واضح آرشیو وب فارسی:زریان: پایگاه خبری- تحلیلی زریان؛ «مصطفی ایلخانی زاده» مدیر مسئول موسسه آموزش زبان کردی و ادبیات کودکان ادب در یادداشتی از برگزار کنندگان همایش منطقه ای هیمن به شدت انتقاد کرد.متن کامل این یادداشت که به زبان کردی نوشته شده و دراختیار زریان قرار گرفته به شرح زیر است: دیارە ھێمن یەکێک لە شاعیران و نووسەران و تێکۆشەرانی بە ناوبانگی کوردە؛ ڕێزلێنان لەو کەسایەتییە گەورە و سازدانی فستیڤاڵ و ھەمایش بۆ ئەم بلیمەتە کارێکی زۆر پێویست و شایانی ڕێزە و قسەی لەسەر نییە. بەڵام لەبارەی بەڕێوە بردنەکەی من چەند قسەیەکم ھەیە و دەیخەمە بەرچاو و زەینی بیروڕای ڕووناکبیران و جەماوەری خەڵک 1- بانگەشە بۆ ئەو ھەمایشە بەربڵاو نەبووە و ماوەکەی کەم بوو. دەبوایە بەربڵاوتر و ماوەکەی زۆرتر بایە. 2- لەبارەی ھەڵبژاردنی وتار بۆ خوێندنەوە پێم وایە عەداڵەت ڕەچاو نەکراوە و ھەرچەند لە کۆڕەکەدا ڕاگەیاندرا کە ناوی خاوەنەکانی وتارمان قرتاندووە و ئینجا داومانە بە داوەران من پێم وایە ئەوە ڕاست نییە. چونکە بە داخەوە لە زۆربەی ئەو ھەمایش و کۆڕە ئەدەبییانەی کە لە ناوچەی ناسراو بە موکریان یانی شارەکانی بانە، سەقز، بۆکان، مەھاباد، سەڕدەشت، شنۆ و پیرانشار بەڕێوە دەچێ تاقمێکی دیار و دیاری کراو بەشێکیان داوەر و بەشێکیان و بە کورتی وتارخوێن ھەمەکارەن و ھەم پارە و حەقدەستی داوەری و ھەم خەڵاتی وتارەکان بۆ خۆیان و بە کەیفی خۆیان وەردەگرن و دەیبەخشن و دەیدەن بەم و بەو. بۆ وێنە ئەو تاقمە پاوان خوازە لە فستیڤاڵی بانەش ھەر وایان کرد. لێرەدا کەوانەیەک دەکەمەوە و باسێک لەو فستیڤاڵە دەکەم بەڕاستی باشیان کردە حاتەم بەخشی و وەک گوللە و بارووتی بایزئاغا لە کەنداڵیان ڕاکێشا. بە کتێبی لاسایی 15 ملیۆن جایزەیان بەخشی و زۆر کتێبی باشی دیکەیان خستە پەڕاوێز بۆ وێنە من کە دۆست و برادەری مامۆستا یۆنسی بووم و ھەستان و دانیشتنم لەگەڵی بوو، چەند جۆر لە کتێبەکانی خۆم بۆ ناردبوون کتێبەکانم ھەڵنەبژێردرا و باوەکوو دعوەتیش کرابووم تەنانەت پارەی کرێی ڕێشیان پێ نەدام و لە زۆر کەسی دیکەش ئەو زوڵمە کرا. (خودا لە ڕۆژی قیامەتدا بە حیسابیان ڕابگا). ئەوجار با بێینەوە سەرباسی فستیڤاڵی مامۆستا ھێمن. بەڕێوەبەری ئەم بەرنامە بنکەی ھونەری ئەدەبی موکریانی مەھاباد بوو؛ بەیارمەتیی ماڵی شووڕای شاری مەھاباد ئەم کارەی کردبوو. گۆیا پارەیەکی زۆریش بۆ ئەم کارە درابوو بەو ئەنجومەنە. دیارە لێرەش وەک فستیڤاڵی بانە تاقمێکی تایبەت ھەم داوەر بوون و ھەم بەڕێوەبەر و ھەم وتارخوێن. جگە لەوە وتاری دووکەس لە وتارخوێنان(ئاغایان ئەمجەد و ئەحمەد غوڵامی) کە لەو تاقمەن و لە ھەموو دیزان ئەسکوێن زیاتر خۆنواندن و ئیزھاری فەزل و مەعلوومات بوو. بۆ زۆربەی حازران مەفھووم نەبوو و ڕەبت و پێوەندییەکی زۆر کەمی بە مامۆستا ھێمن و ئاسەوارەکەیان بوو. لە ھەموو شتێک سەیرتر ھیچ ئاوڕێک نەدرابوو لەسەر لایەنەکانی ئینسانی و نەتەوایەتی و بنەماکانی ئاینی کە لەلایەن زۆربەی خەڵکی کورد ڕێزیان لێدەگیرێ. دەمڕاست و ھەمەکارەی ئەم کۆڕە (خانم) شەویار گولابی ئازەر بوو کە بەو شەدە و گێلگێلەی لێیان دابوو دەھاتن و دەچوون و فەخریان بەسەر زەمین و زەماندا دەفرۆشت. بۆشم دەرکەوت ئاغای قادر مورادی ڕەئیسی ئیدارەی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی کەس بە ڕبەی نەدەپێوا. وێنەی بەرچاو تەنگی و خۆ بە زل زانیی سەرکار شەدەلار ئەوەیە: جگە لەوەی من کە شاگرد و ھاواڵی مامۆستا ھێمن بووم و پێم وابوو وتارەکەم بۆ ئەوە دەبێ بخوێندرێتەوە ڕێگەی خوێندنەوەی پێ نەدرا ھیچ؛ لە سایەی بەرچاوتەنگی و خۆبەزل زانی بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵ بە تایبەت ئەو خانمە ئەوەیە- باوەکوو ئاغای مورادی پێیکوتبوون و خۆشم دەقی بانگەشەکەی فێرگەی زمانی کوردی و ئەدەبیاتی منداڵانی ئەدەب- بە ناوی (فراخوان ھمایش آسیب شناسی ادبیات کودکان و نوجوانان غرب کشور) بە پێشکەشکاری بەرنامەکە دا ئەوەش نەخوێندراوە. وێدەچێ خوێنەری ئەم وتارە بڵێ ڕەنگە بەڕێز خانم شەویار گولابی ئازەر تۆی نەناسیبێ، کە تەنانەت بەخێرھاتنێکی سادەشی نەکردبی. ئەوە وا نییە شەویار خانمی گولابی ئازەر من زۆر باش دەناسێ و تەنانەت دوو پارچە شیعری ئەم خانمە لە لاپەڕەکانی 91 و 92 و 93ی وەرزنامەی ژمارە2و3ی بەھار و ھاوینی 1390ناوەندی فێرکاری و فەرھەنگیی ئەدەب دا چاپمان کردوون و پێشکەشکاریش منیان دەناسی. ھیوادارم بەڕێوەبردنی کۆڕە فەرھەنگییەکانی ناوچەی موکریان لە چنگ ئەم باندە پانخوازە دەربێ و خاوەن لێھاتوویی و سەڵاحیەتی دیکەش بەشدارییان پێ بدرێ. پارەی ئەو میللەتە ھەژارە لەم شارە کوردنشینانە باشتر خەرج بکرێ بڕێک ترسی ڕۆژی پەسڵان و سەرکۆنەی ویژدان لەبەرچاو بگیرێ. مستەفا ئێلخانی زادە نووسەر و توێژەر و بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردی و ئەدەبیاتی منداڵانی ئەدەب بۆکان
چهارشنبه ، ۱۴مهر۱۳۹۵
[مشاهده متن کامل خبر]
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: زریان]
[مشاهده در: www.]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 31]