به‌هاری لالهعوزاران خه‌زانی گرت
چاوی ئه‌تۆ بوو ئاگری پیلانی ههڵگڕاند
شمشێری تیژی هانی و تیر و كه‌مانی گرت
دڵ ویستی ته‌ركی فێڵ و فه‌نی واعیزان بكات
پیاوانه هات و دامه‌نی پیری موغانی گرت
ئه‌و عاشقه كه كۆیی خه‌راباتی كرده شوێن
بۆخۆی له سوور و شینی دوو عاله‌م ئه‌مانی گرت
سه‌یری فه‌له‌ك به چاوی بچووكی ده‌كا ئه‌وه‌ی
له‌و ئاستانه پاكه له بۆ خۆی مه‌كانی گرت
تاهیر ئه‌وه‌نده ناسك و خۆشه كهلامهكهت
هه‌ر كه‌س كه بیستی و دڵی پێدا گیانی گرت
له‌م شێعره‌دا ئێمه شاهیدی ئه‌وه‌ین كه زمانی شاعیرانه فیدای مانا بووه. به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیر و ئه‌ندیشه‌ی ناسك توانیوێتی شێعره‌كه له مانایه‌كی ویشك و خاڵی بپارێزێ و ڕواڵه‌تی شێعری به خۆیه‌وه بگرێ.
چوارده ساڵه هیوای وه‌سڵی باڵات
خه‌یاڵ و وێردی تا ئێستا مه‌هانا
ئه‌م غه‌زه‌له كه به‌و به‌یته ده‌ست پێده‌كا:
له ده‌ردی جه‌ور و غه‌م هانا مه‌هانا
له هیجری دڵبه‌ری بێتامه هانا
نیشان ده‌دا كه شاعیر سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ی كه تێدا بووه. كه‌مته‌ر خه‌م نه‌بووه. به‌ڵكوو ئه‌و زرووف و هه‌لومه‌رجانه شوێنی تایبه‌تیان خستۆته سه‌ر ژیانی شاعیرانه‌ی سه‌ید تاهیر. ئه‌گه‌ر چاو له مێژووی ئه‌م شێعره بكه‌ین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1344ی هه‌تاوی. دروست به‌رانبه‌ره ده‌گه‌ڵ گرینگ‌ترین مێژووی ئێران. ئه‌و ئاڵ‌و گۆڕانه‌ی كه دوای 28ی گه‌لاوێژ هاتنه ئاراوه. شاعیر له‌م شێعره‌دا به نماد و ته‌مسیلی تایبه‌ت، ئه‌و ڕووداوانه باس ده‌كا و له كه‌مته‌مه‌نی ئه‌و ڕه‌وته شۆرشگێڕانه‌یه و له هیجری یاری بێهاوتای كه به‌ڕاستی هه‌ر وابوو، هانا و هاوارێتی. ئه‌و له ساڵی 1344 هه‌تاوی دوای 14 ساڵ ئێستا هیوای وه‌سڵی باڵای دڵدارهكهیهتی و ئه‌و باسوخواسه وێرد و زه‌مزه‌مه‌ی سه‌ر زارێتی. ئه‌م بارودۆخانه ئه‌وه‌نده له لای شاعیر به‌رجه‌سته بوون، به ڕاشكاوی له چه‌ندین شوێن باسیان ده‌كا و ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یه‌كانی 30ی هه‌تاوی:
خۆم له بیرم نایه تێكچوو حاڵی پڵمژراوی من
وه‌ك خه‌یاته‌ی زولفی دولبه‌ر، وه‌ك شه‌وی عوششاقی خام
هه‌روه‌ك له پێشدا ئاماژه‌مان پێكرد، مانا و زمانی شێعری به یه‌كه‌وه ده‌توانن شێعری هه‌رمان بخوڵقێنن، مانای جۆراوجۆر بگه‌یه‌نن، ڕۆلان بارت گوته‌نی: "ڕازی مانه‌وه‌ی زمانی شاعیرانه ئه‌وه‌یه كه ئیلهامبه‌خشی مانا گه‌لی جۆراوجۆر به خوێنه‌ر بدا." هه‌روه‌ها ئاماژه‌شمان به‌وه كرد كه شێعره‌كانی به‌ڕێز سه‌ید تاهیر زۆرتر له جه‌غزی مانادا ده‌خولێنه‌وه تا زمانی شاعیرانه، به‌ڵام هێندێك تایبه‌تمه‌ندی كه ئه‌ویان كردۆته شاعیرێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و گۆڕان و ڕهنگاوڕهنگییهیه كه له شێعره‌كانیدا به‌دی ده‌كرێ. له‌م به‌یته غه‌زه‌له‌ی سه‌ره‌وه‌دا زمانی شێعری تا ڕاده‌یه‌ك هاتۆته سه‌ر و شانی له شانی مانا نزیك كردۆته‌وه.
له زمانی شاعیرانه‌دا وشه‌كان بۆ به‌یان كردنێكی ویشك و خاڵی خۆ به ده‌سته‌وه ناده‌ن به قه‌ولی ڕیتسووس ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه نایه‌نه ڕواڵه‌ت، مانا به خۆوه ده‌گرن. كه‌وابوو له دژی تایبه‌تمه‌ندێكانی زمانی ڕۆژانه كه زمانێكی كاتییه، ڕاده‌په‌ڕن له مه‌یدانی زمانی شاعیرانه‌دا وه‌ك پێشه‌نگی ڕه‌وتی شێعری كلاسیك ده‌توانین سه‌یری نالی بكه‌ین:
هه‌ناسه‌م زولفه‌كه‌ی لادا و مه‌یلێكی نه‌كرد چاوی
نه‌سیم ئه‌نگووت و شه‌و ڕابورد و نه‌رگس هه‌ر له خه‌ودایه
له‌م شێعره‌دا، زمانێكی پوخت و پاراو له ئارادایه، هه‌روه‌ها دووپات بوونه‌وه‌ی پیتی (ئ) له شێعرهكهدا پتهوێكی بێوێنه‌یان به شێعره‌كه به‌خشیووه.
ئاماژه بهدیعییهكان ( اشارههای بدیعی) كه نالی له لای یه‌ك ڕیزی كردوون، پێوه‌ندێكی پته‌ویان له نێوان زولف و چاودا هه‌یه. هه‌روه‌ها به دیتنی زولف ناڕاسته‌وخۆ وه بیر شه‌و ده‌كه‌وینه‌وه. پێوه‌ندی نێوان مانا و زمانی شێعری ئه‌وه‌نده قایمهكه به حه‌سته‌م ده‌توانین مه‌رزێكی تایبه‌تییان بۆ دابنێن و لابردنییهكیان به مانای زه‌بوون كردنی ئه‌وی تریانه. یا له‌و به‌یته شێعره‌ی سهیدتاهیردا:
مه‌گه‌ر سروه‌ی نه‌سیمی سوبحده‌م زهنجیرله پێ داما
كه خایب له‌و دوو زولفه و بێده‌ماخ له‌و عهنبهرهی كردم
ڕیچارد هاواڕد له وتاری " له به‌ستێنی شێعر و ڕاز و ڕه‌مزی شێعر"دا ده‌ڵێ:
"ئاشكرایه كه كتێبی موقه‌دده‌س بۆچی پڕفرۆش‌ترین كتێبی دنیایه. هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كتێبه ڕاز و ڕه‌مزی له خوێدا حه‌شار داوه. چونكه له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كیدا، له هه‌ر ڕستهیهكیدا، ئاماژه بۆ شتێك ده‌كا. هانمان ده‌دا و ئه‌فسووناویمان ده‌كا."
به‌ڵێ گه‌ر ئێستا بڵێین ئه‌م به‌یته شێعره‌ی به‌ڕێز سه‌ید تاهیر ئه‌فسووناوی كردووین، خستووینه شك و گومانه‌وه و بۆ لای خۆی هانمان ده‌دا، ڕاستمان گوتووه، زمانی شێعری ده‌گه‌ڵ مانا شان له شانی یه‌كتر ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئێستا به سه‌ر وهزنیشدا باز بده‌ین وشه‌كان خۆیان ئاههنگدارن، جوانی خۆیان هه‌ر ده‌پاڕێزن. هه‌روا به ڕاحه‌تی ناتوانین مانا و زمانی شێعری لێك جیا كه‌ینه‌وه. كلیلی ڕازی شێعر له ناوه‌وه‌ی خۆیدایه نه له كاكڵ و ده‌روه‌ی دا.
ئه‌م وته جوانه‌ی عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لبه‌یاتی ئه‌م به‌یته ناسكه‌ی سه‌ید تاهیرم دێنیته‌وه یاد كه ده‌ڵێ:
تاتایه تا به ده‌م شنه‌ی باوه زولفه‌كه‌ت
یاران چ چاره كه‌م سه‌ری هه‌ڵدا سه‌ری به‌ڵا
له‌م شێعره‌دا زمانی شاعیرانه به سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتووه.
خۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڵمان ده‌دوێ. منی خوێنه‌ر بۆ لای خۆی هان ده‌دا و جار ده‌گه‌ڵ جار ئاسۆی ڕوونی خۆی زیاتر بۆ لامان ده‌كاته‌وه. به‌گشتی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌رمانی به خۆیه‌وه گرتووه. هه‌ركات شێعر گه‌یشته ئه‌م قۆناخه، ڕزگاری خۆی وه ده‌ست هێنا و له دژی یاساكانی زمانی پڕاتیكی ڕاپه‌ڕی، هه‌ر به ته‌نیا زمانی به‌یان كردن و ئامانج و مه‌به‌ست نه‌بوو، ئه‌و ده‌مه ئیتر ده‌گه‌ڕێته‌وه گه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و به جێی ئه‌وه‌ی كه زمان بێته نێو جیهانه‌وه، ئه‌وه جیهانه كه دێته نێو زمانه‌وه، به‌ڵێ:
عاشقی په‌روانه ئاسا، سا له كوێ هه‌وڵی سه‌ره
به‌ندی ده‌م شه‌م وه‌ك كه‌مه‌ندی گه‌ردنی بای سهڕسهڕه
ڕۆژ له چاوانی سه‌مه‌نده‌ر دێ به تیشكی شۆڵهكهی
وه‌رنه سه‌یری پهروانهكهی من، هه‌وڵی بۆ باڵ و په‌ڕه
سه‌رچاوه‌كان:
1ـ هه‌وارگه‌ی دڵان، سه‌ید تاهیر هاشمی.
2ـ دیوانی مامۆستا حه‌قیقی.
3ـ گۆڤاری "نیستان"، شماره 19.
4ـ هه‌فته‌نامه‌ی "عڵر پنجشنبه"، شماره 5 و6.
5ـ گۆڤاری "شعر"، ژماره 26.
6ـ دیوانی نالی
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 284]