واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: نهورۆزو نیشانه‌ناسی ئاور
قه‌ره‌نی ئه‌حمه‌د ئاغایی-پیرانشار
فه‌لسه‌فه‌ی زاتی كۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه ئێمه له جیهانی زماندا ده‌ژین كه ئه‌وه‌ش خاڵی سه‌ره‌كیی جیاوازیی نێوان مرۆرڤ و بوونه‌وه‌ره‌كانی تره، مرۆڤه‌كان به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو گیانله‌به‌رانی تر له رێگه‌ی زمانه‌وه بیر ده‌كه‌نه‌وه و له ته‌ك دیارده‌كان و له ته‌ك یه‌كتر دا په‌یوه‌ندی سازده‌كه‌ن. جا ئه‌و زمانه چ زمانی نووسین بێ چ زمانی ئاخافتن یان داب نه‌ریت و بۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ... هتد.
نه‌ورۆز و چوارشه‌ممه‌سووری له په‌نا شایی، شین، شێوه‌ی جل وبه‌رگ له‌به‌ركردن و شێوه‌ی نان خواردن و ... كه هه‌ر یه‌كه‌و زمانێكی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، به‌شێكن له زمانی بۆنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه كۆمه‌ڵێك نیشانه‌یان گرتۆته خۆ. ئاور یه‌كێك له‌و نیشانانه‌یه كه له رێگه‌ی ئوستوورهیهكهوه به‌رهه‌م هاتووه يا لانیكه‌م ده‌لاله‌ته‌كانی له ژێر كارتێكردنی ئوستوورهیهكهوه ـ كه دواتر باسی ده‌كه‌ین ـ ره‌نگ و بۆیه‌كی تایبه‌تیان به‌خۆوه گرتووه. هه‌ڵبه‌ت ئاور به‌ر له‌وه‌ی كه ئوستووره بۆ سه‌پاندنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بیكا به ره‌مز و نیشانه ، له زاتی خۆی دا كۆمه‌ڵێك تايبه‌تمه‌ندی ره‌مزی و نمادينی هه‌يه، ئه‌و تايبهتمهندييانهش تايبه‌تمه‌ندی هه‌ر چوار ماكه‌ی سه‌ره‌كی:"ئاو، ئاور ، خاك و با" یه كه هاوكات دوو دژ ده‌گرنه خۆیان. بۆ نموونه ئاور له په‌نا ئه‌وه‌ی دا ده‌توانێ هه‌موو شتێك بسووتێنێ و بیكا به خه‌ڵووز، سه‌رچاوه‌ی وزه و هه‌وێنی به‌رهه‌م هێنانی ئامراز گه‌لێكی له چه‌شنی ئاسنه كه بنه‌ماكانی پێشكه‌وتنی مرۆڤیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه.
كوتمان كه ئاور جگه له‌وه‌ی كه له زاتی خۆی دا كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی ره‌مزی و نمادینی هه‌یه، ئوستووره‌ش ده‌یكا به نیشانه و ره‌مز. بۆ تێبینی ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ كه هه‌ر چه‌ند له‌م نووسراوه‌یه‌دا ئوستووره وه‌ك دیرۆكی قاره‌مان و خواكان به‌پێی پێویست ئاوڕی لێده‌درێته‌وه، به‌ڵام مه‌به‌ستی ئێمه له ئوستووره له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ك دامه‌زاوه كه "بارت" له ئوستووره كردوویه‌تی. "بارت" ده‌ڵێ: ئوستووره، ئایدیۆلۆژیای زاڵی سه‌رده‌میانه‌یه كه زۆرجار له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران به مه‌به‌ستی مانه‌وه و به‌رده‌وام بوونیان ساز ده‌كرێن، ئێستا ره‌نگه پرسیارێكیش هه‌ر ئه‌وه بێ كه ئوستووره به چ شێوه‌یه‌ك و چۆن به‌رهه‌م دێ؟ بۆ وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره جارێكی تر ده‌گه‌ڕێینه‌وه لای زمان كه ئوستووره‌كان له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه نیشانه‌كان و ره‌مزه‌كان به مه‌به‌ستی پشتیوانی و زیندوو راگرتنی خۆیان ده‌ئافرێنن،كه‌واته پرۆسه‌ی ئافراندنی ئوستووره له نێو زماندا روو ده‌دا یا به وته‌یه‌كی تر، نیشانه‌كان به‌شێكن له زمان، ئوستووره ده‌خزێته نێو زمان و نیشانه‌كان له دوولایه‌نی ده‌لاله‌ت(راسته‌وخۆ و شاراوه) نێو ئاخن ده‌كا، ئه‌وسا له رێگه‌ی تێكه‌ڵ كردنی دوو لایه‌نی راسته‌وخۆ یا رووبه‌ڕوو و شاراوه، نیشانه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێ كه ئوستووره جێگیر ده‌كا و به‌رده‌وام به‌رهه‌می دێنێته‌وه. له لايه‌كی ديكه‌وه هۆی ديسان به‌رهه‌م هاتنه‌وه‌ی ئوستوره له لايه‌ن كۆمه‌ڵگاوه له دوو لایه‌نی ده‌لاله‌تی نیشانه‌كان گرێ دراوه كه كۆمه‌ڵگا ده‌لاله‌تی راسته‌وخۆیه كه وشیارانه و ده‌لاله‌ته شاراوه‌كه ناوشیارانه وه‌رده‌گرێ تا ئوستووره به ته‌واوه‌تی ده‌روونی بكرێ. ده‌روونی كردنی ئوستووه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه واته ژیان و زیندوومانی ئوستووره كه پرۆسه‌یه‌كی ورد و سه‌رنج راكێشه و له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری و باسی لێده‌كه‌ین. ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌پێی ئه‌وه‌ی كه تا ئێره باسی لێكرا، واته له نێو نیزامی زمانی نه‌ورۆز و چوارشه‌ممه سوورییه‌وه بڕوانینه ئاور ده‌بینین نیشانه‌یه‌ك كه له رێگه‌ی ئوستووره‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر له دوو لایه‌نی ده‌لاله‌تی نێو ئاخن ده‌كرێ. كه ئه‌و دوو دهلالهتهش له رێگه‌ی ئوستووره و لێره‌وه له رێگه‌ی ئوستووره‌ی كاوه‌وه به‌رهه‌م دێن و هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌كرێن.كاوه ته‌خت و تاجی زوحاك تێكدهڕِمێنێ، ده‌سه‌ڵات له زوحاك ده‌ستێنێته‌وه و ده‌یداته فه‌ره‌یدوون كه به هه‌ڵكردنی ئاور و جێژن گرتن له ده‌روی ، ئاور ده‌بێ به ره‌مزێك كه ئه‌و رووداوه به ته‌واوی له نێو خۆی دا جێ ده‌كاته‌وه، ئاور ده‌بێ به نیشانه‌یه‌ك كه ده‌لاله‌ته راسته‌و خۆیهكهی تێك شكانی زوڵم وزۆریی ده‌سه‌ڵاتداران و حكوومه‌ت كردنی خه‌ڵك به‌سه‌ر خه‌ڵك دایه و ده‌لاله‌ته شاراوهكهشی ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی پاشایه‌تی حكوومه‌تی خه‌ڵكه و ئاڵای شاهه‌نشاهی ئاڵای هه‌مووانه. بۆ تێبینی پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێ كه ئه‌م رووداوه چ رووداوێكی مێژوویی بێ و چ ئه‌فسانه یان حه‌قایه‌تێك بۆ دهربڕِین و مانابه‌خشی به نهورۆزـ كه ساغ كردنه‌وه‌ی هیچ كامیان مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره نیهـ ئوستووره‌یه كه ئاور ده‌كا به نیشانه‌یه‌ك كه ده‌لاله‌ته شاراوه‌كه‌ی رێزگرتن له ده‌سه‌ڵاته،جا بگره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته با ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌وسێنه‌ریش بێ. ئه‌مه هه‌ر چه‌نده خه‌سارێكی گه‌وره‌یه كه ئوستووره به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای داده‌سه‌پێنێ و كۆمه‌ڵگایه‌كی خه‌سیو به‌رهه‌م دێنێ به‌ڵام خه‌ساری له‌و گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا هه‌موو ساڵێ و له هه‌موو سه‌ر ده‌مێك دا له رێگه‌ی زمانی نه‌ورۆز و چوارشه‌ممه سورییه‌وه جارێكی تر ئه‌و ئوستووره‌یه به‌رهه‌م دێنێته‌وه.
ئه‌و شێوه روانینه له ئاور، له نیشانه ناسی مێژوویی ئاورمان نێزیك ده‌كاته‌وه و سه‌رنجمان بۆ ئه‌م لایه‌نه راده‌كێشێ كه چۆن ئوستووره‌كان له لایه‌ن دسهڵاتدارانهوه ساز ده‌كرێن و تا تێكڕِمانی نیزامی زمانی تایبه‌ت به خۆیان واته ئه‌و نیزامه‌ی نیشانه‌كانی تێدا به‌رهه‌م دێن، زیندوو ده‌مێنن، هه‌رچه‌ند ئێمه ناتوانین نكۆڵی له‌وه بكه‌ین، به‌ڵام ناتوانین حاشا له‌وه‌ش بكه‌ین كه زۆر جار بێ گۆڕِینی نیزامی زمانیی ده‌كرێ جێگوڕكێ به نيشانه‌كان بكه‌ين يا ده‌لاله‌ته‌كانی نيشانه بگوڕین. ئه‌وه‌ی ئاشكرا بێ ئه‌وه‌يه: كه نه‌ورۆز هه‌ر به قووه‌تی خۆی بوونی هه‌یه و جێگۆڕِكێ و گۆڕینی نیشانه‌ی ئاور به نیشانهیهكیتری وه‌ك سفره‌ی حه‌وت سین له كۆمه‌ڵگای كوردهواری دا نه‌كراوه و حه‌ول و ته‌قه‌للای به‌ڕێوه‌به‌رانی نه‌ورۆز نه‌یتوانیوه ئاور وه‌ك نیشانه‌یه‌كی به‌توانا له نێو ئه‌و زمانه بسڕِنهوه. سهرهڕِای ئه‌وه‌ش هێندێك رووداوی جۆراوجۆر له چاخی هاوچه‌رخ دا تا رِادهیهك گۆڕِانكارییان به‌سه‌ر ده‌لاله‌ته‌كانی ئاوردا هێناوه كه ئه‌وه‌ش به ئوستوورهیهكهوه به‌ستراوه‌ته‌وه كه خه‌ریكه له لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه ئاراسته ده‌كرێ.
هه‌ڵكردنی ئاور له رۆژانێك جگه له رۆژی نه‌ورۆز و به‌تایبه‌ت له لایه‌ن كۆمه‌ڵگای كوردهواری و له چوارچێوه‌ی ئێران دا كۆمه‌ڵێك ره‌مز و لایه‌نی مانایی تازه‌ی خستۆته سه‌ر شانی ئاور، سه‌ره‌كی ترین ره‌مز، هه‌ڵكردنی ئاور به دزیه‌وه و له‌سه‌ر كێوه به‌رزه‌كانه كه ده‌كرێ وه‌ك كردهوهویهكی پڕۆمتهیی چاوی لێ بكرێ. كرده‌وه‌ی پڕۆمته وه‌ك راگوێستنی ئاور له ده‌ست زێئووس خوای خواكانه‌وه بۆ مرۆڤ، كرده‌وه‌یه‌كه كه به شێوه‌یه‌كی ره‌مزی باس له راگوێستنی ده‌سه‌ڵات ده‌كا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه له شێوه‌ی پڕۆمته و به دزییه‌وه ده‌چێ ئاور ده‌كاته‌وه، خه‌ریكه ئاور ده‌كاته نیشانه‌یه‌ك كه ده‌لاله‌ته شاراوه‌كه‌ی راگوێستنی ده‌سه‌ڵاته.
تا ئێره‌ی باسه‌كه ، ئێمه دوو ئوستوورهمان له به‌رامبه‌ری يه‌كتر دانان؛ ئوستووره‌ی كاوه و ئوستووره‌ی پڕۆمته. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش كرا كه ئايديولوژيای زالی سه‌رده‌می كوردهواری خه‌ريكه له ئوستورهي پڕۆمته دا خۆ وه‌ده‌ر ده‌خات و به‌رهه‌م دێنێته‌وه ، لێره‌دا بۆ هه‌رچی زیاتر روون بوونه‌وه‌ی باسه‌که له نیشانه‌ناسی تایبه‌ت به باشلا‌ر که‌ڵک وه‌رده‌گرین ئه‌ویش ته‌نیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته که بتوانین چه‌ند پرسیارێک زه‌ق که‌ینه‌وه.
گاستۆن باشلا‌ر له کتێبی ده‌رونشیکاری ئاوردا گرێیه‌ک به نێوی گرێی پڕۆمته نێو ده‌بات، ئه‌و باس له منداڵێک ده‌کات که چه‌خماخ یا شقارته‌یه‌ک ده‌دزێ تا بچێت له په‌نا و په‌سیوێک و به‌دزی ئاور دابگیرسێنێ، ئه‌و دیارده‌یه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له گونده‌کانی کوردستان ژیابن دیارده‌یه‌کی ئاشنایه و بێگومان دیتویانه که چۆن گیشه و کادێنهکان ده‌بن به خه‌ڵووز.
باشلا‌ر ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی منداڵ به دهربڕینیێکی نمادین و ره‌مزی ده‌ژمێرێ، واته منداڵ له‌رێگه‌ی هه‌ڵکردنی ئاور ده‌یهه‌وێ ئه‌وه به باوکی (که هێمای ده‌سه‌ڵاته) بسه‌لمێنێ که منیش به ئه‌قڵانیه‌ت گه‌یشتووم و پێویستیم به‌سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه و ده‌توانم سه‌ربه‌خۆ بم، ئه‌رێ ئه‌وه ویستی ئه‌و که‌سانه‌ش نییه که له لووتکه‌کان ئاور داده‌گیرسێنن؟ئه‌رێ سازکردنه‌وه‌ی ئوستووره‌یه‌ک له‌سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌کی پڕۆمته ئاوری نه‌کردووه به نیشانه‌یه‌ک که ده‌لاله‌ته شاراوه‌که‌ی راگوێستنی ده‌سه‌ڵات بێت؟
ئه‌رێ ئه‌م شێوه مامڵه‌کردنه له ته‌ک ئاور لانی که‌م ناتوانێ به‌رگری له به‌رهه‌م هاتنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌کی داگیر بکات؟
ره‌نگه ئێستا خوێنه‌ریش له ته‌ک ئێمه هاوده‌نگ بێت که زمان چه‌قی به‌رهه‌م هاتنه‌وه‌ی گوتاری ئوستووره‌یه‌کی له چه‌شنی کاوه‌یه، به‌و مانایه که گۆڕینی نیشانه له لایه‌ک و تێک ڕماندنی نیزامی زمانی له لایه‌کی دیکه‌وه له پێ خستنی ئوستووره و بونیات نانه‌وه‌ی سیستمێکی فکری تازه‌یه که ئه‌وه‌ش له خۆی دا بنه‌مایه‌که بۆ به‌رهه‌م هاتن و سه‌قامگیر بوونی نیزامێکی زمانی تازه، واته ئاڵوێر (تعامل)ی به‌رده‌وام له نێوان فکر و زمان ده‌رفه‌تێکه بۆ مرۆڤ تا رێسا چه‌وسێنه‌ره‌کانی ئایدیۆلۆژیا وێران بکا، که هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه پێویستی به‌وه هه‌یه که له ده‌روونی کردنی ئوستووره به هه‌موو نیشانه‌کانی به‌رگری بکه‌ین که ئه‌وه‌ش بێ لێکدانه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ده‌روونی کردنی ئوستووره کارێکی دژواره.
فرۆید پێکهاته‌یه‌کی فه‌ڕزی بۆ زه‌ین داده‌ڕێژێ که له سێ به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتووه، ئید(id) یا سه‌رچاوه و کانگای غه‌ریزه، ئیگۆ(ego) یا خود، سوپێرئیگۆ یا ئه‌و په‌ڕی خود، ئید هه‌ر وه‌ک وترا کانگای ویسته غهریزییهکانه،سوپێرئیگۆش له بایخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به گشتی له ئایدیۆلۆژیا که هه‌ڵگری کۆمه‌ڵیک بابه‌تی وه‌ک ده‌بێ ئه‌وه‌ی بکه‌ی و ئه‌وه‌ی نه‌که‌ی پێک هاتووه ، له‌و نێوه دا خود رۆڵێکی گرینگی هه‌یه که ده‌بێ به له به‌ر چاوگرتنی راستییه‌کان له نێوان ویسته‌کانی غه‌ریزه و ویسته‌کانی ئایدۆلۆژی یا سوپێرئیگۆ هاوسه‌نگی پێک بێنێت ، جگه له‌وه‌ش له پێکهاته‌ی فڕۆید دا هاتووه که سێ به‌شه له سێ قۆناغی نه‌ست یا ناوشیار و نیوه‌وشیار و وشیار یا هه‌ست دا کاره‌کانی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 554]