واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: پیاسه‌یه‌کی دوور و درێژ بۆ هه‌تاهه‌تا
کۆرت ڤۆنێگات (Kurt Vonnegut)
وه رگیر: عه‌بدولخالق یه‌عقووبی-بۆکان
پێکه‌وه دراوسێ بوون و پێکه‌وه‌ش گه‌وره ببوون، له سووچێکی شاره‌که‌یان، نیزیک کێڵگه و دارستان باخه‌کانی میوه، نزیک دیمه‌نی که‌ڵه زه‌نگێکی جوان که ئی قوتابخانه‌ی مناڵه کوێره‌کان بوو.
ئێستا ئه‌وان بوونه‌ته بیست ساڵ و ئه‌وه بۆ ساڵه وه‌ختێک ده‌چێت چاویان به یه‌کدی نه‌که‌وتووه. هه‌میشه له گه‌ڵ یه‌ک ته‌با و ره‌با بوون و به گاڵته و پێکه‌نین رایانده‌بوارد، به‌ڵام هیچکات باسی عیشق و ئه‌ڤین له نێوانیاندا نه‌هاتبووه گۆڕێ.
ناوی کوڕه‌که نوت (Newt) و ناوی کچه‌که کاترین (Catharine) بوو. رۆژێک دوانیوه‌ڕۆ نوت له زه‌نگی ماڵی کاترینی دا.
کاترین درگای کرده‌وه. به ته‌ماشای گۆڤارێکی مۆده‌وه سه‌رقاڵ بوو. گۆڤارێکی تایبه‌ت به تازه بووکه‌کان. کاترین کوتی: «نوت!». له‌وه‌ی چاوی به نۆت ده‌که‌وت واقی وڕ مابوو.
نوت کوتی: «دێی پیاسه‌یه‌ک بکه‌ین؟» نوت کوڕێکی شه‌رمن بوو، ته‌نانه‌ت لای کاترین و شهرمنییهکهشی له ژێر په‌رده‌ی هه‌ڵیت و په‌ڵیت بێژیدا ده‌شارده‌وه. وه‌ک بڵێی زۆر دوور له‌و شته‌ی که له راستیدا که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌و بوو راوه‌ستا بوو. وێده‌چوو مه‌ئموورێکی نهێنی کار بێ که بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک له مه‌ڕ مه‌ئموورییه‌تی خۆی بۆ شوێنی جوان و دوور یان ناحه‌زی دنیا دڕدۆنگ مابێته‌وه. ئه‌م شێوه قسه کردنه خوو و خده‌ی هه‌میشه‌یی ئه‌و بوو، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌ی پێوه‌ندی به هیوابڕاوی و ناهومێدی ئه‌وه‌وه بوو.
کاترین کوتی: «پیاسه بکه‌ین؟»
نوت کوتی: «هه‌نگاوێک پێشتر له خه‌ڵکانیتر، له نێو گه‌ڵا و به‌رگی دره‌ختان، له سه‌ر پرده‌کان.»
کاترین کوتی: «پێموانه‌بوو له نێو شار بی.»
ـ تازه گه‌یشتم.
ـ وا دیاره هێشتاش سه‌ربازییه‌که‌ت ته‌واو نه‌بووه.
نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «نزیکه‌ی حه‌وت مانگم ماوه.» ئه‌و سه‌ربازی تۆپخانه بوو.
یوونیفۆڕمهکهی گنجی تێکه‌وتبوو و پۆتینه‌کانی ته‌پ و تۆزیان له سه‌ر نیشتبوو. ریشی پێویست بوو بتاشرێ. ده‌ستی بۆ وه‌رگرتنی گۆڤاره‌که درێژ کرد:«ده‌کرێ چاو له‌م گۆڤاره جوانه‌ت بکه‌م؟»
کاترین گۆڤاره‌که‌ی پێدا: «نوت! من بڕیاره شوو بکه‌م.»
ـ ده‌زانم. وه‌ره با بچین پیاسه بکه‌ین.
کاترین کوتی: « نوت من زۆر سه‌رقاڵم... زه‌ماوه‌نده‌که‌م حهوتووهکهی دیکه‌یه.»
نوت کوتی: ئه‌گه‌ر بچین پیاسه بکه‌ین، که‌یفت ساز ده‌بێ. پیاسه ده‌تکاته بووکێکی نه‌شمیلانه.»
نوت لاپه‌ڕه‌کانی گۆڤاره‌که‌ی هه‌ڵده‌داوه: «بووکێکی جوان وه‌ک ئه‌مه ... وه‌ک ئه‌مه ... وه‌ک ئه‌مه ....» ئه‌و تازه بووکه جوانه‌کانی نێو گۆڤاره‌که‌ی نیشانی کاتریندا.
کاترین نوقمی نیگا کردن له تازه بووکه‌کان بوو و بیری لێده‌کردنه‌وه. نوت کوتی: «ئه‌مه خه‌ڵاتی منه بۆ هێنری ستوارت چازێن. تۆ ده‌به‌م بۆ پیاسه کردن و ئینجا بووکێکی که‌یف خۆشم خه‌ڵاتی ئه‌و کردووه.»
کاترین پرسی: «تۆ ناوه‌که‌ی ده‌زانی؟»
نوت کوتی: «دایکم نامه‌ی بۆ نووسیم. خه‌ڵکی پیتس بورگه؟»
ـ ئه‌رێ، تۆ شێوه‌ی ئه‌و ده‌ده‌ی.
ـ له‌وانه‌یه.
ـ نوت، پێت ده‌کرێ، پێت ده‌کرێ بێی بۆ زه‌ماوه‌ند؟
ـ پێموانییه.
ـ مهرهخهسییهکهت زۆر نییه؟
نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «مه‌ره‌خه‌سی؟» خه‌ریک بوو پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی دوو لاپه‌ڕه‌یی له بابه‌ت قاپ و که‌وچکی زیوین ده‌خوێنده‌وه.
ـ من مه‌ره‌خه‌سیم وه‌رنه‌گرتووه.
کاترین کوتی: «شتی چاک بڵێ.»
ـ من کارێکم کردووه که ئه‌وان پێی ده‌ڵێن غه‌یبه‌تی بێ ئیجازه.»
کاترین کوتی: «شتی چاک بڵێ نوت! تۆ خۆ ئه‌و که‌سه نیت ئه‌وان باسی ده‌که‌ن.»
نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «دڵنیام هه‌ر ئه‌و که‌سه‌م.» هه‌روا به هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی گۆڤاره‌که‌وه سه‌ر قاڵ بوو.
کاترین کوتی: «بۆچی نوت؟»
ـ «من ده‌بێ بزانم زیوی دڵخوازی تۆ چییه؟» جۆری زیوه‌کانی نێو گۆڤاره‌که‌ی خوێنده‌وه: «ئالبێمارل،هیتێر، لیجێند، یان رهمبلێررۆز؟»
نوت لێی روانی و پێکه‌نی: «من به نیازم که‌وچکێک بده‌م به تۆ و هاوسه‌ره‌که‌ت.»
کاترین کوتی: «نوت... نوت، راستییه که‌یم پێبڵێ.»
ـ پێمخۆشه بچین پیاسه بکه‌ین.
کاترین په‌نجه‌ی ده‌سته‌کانی خۆی به دڵته‌نگییه‌کی خوشکانه‌وه له نێو یه‌کدا کوشی: «ئه‌رێ نوت، ده‌زانی تۆ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی غه‌یبه‌تی بێ ئیجازه‌ت کردووه من به گه‌مژه ده‌زانی.»
نوت وه‌ک پاسه‌وانێکی میهره‌بان برۆی هه‌ڵته‌کاند.
کاترین کوتی: کوێ، له کوێوه؟
ـ قه‌ڵای براگ.
ـ کارۆلینای باکوور؟
نوت کوتی: « ئه‌رێ، نیزیک فایت ویل، ئه‌و جێیه‌ی سکارلا ئۆهارا ده‌چوو بۆ قوتابخانه.
ـ چۆن گه‌یشتییه ئێره نوت؟
نوت قامکه که‌ڵه‌ی هه‌ڵێنا و به نیشانه‌ی راگرتنی تاکسی رایوه‌شاند:
ـ دوو رۆژ
ـ کاترین کوتی: «دایکیشت پێده‌زانێ؟»
وه‌ڵامی دایه‌وه: «من نه‌هاتووم چاوم به دایکم بکه‌وێت.»
کاترین پرسی: «هاتووی چاوت به کێ بکه‌وێ؟»
ـ تۆ
ـ بۆ چی من؟
ـ «چونکه خۆشم ده‌وێی. ئێستا ده‌کرێ بچین پیاسه بکه‌ین؟ هه‌نگاوێک پێشتر له خه‌ڵکانیتر، له نێو گهڵاوبهرگی دره‌ختان، له سه‌ر پرده‌کان.»
هه‌نووکه ئه‌وان پیاسه‌یان ده‌کرد، له دارستانێکی پڕ له گه‌ڵا و به‌رگی قاوه‌یی.
کاترین رقی هه‌ستا بوو زۆری له سه‌ر ده‌ڕۆیشت.
کوڵی گریانی هه‌ستا بوو. « نوت ئه‌م کاره کارێکی ته‌واو گه‌مژانه‌یه.»
ـ چ‌شتێک گه‌مژانه‌یه؟
ـ « بۆچی له کاتێکی وا تێکه‌ڵ و پێکهڵدا پێمده‌ڵێی خۆشم ده‌وێی؟» بۆ ساتێک راوه‌ستا:
ـ تۆ پێشتر له‌م باره‌یه‌وه هیچت پێ نه‌گوتبووم.
نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «باشتر وایه له سه‌ر پیاسه کردنی خۆمان به‌رده‌وام بین.»
ـ نا! هه‌ر تاکوو ئێره زیاتر نا. من هه‌ر نه‌ده‌بوو له‌گه‌ڵ تۆ هاتبایهم.
ـ به‌ڵام ئێستاکه هاتووی.
ـ هاتم هه‌تا به‌ر درگای ماڵێ به‌ڕێت که‌م. ئه‌گه‌ر بێره دابێت و گوێی لێبێت تۆ باسی چی ده‌که‌ی، حه‌توویه‌ک به‌ر له زه‌ماوه‌ند....
نوت کوتی: «ئه‌وان فیکریان بۆ چی ده‌چێ؟»
ـ ئه‌وان پێیان وا ده‌بێت تۆ شێت بووی.
نوت کوتی: «بۆ چی؟»
کاترین هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا: «با پێت بڵێم من زۆر زۆر بۆ ئه‌و گه‌مژه‌ییه‌ی کردووته رێز داده‌نێم. من پێموانییه تۆ به راستی غه‌یبه‌تی بێ ئیجازه‌ت کردبێ، هه‌ر چه‌ند له‌وانه‌یه کردبێتت. من ناتوانم باوه‌ڕ به‌وه بکه‌م که تۆ به‌ڕاستی منت خۆش ده‌وێ، گه‌رچی له‌وانه‌یه منت خۆش بوێ، به‌ڵام....»
ـ من خۆشم ده‌وێی.
ـ «باشه، من زۆر زۆر رێزم هه‌یه بۆت، پێمخۆشه ببمه هاڤاڵت، من زۆرم پێخۆشه... به‌ڵام، له مێژه وه‌ختی به سه‌ر چووه.» کاترین ههنگاوێکی به‌ره‌و لای نوت هه‌ڵێنا: «تۆ هه‌رگیز ته‌نانه‌ت ماچت نه‌کردووم.» هاوسه‌نگیی له‌شی به ده‌سته‌کانی پاراست: «هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه ئێستا ئه‌و کاره بکه‌ی. ته‌نیا نیازم ئه‌وه‌یه بڵێم شته‌کان هه‌موو بۆ من چاوه‌ڕوان نه‌کراو بوون. من هیچ بۆ چوونێکم، هه‌ر چه‌نده دووره زه‌ین، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن جوابت بده‌مه‌وه له مێشک‌دا نییه.
نوت کوتی: «هه‌ر تۆزێک پیاسه‌ی زیاتر... رابواردنێکی خۆش.»
دیسان پیاسه‌یان ده‌سپێکرده‌وه.
کاترین کوتی: «چاوه‌ڕێی چیت جواب بده‌مه‌وه؟»
نوت کوتی: «چۆن بزانم چاوه‌ڕێی چیم؟ من پێشتر هیچ کات له بارودۆخێکی وا دا گیرم نه‌خواردووه.
کاترین کوتی: «باشه تۆ پێتوایه من خۆم ده‌خه‌مه ئامێزته‌وه؟»
ـ له‌وانه‌یه
ـ بۆت به داخم که ناهومێدت ده‌که‌م.
نوت کوتی: «من ناهومێد نیم و هه‌ر بیریشی لێناکه‌مه‌وه. ئه‌وه‌ی زۆرم به دڵه ته‌نیا پیاسه کردنه.»
کاترین دیسان راوه‌ستا: «تۆ ده‌زانی قه‌راره چی روو بدا؟»
ـ نا
ـ ئێمه ده‌ست ده‌ده‌ینه‌وه و ده‌بینه هاڤاڵی یه‌کتر، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه قه‌راره روو بدات.»
نوت سه‌ری راوه‌شاند: «وایه، جارجاره وه‌بیر خۆتم بێنه‌وه چه‌نده‌م خۆش ده‌ویستی.»
کاترین بێ ئه‌وه‌ی به ده‌ست خۆی بێت ده‌ستی کرد به گریان. پشتی له نوت کرد و له فه‌زای به‌ربڵاوی نێو دره‌خته‌کانی دارستانی روانی.
نوت کوتی: «ئه‌م کاره‌ت مانای چیه؟»
کاترین گوتی: «شێته!» په‌نجه‌کانی مشت کرد: «تۆ هه‌قت نییه...»
ـ من ده‌بوایه به‌م شته‌م بزانیبایه.
کاترین کوتی: «ئه‌گه‌ر من تۆم خۆش ویستبا، تا ئێستا ئیجازه‌ی ئه‌وه‌م پێده‌دای.
ـ تۆ ئه‌و ئیجازهیهت پێدام.
کاترین کوتی: «ئه‌رێ» رووی له نوت کرده‌وه و لێی روانی. ده‌م و چاوی ته‌واو سوور ببۆوه: «تۆ ده‌بوایه ئه‌مه‌ت بزانیبایه.»
ـ چۆناوچۆن؟
ئه‌و کوتی: «تۆ ده‌بوایه به‌م بابه‌ته‌ت بزانیبایه. ژنان له شاردنه‌وه‌یدا هێنده زیره‌ک نین.»
نوت هه‌نووکه نوقمی چاوبڕین له سیمای کاترین ببوو. کاترین به حاڵه‌تێکی سه‌ر سووڕمانه‌وه زانی که ئه‌و شته‌ی کوتبووی راسته، ئه‌وه‌یکه ژن ناتوانێ عیشقی خۆی بشارێته‌وه.
نوت ئێستا له عیشق ده‌گه‌یشت و ئه‌و کاره‌ی ده‌یه‌ویست بیکات کردی: کاترینی ماچ کرد.
ـ «تۆ ئه‌وه‌نده هیچ و پووچی که بۆم ناکرێ له‌گه‌ڵت هه‌ڵبکه‌م.» کاترین ئه‌مه‌ی ئه‌و کاته کوت که نوت به‌ریدابوو.
نوت وه‌ڵامی داویه‌وه: «من هه‌ر ئه‌وه‌م که باسی ده‌که‌ی.»
ـ تۆ نه‌ده‌بوو ئه‌م کاره بکه‌ی.
ـ تۆ ئه‌م کاره‌ت پێخۆشنه‌بوو؟
ـ چاوه‌ڕێی چی؟ شێتانه خۆم بخه‌مه به‌ر ده‌ستت؟
نوت کوتی: «دیسان با پێت بڵێمه‌وه، من هه‌رگیز نازانم قه‌راره له داهاتوودا چی روو بدا.»
کاترین له وه‌ڵامدا کوتی: «ئێمه ماڵاوایی له یه‌ک ده‌که‌ین.»
نوت تۆزێک تێکچوو و کوتی: «باشه.»
کاترین قسه‌که‌ی گۆڕی: «من قه‌ت له‌وه‌ی یه‌کترمان ماچ کرد ناڕه‌حه‌ت نیم. ئێمه ده‌بوایه یه‌کترمان ماچ بکردایه. ئێمه زۆر له یه‌ک نزیک بووین. من هه‌میشه به یادی تۆم، نوت. خۆشت بێ.»
ـ تۆش هه‌ر وه‌تر.
ـ سپاس بۆ تۆ نوت.
نوت کوتی: «سی رۆژ.»
ـ چی؟
ـ سی رۆژ زیندان. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که قیمه‌تی ماچێک دێنێ.
کاترین کوتی: «من... من پێمناخۆشه. به‌ڵام خۆ من داوام له تۆ نه‌کرد غه‌یبه‌ت بکه‌ی.»
ـ ده‌زانم
ـ تۆ به راستی شایانی هیچ خه‌ڵاتێکی قاره‌مانی به خاتری ئه‌م کاره گه‌مژانه‌یه‌ت نیت.
نوت کوتی: «بۆ قاره‌مانیه‌تی ده‌شێت باش بیت. ئه‌رێ هێنری ستوارت چازێن قاره‌مانێکی باشه؟
ـ له‌وانه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌ختی ئه‌وه‌ی هه‌بێت.» کاترین له‌وه‌ی که دیسان پیاسه‌یان دهسپێکردبۆوه هه‌ستی به خۆشی نه‌ده‌کرد. ماڵاواییان له بیر چووبۆوه.
نوت کوتی: « تۆ به‌راستی خۆشت ده‌وێ؟»
ئه‌و به تووڕه‌ییه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه: «به دڵنیاییه‌وه خۆشم ده‌وێ. ئه‌گه‌ر خۆشم نه‌ویستبا نه‌ده‌بوومه ژنی.»
نوت پرسی: «چاکه‌ی ئه‌و له چیدایه؟»
کاترین گوڕڕاندی: «راستی و پاکی» و دیسان راوه‌ستا: «ئه‌رێ ده‌زانی قسه‌کانت بۆنی جنێو ده‌ده‌ن؟ هێنری زۆر زۆر زۆر چاکی تێدایه، له‌وانه‌شه زۆر زۆر زۆر خراپه‌ی تێدا بێت.به‌ڵام خۆ هیچ کام له‌مانه پێوه‌ندیان به تۆوه نییه. من هێنریم خۆش ده‌وێ، نامه‌وێ سه‌باره‌ت به چاکه و شایسته‌ییه‌کانی هیچ قسه‌یه‌ک له گه‌ڵ تۆدا بکه‌م....»
نوت کوتی: «ببووره.»
«به راستته؟»
نوت دیسان ماچی کرده‌وه.... چونکه کاترین خۆشی ده‌ویست. ئه‌وان ئێستا له باغه میوه‌یه‌کی گه‌وره‌دا بوون.
کاترین کوتی: «ئه‌رێ نوت، چه‌نده له ماڵ دوور که‌وتووینه‌ته‌وه؟»
نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «هه‌نگاوێک پێشتر له خه‌ڵکانیتر... له نێو گه‌ڵا و به‌رگی دره‌خته‌کان، له سه‌ر پرده‌کان.»
کاترین کوتی: «ئه‌وان رێگای خۆیان ده‌دۆزنه‌وه ... هه‌نگاوه‌کان.»
له‌و نیزیکانه، ده‌نگی کهڵهزهنگی بورجی قوتابخانه‌ی مناڵه کوێره‌کان به‌رز ببۆوه.
نوت کوتی: «قوتابخانه‌ی مناڵه کوێره‌کان.» ئه‌و به حاڵه‌تی گێژییه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌وه سه‌ری راوه‌شاند:
ـ هه‌ر ئائێستا ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه.
نوت کوتی: «ماڵاواییم لێبکه.»
ـ هه‌ر کاتێک ویستم ده‌یکه‌م. وێده‌چێ بۆ ماچکردن بشێم.
نوت له سه‌ر کۆمایه‌ک وێنجه‌ی ژێر دارسێوێک دانیشت و کوتی: «دانیشه.»
کاترین وه‌ڵامی دایه‌وه: «نا.»
نوت کوتی: «کارم پێت نه‌داوه.»
ـ باوه‌ڕ به قسه‌که‌ت ناکه‌م.
کاترین له ژێر درهختێکیتر بیست هه‌نگاو دوورتر له‌و دانیشت و چاوی له سه‌ر یه‌ک دانا.
نوت کوتی: «بیر له هێنری ستوارت چازێن ده‌که‌یه‌وه؟»
ـ چی؟
ـ له بیری مێرده هه‌ره باشه‌که‌ی داهاتووت دای؟
کاترین کوتی: «ئه‌رێ، بیر له‌و ده‌که‌مه‌وه.» چاوی توندتر له سه‌ر یه‌ک دانا و مێرده‌که‌ی هێنایه به‌ر چاوی.
نوت باوێشکیدا.
مێشهنگووینهکان له نێو دره‌خته‌کاندا ویزه ویزیان ده‌هات و کاترین که‌موزۆر خه‌وی لێکه‌وتبوو. کاتێک چاوی کرده‌وه دیتی نوت به راستی خه‌وی لێکه‌وتووه.
نوت به هێمنی پرخه پرخی ده‌کرد.
کاترین لێگه‌ڕا نوت سه‌عاتێک بخه‌وێ و له‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و خه‌وتبوو به دڵ بیری له‌و ده‌کرده‌وه.
سێبه‌ری دره‌خته‌کان رووه‌و رۆژهه‌ڵات کشابوون. ده‌نگی کهڵهزهنگی بورجی قوتابخانه‌ی مناڵه کوێره‌کان دیسان به‌رز ببۆوه. «چیک ـ چیک ـ چیک ـ چیک.» عه‌ڕابه‌یه‌ک له‌وێوه تێپه‌ڕی. له شوێنێکی دوورتره‌وه، ده‌نگی هه‌ڵکردنی ترۆمبیلێک، به تڕه‌تڕ و شیڕهشیڕه ده‌بیسترا که پاش چه‌ند ساتێک بڕایه‌وه.
کاترین ژێر دره‌خته‌که‌ی جێهێشت و به‌ره‌و لای نوت چوو و له‌وێ هه‌ڵترووشکا و کوتی:
ـ نوت!
¬نوت وه‌ڵامی دایه‌وه: «ها؟» و چاوه‌کانی کرده‌وه.
ـ دره‌نگه.
ـ سڵاو کاترین.
ـ سڵاو نوت.
نوت کوتی: «خۆشم ده‌وێی.»
ـ ده‌زانم.
ـ زۆر دره‌نگه؟
ـ زۆر دره‌نگه.
نوت هه‌ستایه سه‌ر پێ، به ئاخ و ئۆخهوه تۆزێک له‌شی ئه‌م باره‌وبار کرد و کوتی:
ـ پیاسه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌ل.
کاترین کوتی: «منیش هه‌ر پێموایه وابوو.»
ـ لێره‌وه ئیتر ئێمه پێکه‌وه نابین.
ـ بڕیاره بۆ کوێ بچیت؟
ـ رێی جاده ده‌گرمه به‌ر تا ده‌گه‌مه شار.
کاترین کوتی: «خۆشت بێ.»
نوت له وه‌ڵامدا کوتی: «تۆش هه‌ر وه‌تر. شووم پێبکه کاترین.»
ـ نا.
نوت بزه‌یه‌کی هاتێ. بۆ ساتێک به وردی لێی روانی و دوایی به خێرایی ملی رێگای گرته به‌ر.
کاترین چاوی له نوت بڕی که له نێو دیمه‌نێکی پڕ له سێبه‌ر و دره‌خت، جاربه‌جار بچووکتر و بچووکتر ده‌بۆوه، ئه‌و ده‌یزانی که ئه‌گه‌ر نوت هه‌ر ئائێستا راده‌وه‌ستا و ئاوڕی لێده‌داوه و بۆ لای خۆی بانگی ده‌کرد، به‌ره‌و لای هه‌ڵده‌هات. ئه‌و هیچ رێگایه‌کی بۆ هه‌ڵبژرادن نه‌مابوو.
نوت راوه‌ستا. ئاوڕی دایه‌وه‌و بانگی کرد: «کاترین.»
کاترین به‌ره‌و لای نوت هه‌ڵات و باسکه‌کانی له باڵای ئاڵاند.
قسه‌ی بۆ نه‌ده‌هات.
سه‌رچاوه:
اپیکاک، کورت وونهگات، داستان کوتاه، ترجمهی پرویز براتی، رضا نوحی، نشر کتاب نادر، 1381، ڵڵ 82 ـ 71
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 200]