واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: خوێندنەوەی شێعری( پاییز پاییزی) گۆران
نوسینی : کاوان نەهایی
بە خیابانا دائەگەڕێیتە خوار . گوڵێک لەقەراخی پیادەڕەودا سەرنجت ڕائەکێشێ . ئەوێستی و سەیری ئەکەی...
نازانی چەندە وێستاوی ،
چەند ماشین بە لاتا ڕابوردوون . چەن کەس هەتا دوور
کەوتوونەوە ئاوڕیان بۆ داویەوە و ... هەست ئەکەی خەریکە درەنگت بە سەر دێ
، سەیرێکی سەعاتەکەت ئەکەی ، دەستێک بە سەرتا ئەهێنی و بیرت ئەچێتەوە
خەریک بوو چێژت ئەبینی لە گوڵێک لە قەراخی پیادەڕەودا . ئەچیتەوە ماڵ و لە
کتێبخانەی ژوورەکەتدا دیوانی گۆران ئەدۆزیەوە و بە شوێن شێعرێکدا ئەگەڕێی .
لاپەڕەی 133 ئەکەیەوە و لای ئەدەی بۆ 135 و دەست ڕائەگری ، شێعری ( پاییز پاییز )
پاییز ! پاییز !
بووکی پرچ زەرد
من مات ، تۆ زیز
هەردوو هاودەرد!
من فرمێسکم ، تۆ بارانت
من هەناسەم ، تۆ بای ساردت
من خەم ، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە ن دادم ، دادت
هەرگیز هەرگیز
پاییز ! پاییز !
پاییز ! پاییز !
شان و مل ڕووت
من مات ، تۆ زیز
هەردووکمان جووت
هەر چەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین
بگرین ... بگرین ... چاومان نەسڕین
هەرگیز ، هەرگیز
پاییز ! پاییز !
گۆران لە شێعری پاییز پاییزیدا وەک فۆتۆگرافێک ئەگەڕێ بە دوا وێنەدا و
ئەیدۆزێتەوە ، ( پاییز ) . پایز لە ڕستەی یەکەمدا بە دوو واتا هاتوە
1 : بە واتای وەرزی پاییز و 2 : بە واتا گشتیەکەی وەک کۆدێک بۆ ژاکان و
پییر بوون .
ئەم شێعرە لە چوار تابلۆ پێک هاتوە .
تابلۆی یەکەم :
پاییز ! پاییز !
بووکی پرچ زەرد
من مات ، تۆ زیز
هەردوو هاودەرد!
شاعیر لەم سێ ڕستەدا هەوڵ ئەدا خۆی لە پاییز وەک کەسایەتیەک نزیک
وەکات . وەک ئەوەی پاییز کە بووکێکی پرچ زەردە ( زەرد وەک هێمای ژاکاوی
و خەمۆکی و ڕەنگە لە واتا دوورەکەی دا وەک هێمای بێ وەفایی یار ) زیز و
خەمگینە وەک شاعیر یان شاعیر خۆی وەک پاییز ئەبینێ و یان پاییز ئەبێتە
ئاوێنەی تەواو نمای شاعیر و شاعیر خۆی تیا ئەدۆزێتەوە و پاییزی وەک بووکی
جوانی بەڵام خەمگین و زیز ئەبێتە نیشاندەری دەروونی شاعیر کە لە دەستی جەور و
ستەمی زەمانە مات و مەلوولە . ئەگەرچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شاعیر
نایشارێتەوە کە پاییزی چ بە واتا نزیکەکەی کە وەرزی پاییز بێ و چ بە واتا دوورەکەی
کە دەروونی شاعیر بێ بە لاوە جوانە کە لە ڕستەی دووهەم دا بە (بووک ) بانگی
دەکات و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەستێنە کوولتووریەی کوردەواری کە بووک لای
جوان و پیرۆزە .
تابلۆی دووهەم :
من فرمێسکم ، تۆ بارانت
من هەناسەم ، تۆ بای ساردت
من خەم ، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە ن دادم ، دادت
هەرگیز هەرگیز
پاییز ! پاییز !
لەم تابلۆیەدا شاعیر بە دوا هاوشێوەییەکانی نێوان خۆی و پاییز ئەگەڕێ بۆ
ئەوەی بەخۆی و پاییز و خوێنەر بڵێت کە چەن ڕۆحی شاعیر و پاییز لێک نزیکن و
هەر بەم تابلۆیەیە تێدەگەین کە پاییز بوەتە شاعیری ئەم شێعرە و شاعیر
پاییزی تەمەنی خۆی ئەگێڕێتەوە و ناڵیینی هیچیشیان هیچ کات نابڕێتەوە بەڵام
ئایا ناڵین لە دەست چی یان کێ؟
کە منی خوێنەر ئەبێت ئەوەندە یان زیرەک بم و هەستی پێ بکەم یان کۆڵ نەدەر
بم و بگەڕێم بە دوا وڵامەکەیدا .
بەڵام ئایا منی خوێنەر ئەوەندە زیرەک یان ئەوەندە کۆڵ نەدەر هەم ؟
تابلۆی سێهەم :
پاییز ! پاییز !
شان و مل ڕووت
من مات ، تۆ زیز
هەردووکمان جووت
ئەڵێی چاوت بڕیوەتە تابلۆیەکی نەقاشی . لەم تابلۆیەدا ژن و پیاوێکی ڕووت
ئەبینی ڕاکشاو لە سەر قەرەوێڵەیێک لە باوەشی یەکتردا و لەگەڵ ئەم هەموو
لەززەتە جوان و بێگەردەدا بەڵام کاتێ تماشای نیگا و دەم و چاوی ژن و پیاوەکە
دەکەی خەمێکی نامۆ ئەبینی ، خەمێک لە چەشنی خەمی نیگای مۆنالیزا تێکەڵ
بە زەردەخەنەکەی کە هەرچی زیاتر لێی ورد ئەبیتەوە ئەو پرسیارە کە ( گەورەیی
ئەم بەرهەمە لە زەردەخەنەی مۆنالیزادایە یان لە خەمی نیگایدا؟ ) ت لا
بەرجەستە تر دەکات . ئەگەرچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەتوانێ ئەو جووت بوونەی
کۆتایی کۆپلەکە یان تابلۆکە بە واتای جووت بوونی جەستەیی نەبێ و بەڵکوو بە واتا
دوورەکەی کە هەمان لێک چوون یان وەک یەک بوونە بێت وەریگرین کە ئەو کات
پێم وایە ئەم کۆپلە لەو حاڵەدا تەنیا بە پێی زەروورەتی وەزنی هاتوە کە بەو واتایە
جگە لەوەی کە هیچ بە شێعرەکە زیاد ناکات بەڵکوو تەنیا وەک درێژدادڕی و فرە وێژی
دەبینرێ .
تابلۆی چوارەم :
هەر چەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین
بگرین ... بگرین ... چاومان نەسڕین
هەرگیز ، هەرگیز
پاییز ! پاییز !
ئەم تابلۆیە خۆی لە خۆیدا چەن تابلۆی بچووکتر لەخۆ ئەگرێ .
1: هەر چەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
( هەر چەند ) و ( بگرین ) ی لێ لابە . ئەمێنێتەوە ڕستەی ( گووڵ سیس ئەبێ ) .
ئا : گووڵ سیس ئەبێ لە کاتێکی دیاریکراودا ، کەی ؟
بێ : گووڵ سیس ئەبێ بە دەست کەسێکی دیاری کراوەوە،کێ؟
سێ : گووڵ سیس ئەبێ لە شوێنێکی دیاری کراودا،کوێ ؟
دێ : گووڵ سیس ئەبێ بە هۆکارێکی دیاری کراو ، چی ؟
یان
ئەگەر وشەی ( هەرچەند )ی پێوە بلکێنینەوە (هەر چەند گوڵ سیس ئەبێ ) ، لێرەدایە
کە دەمهەوێ بلێم کارکردی وشەی ( هەرچەند ) بە بوون و نەبوون کارکردێکەکە لە
تاک ڕهەندی دەرچوەو ڕۆڵێکی چەند ڕەهەندی ئەگێڕێ .
1: ( هەرچەند )چ بە واتای ئەگەر چی
2: ( هەرچەند ) چ بە واتای چەندەیی
کە بە هەردوو واتاکەی و بە پانتای واتایی هەر دوو واتاکەی ئەتوانێ سیس بوونی
گووڵەکە بخاتە ناو قۆناغێکی نوێی واتایی و هەموو لایەنە کانی تری سیس بوونی
ڵێ وەستێنێ .
لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر وشەی ( بگرین )یشی پێوە بلکێنینەوە (هەر چەند گوڵ سیس
ئەبێ بگرین ) و باری خوێندنەوەی ڕستەکە بخەینە سەر وشەی ( بگرین ) دەلاقەی
جیهانێکی پڕ واتای دیکەت بۆ دەکرێتەوە کە دەتوانێ پەلکەیەک ڕەنگی نوێت بخاتە
بەر دەست هەر لەڕەشی ڕەنگی ماتەم و شین هەتا سووری ڕەنگی ئەوین و زەردی
ڕەنگی دابڕان . جیهانێکی پڕ ڕۆمانس هەتا جیهانێکی پڕ مەینەتی و کۆچ و
هەڵاتن و ڕاو نان .
2: ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پێوەندی نێوان ئاڵتوونی دار و ڕژان ئەوەندەی بە واتای پاییز و ڕژانی گەڵا
زەردەکانی دارەکانە ئەوەندەش بە واتای مەرگە وەک چەمکی مەرگ و بڕانەوە و
کۆتایی و دوایی هاتن و تەواو بوون و هتد... و گریان ئیتر هەمان واتای گریان لە
ڕستەی پێشوودا نیە بەڵکوو واتا گەلێکی نوێتر ئەگرێتە خۆی ئەویش لە ناوەوەی
چەمک بوونیدا ڕەنگ ئەداتەوە . وەک : گریان بۆ گەیشتن بە سوکنایی ، ئارامشت ،
ئومێد و هتد...
3: پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین
ئەمەش دواتابلۆی ناو تابلۆ گەورەکەیەو سەرنجی خوێنەر بەرەو لای ئاسۆیێک
ڕادەکێشێ لە نامۆترین جۆر و حاڵەتی موومکیندا . ئایا گریان بۆ فڕینی باڵدارەکانە
لە جیهانی سارد و سڕی پاییزیەوە بەرەو گەرمێن و لە ڕاستیدا گریانە بۆ
مانەوەی منی شاعیر و منی خوێنەر ؟ یان گریانە بۆ فڕینی باڵدارەکان کە فڕینەکەیان
چەمکی مەرگ لە خۆ ئەگرێ و باڵدارەکان هەمان هاوڕێیانی منی شاعیر و منی
خوێنەرن کە پاییزی مەرگ بەرۆکی پێگرتوون ؟ کەواتە وشەی گریان وەک چەمکێکی
فەلسەفی لێ دێ کە شاعیر بەم ئامرازە هەوڵ ئەدا خوێنەر لە نێوان گریان بۆ مانەوە
وەک زییندوو بوون یان مانەوە لە ناو جوانیەکانی زیزی پاییز لە باری دەروون
ناسیوە و یان گریان لە بەر ترس لە مردن و بڕانەوە هەتا گریان بۆ بیانوو گرتن بۆ
مردن و بڕانەوە ڕاگرێ و هەوڵ ئەدا تەشجیعی کات بە درێژەدانی ئەم کارە .
شێعری پاییز پاییزی گۆران شێعری ئاوێتە بوونی ئومێد و نائومێدیە وەک ژیان ،
بێ مەرجدارکردن و بەستنەوەی بە کات و شوێنەوە .
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 1136]