واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: چاهڕوانی سوپاس مهکه..
پیاوێك لە كەناری دەریایەكدا دانیشتبوو، دەیڕوانیە شەپۆلەكانیو چێژی لە تیشكە ئەرخەوانیەكەی خۆر وەردەگرت، لەو كاتەدا بینی منداڵێك لەو پەڕی بێ هیوایی دا لەگەڵا شەپۆلەكانی دەریاكە دەجەنگێو خەریكە رووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، ئەویش بەخێرایی خۆی هاویشتە ئامێزی دەریاكەو بەرەو پیری منداڵەكە چوو، تا گەیشتە لای منداڵەكەو باوەشی پێدا كردو بەرەوە كەناری دەریا كەمەندكێشی كردو لەسەر لمی كەنارەكە دایناو لە خنكان رزگاری كرد، هەرچەندە منداڵەكە بێ هۆشو تەواو شەكەتو ماندوو ببوو، فریاگوزارییە سەرەتاییەكانی بۆ ئەنجامدا تا هاتەوە هۆش خۆیو چاوەكانی هەڵ هێناو پاشان هەستاو دوور كەوتەوەو ئەو شوێنەی جێ هێشت، پاش ماوەیەك بینی منداڵەكە لەگەڵا ئافرەتێكدا بەرەو لای ئەو دێن، لە دڵی خۆیدا وتی:
بێ گومان ئەوە دایكییەتیو بۆ سوپاس كردنی هاتووە، چونكە كوڕەكەیم لە خنكان رزگار كردووە!
ئافرەتەكە نزیك بووەوەو لێی پرسی: تۆ كوڕەكەمت لە خنكان رزگار كرد؟
ئەویش بە خاكییەكەوە وتی:
بەڵێ خانم.
ئافرەتەكە وتی:
ئەو كاتژمێرەی لە دەستی دا بوو چی لێ هات؟!
بێ گومان هەموو لەم هەڵوێستە سەرسام دەبنو دەزانن ئەو پیاوە لەو كاتەدا چ هەستێكی ناخۆشی هەیە، لەبری سوپاسو پێزانینو دەستخۆشی لێكردن لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت!
لەوانەیە وا بیر بكەیتەوەو بڵێیت ئیتر هەرگیز ئەم پیاوە بیر لە یارمەتیدانی كەس ناكاتەوە، تۆ بڵێی ئەگەر ئەو رووداوە دووبارە ببێتەوە، ئەم كەسە هەمان هەڵوێستی ببێت؟
بێگومان لای مرۆڤی چاكەكارو خۆ نەویست، وەڵامەكەی بەڵێیە! چونكە ئەو جۆرە مرۆڤانە چاوەڕوانی سوپاسی بەرامبەر ناكەنو درێغیش لە كردنی چاكەو پیاوەتی ناكەنو ئەم جۆرە هەڵوێستانەش كاریان تێناكاتو لە یارمەتیدانی خەڵكی ساردیان ناكاتەوە!
كەواتە نابێت چاوەڕێی سوپاس بین لەبەرامبەر هەستان بەكارێك هەرچەندە قورسو گرانیش بێت، گرنگ ئەوەیە تۆ بتوانیت ئاسانكاری بۆ بەرامبەرت بكەیتو یارمەتی بدەیت، چونكە پاش ئەوەی كارێكی باش بە ئەنجام دەگەیەنیو سودێك دەبەخیشتە كۆمەڵگەكەت ویژدانت ئاسوودە دەبێتو دەروونت دەحەوێتەوە ئەوەش دیاریو سوپاسی خوای گەورەیە بۆمان كە زۆر لە سوپاسی بەندەكان بەنرخترو گەورەترە كەواتە بێ هیوا مەبەو بەردەوام هەنگ ئاسا شرینی ببەخشە با سوپاسیش نەكرێیت.
پێنەزانینو سوپاس گوزار نەبوون سروشتێكی كۆنی مرۆڤەو لەدێر زەمانەوە بوونی هەیە، ئیمپراتۆری رۆمانی (ماركۆس ئۆرلیس) 1700 ساڵا پێش ئێستە نووسیویەتی:
"ئەمڕۆ چاوم بە چەند كەسێكی خۆپەرستو پێنەزان دەكەوێت، ئەوەش سەرسامم ناكات چونكە ژیان خاڵی نییە لەو كەسانە!" ماركۆس خۆی راهێناوە بۆ قبوڵا كردنی ئەو كەسانە هەتا توشی خورپە نەبێتو نائومێدی باڵ نەكێشێ بەسەریدا!
بۆ ئەوەی نەبینە مایەی هەراسان كردنو بێزاركردنی بەرامبەرەكانمانو نائومێدیان نەكەین، تا نەبینە هۆكاری وازهێنانیان لە كاری باشو یارمەتیو ئاسان كاریی یەكانیان، پێویستە هەموو كات سوپاسیان بكەین...
زانایەك دەڵێت:
"ئەگەر كارێكی بەسودت بۆ هەركەسێك كرد، ئاگاداربە بیری نەخەیتەوە، بەڵام ئەگەر كەسێك سوودی پێ گەیاندیت ئاگاداربە بیرت نەچێتەوە!".
مەبەستی ئەوەیە ئەگەر هەستای بە راپەڕاندنی كارێك بۆ هەركەسێ ئامان بیری مەخەرەوە تا سوپاست بكات، بەڵام ئەگەر ئەو كارە بۆ تۆ كرا هەرگیز بیرت نەچێتەوە سوپاسی بكە.
بۆچی ناتوانین سوپاسی بەرامبەر بكەین؟
بۆچی كارە باشەكانی بەرامبەر لە بیرخۆمان دەبەینەوە؟
خۆ ئەوە زۆر ئاسانە هیچ ماندوو بوونی ناوێ! ئەی بۆ پێی نازانین؟
سوپاس كردن یەكێكە لە نیشانەكانی كەسی هۆشیار...
یەكێكە لە ئاكارەكانی كەسانی نەرمو نیانو پێشكەوتوو بە وەفا.
سوپاس كردن پەیوەندی بە دروستی كەسایەتی سوپاس كەرەوە هەیە، چونكە هەست بە هیچ كەم بونێك ناكات بەرامبەر ئەوەی كە سوپاسو پێزانینی خۆی دەردەبڕێت...
بێگومان كەسانی پێزانو ستایش كەری كارەكان لەناوكۆمەڵگەدا سەرەڕای ئەوەی ئاستو پلەیەكی بەرزیان هەیە لەگەڵا ئەوەشدا خۆشەویستو رێزلێگیراون، بە پێچەوانەی ئەو كەسانەی كە پێنەزانن، چونكە مافی بەرامبەریان پێشێل دەكەن.
پێشێل كردنی مافیش دەبێتە مایەی ناڕەحەتی سەرەڕای لەدەست دانی رێزو خۆشەویستی بەرامبەر، كەواتە بۆ ئەوەی خۆشیان بوێیت، تا بە هاوڕێیەتیت ئاسوودە بن، ئەوا چاوەڕێی سوپاس مەكە، بەڵام سوپاس كردنت بیر نەچێت..
گۆڤاری بڕیار
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 409]