تور لحظه آخری
امروز : دوشنبه ، 9 مهر 1403    احادیث و روایات:  امام حسین (ع):چیزى را بر زبان نیاورید که از ارزش شما بکاهد.
سرگرمی سبک زندگی سینما و تلویزیون فرهنگ و هنر پزشکی و سلامت اجتماع و خانواده تصویری دین و اندیشه ورزش اقتصادی سیاسی حوادث علم و فناوری سایتهای دانلود گوناگون شرکت ها




آمار وبسایت

 تعداد کل بازدیدها : 1819159317




هواشناسی

نرخ طلا سکه و  ارز

قیمت خودرو

فال حافظ

تعبیر خواب

فال انبیاء

متن قرآن



اضافه به علاقمنديها ارسال اين مطلب به دوستان آرشيو تمام مطالب
archive  refresh

چیروکی پاش‌نیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه


واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: چیروکی پاش‌نیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه

هه‌میشه‌ له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌ پێچكه‌ كورته‌كانی خاتوو ئانا داده‌نیشتم و چاوم له‌ ڕادیۆ دوگمه‌ عاجداره‌که‌ی، یان له‌ گڕامافۆنه‌كه‌ی ده‌كرد، هه‌تا كاتێ خاتوون به‌ كه‌شه‌فێک و دوو په‌رداخی چكۆله‌ی پڕ له‌ قاوه‌ی گه‌رمی توركی ده‌هاته‌ ژوورێ. قاوه‌كه‌ی، بڵقێكی زۆری له‌سه‌ر بوو. دوو لیوان ئاوی ساردیش له‌ په‌نای په‌رداخه‌كان بوو.
ده‌مگوت: «ببووره‌، دیسان له‌جێی ئێوه‌ دانیشتووم.»
ده‌یگوت: «قه‌ی‌ناكا لاوه‌ گیان! ده‌زانم له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتن بۆ تۆ هاسان نییه‌.» پێده‌كه‌نی، په‌رداخه‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ داده‌نا و له‌ په‌نای هه‌ر په‌رداخێكیش لیوانێك ئاو.
ـ نۆشی‌گیانتی كه‌.
یه‌كه‌م جار، چه‌ند حه‌وتوو له‌مه‌وبه‌ر، كاتێ فنجانی قاوه‌كه‌م بۆ فاڵ‌گرتنه‌وه‌ ئاوه‌ژوو كرد، ئه‌وه‌م زانی. خاتوون پێی‌خۆش‌بوو فاڵم بۆ بگرێته‌وه‌. دڵۆپێك قاوه‌ كه‌وته‌ سه‌ر یه‌كێ له‌ گوڵه‌ دوورواوه‌كانی ڕوومێزییه‌كه‌. په‌شۆكام. به‌ دوای په‌ڕۆیه‌كدا ده‌گه‌ڕام.
خاتوون گوتی: «قه‌ی‌ناكا لاوه‌ گیان.» و له‌ژێر سه‌رده‌ستی بڵووزه‌كه‌ی، ده‌سماڵه‌كه‌ی ده‌رهێنا. به‌ زمان ته‌ڕی كرد و په‌ڵه‌ قاوه‌كه‌ی سڕی.
داوای لێبووردنم كرد، به‌ڵام هه‌ستم به‌وه‌ كرد ئه‌م گوڵه‌ وه‌كوو گوڵه‌كانی دیكه‌ نییه‌، هه‌ر له‌ ڕیزی گوڵه‌ دوورواوه‌كانی دیكه‌ش نییه‌. گوڵێكی چكۆله‌ بوو، وا دیار بوو پاش پینه‌ كردنی دڕاوییه‌كی چكۆله‌، گوڵ‌دۆزی كرابێته‌وه‌. دواتر زۆرترم سه‌رنج دایه‌؛ گوڵی چكۆله‌ی دیكه‌شم دیتنه‌وه‌.
خاتوون گوتی: «پاش قاوه‌، ده‌بێ چا و كه‌یك بخوێن. مارمالادیشم ساز كردووه‌. مره‌باشم هه‌یه‌. وا باشه‌ هه‌موویان بێنم.»
قوتووه‌ جگه‌ره‌كه‌ی خاتوو ئانا له‌په‌نای په‌رداخه‌كه‌ی بوو و له‌لای ئه‌ویش، ژێرجگه‌ره‌كه‌ی؛ كه‌ سه‌ده‌فێكی شكاو بوو. له‌پشت قه‌ره‌وێڵه‌كه‌وه‌، دیوارێكی سه‌وز هه‌بوو كه‌ خاتوو ئانا وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌مانی لاوێتی ئافره‌تێكی لێ‌هه‌ڵواسیبوو كه‌ ده‌بوو هاواڵی بووبێ یان ڕه‌نگه‌ كه‌سێكی دی. جارێكیان كه‌ لێم‌پرسی: «ئه‌مه‌ وێنه‌ی خۆته‌؟» گوتی: «نا، وێنه‌ی نینایه‌، ده‌سته‌خوشكی زه‌مانی كچێنیم. زۆرم خۆش‌ده‌ویست.» هه‌ر به‌ دوایدا گوتی: «چا ده‌خۆیه‌وه‌؟» یان شتێكی وای گوت. گوتم: «زۆر جوانه‌.» گوتی: «بوو.»
خاتوون ماڵێكی چكۆله‌ی دوو نهۆمی هه‌بوو. من كرێ‌نشینی نهۆمی سه‌رێ بووم. تازه‌ هاتبوومه‌ تاران. ماڵه‌كه‌ی له‌ یه‌كێ له‌ كۆڵانه‌كانی قه‌وامول‌سه‌ڵته‌نه‌ بوو. خاتوون له‌ نهۆمی خوارێ بوو. فێرگه‌ی سه‌مای هه‌بوو، فێرگه‌ی زمانی فه‌ڕه‌نسی هه‌بوو، فێرگه‌ی زمانی ڕووسی دانابوو، فاڵی قاوه‌ی ده‌گرته‌وه‌، له‌م‌ دواییانه‌دا كه‌ نه‌خۆش كه‌وت، هه‌موویانی وه‌لانا. كرێیه‌كی كه‌می له‌من وه‌رده‌گرت و ڕه‌نگبێ بڕه‌ پووڵێکیش له‌ یه‌ك‌دوو كه‌س كه‌ ده‌هاتن یه‌ك‌دوو كه‌ڕه‌ت فێری زمانی فه‌ڕه‌نسی بن یان فاڵێكی قاوه‌ بگرنه‌وه‌.
هه‌موو به‌یانان له‌ زه‌نگی درگاكه‌ییم ده‌دا. ده‌ركه‌ی نه‌ده‌كرده‌وه‌. ده‌یگوت: «قه‌ڵافه‌تم شێواوه‌.» لێم ده‌پرسی: «هیچت ناوێ؟» ئه‌گه‌ر شتێكی پێویست بوایه‌، پاش‌نیوه‌ڕۆیان كه‌ ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، بۆم ده‌مكڕی. سپاس كردنی خاتوو ئانا بۆ ئه‌م ورده‌كارانه‌ی من كه‌ له‌پێشدا شت‌كڕین بوو، دوایه‌ ورده‌ورده‌ بوو به‌ ورده‌ ده‌سكارییه‌كی شته‌كان و ته‌نانه‌ت ئاڵ‌وگۆڕكردنی جه‌عبه‌یه‌ك له‌م سه‌ری دیوه‌كه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری، پاش‌نیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه‌ بوو.
ده‌بوو بێ‌ئه‌ملا و ئه‌ولا له‌گه‌ڵ چا، مارمالادم بخواردبایه‌، دوایه‌ش له‌ مره‌با جۆراوجۆره‌كانیم بچه‌شتبایه‌. له‌ ڕوخسارم ڕاده‌ما؛ هه‌تا من ده‌مگوت: «به‌ڵێ؛ زۆر باش ده‌رهاتووه‌.» جا برۆ وسمه‌ لێ‌دراوه‌كانی به‌رز ده‌بوونه‌وه‌، بزه‌یه‌ك ده‌نیشته‌ سه‌ر ڕوخساری و لۆچی لای ئێسكی لاجانگی ده‌كرانه‌وه‌ و ڕیزی ددانه‌ ده‌سكرده‌كانی له‌ نێوان لێوه‌ سووره‌كانییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وتن، و ده‌یگوت: «ئۆخه‌یش.» دوایه‌ كه‌وچكه‌ چایخۆرییه‌ نوروبیلینییه‌كه‌ی ده‌خسته‌ نێو مره‌باكه‌وه‌ و ده‌یگوت: «خۆشم تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌.» پاش چا و مره‌با، نۆره‌ی قسه‌ی ئاسایی بوو. بۆ نموونه‌ ده‌مگوت نامه‌یه‌كم له‌ بنامه‌ڵه‌كه‌مه‌وه‌ بۆ هاتووه‌، یان ئه‌مساڵ هه‌وا ته‌زوویه‌كی ساردی هه‌یه‌، یان سینه‌ما مایاك چ فیلمێك پیشان ده‌دا. كاتێ قسه‌ ئاساییه‌كانیشمان ته‌واو ده‌بوو، خاتوو ئانا ده‌یگوت: «با بڕێ وه‌ره‌قێن بكه‌ین. جاڕز بووم.» هه‌ڵده‌ستا و به‌ لای ئاوێنه‌ باڵانوێنه‌كه‌ی دیوه‌كه‌ و گڕامافۆنه‌ هه‌میشه‌ خاوێنه‌كه‌یدا تێده‌په‌ڕی، بڕێك ڕاده‌وه‌ستا و ده‌یگوت: «نا، دوایه‌.» و ده‌سته‌یه‌ك وه‌ره‌قی له‌ كومێده‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا و ده‌یگوت: «ئێستا...» گڕامافۆنه‌كه‌ی قورمیش ده‌كرد، ده‌رزییه‌ كۆنه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنا و یه‌كێكی تازه‌ی ده‌خسته‌ سه‌ر و گڕامێكی تازه‌ش له‌ سه‌ری. «... گوێی لێ‌ڕاده‌گرین.»
به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ بوو كه‌ گوتم: «خاتوون، وا دیاره‌ ئه‌م ورده‌ گوڵانه‌ی ڕوومێزییه‌كه‌ت، دوای گوڵ‌دۆزیی یه‌كه‌م جار، گوڵدۆزی كراونه‌ته‌وه‌.»
خاتوون گوتی: «چۆن، لاوه‌ گیان؟»
گوتم: «هه‌روا. چونكه‌... وا دیاره‌... ئه‌مانه‌... نازانم! وا دیاره‌ كاری پێشتر بن... پینه‌ كراون؟»
خاتوون گوتی: «ئه‌م ڕوومێزییانه‌ هی نینای ده‌سته‌خوشكمه‌؛ به‌ڵام گوڵه‌ ورده‌كان كاری خۆمه‌، هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی دا به‌ من و ڕۆیشت.»
دوایه‌ گوتی:‌ «خۆ فلووت نازانی. رامیی دووكه‌سی ناخۆش نییه‌.»
ئاوڕم دابۆوه‌ و چاوم له‌ وێنه‌ی نینا ده‌كرد.
ده‌ستی یه‌كه‌م من بردمه‌وه‌.
خاتوون جگه‌ره‌یه‌كی له‌ قوتووه‌كه‌ ده‌رهێنا. شه‌مچه‌كه‌م بۆ داگیرساند. ده‌ستی دووهه‌م ئه‌و بردیه‌وه‌.
پرسیی: «چا ده‌خۆیه‌وه‌؟»
گوتم: «نا.»
ـ ده‌چم پیراشكی دێنم.
هه‌ستا. كاتێ جگه‌ره‌كه‌ی ده‌خسته‌ ژێرجگه‌ره‌که‌وه‌، خۆڵه‌كه‌ی ڕژا. به‌ سه‌ربازی پیك، خۆڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕوومێزییه‌كه‌ كۆ كرده‌وه‌.
ـ ده‌بێ سبه‌ینێ بیشۆم.
هیچ قامكێكی خاتوون ئانا ئه‌نگوستیله‌ی تێدا نه‌بوو. جگه‌ره‌كه‌ی كوژانده‌وه‌. به‌ سه‌ری نینۆكی، دوو سێ په‌ڕه‌تووتنی به‌جێمای سه‌ر زمانی هه‌ڵگرت و به‌ نینۆكه‌كه‌ی دیكه‌ حه‌وای دایه‌ نێو ژێرجگه‌ره‌که‌.
ـ بچم پیراشكی بێنم.
ده‌نگی موسیقا ده‌هات. لیوانه‌كه‌ هه‌تا نیوه‌ی ئاوی تێدابوو.
وه‌ره‌قه‌كان له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ بڵاو ببوون. تۆزێك خۆڵی جگه‌ره‌كه‌، ڕوومێزییه‌كه‌ی پیس كردبوو. جگه‌ره‌كه‌ هێشتا دووكه‌ڵێكی باریكی لێ‌هه‌ڵده‌ستا و په‌ڕه‌سپییه‌كه‌ی، ورشه‌ورشی هه‌ر بوو.
خژه‌خژ و ده‌نگی لێدانی ده‌رزیی گڕامافۆن له‌سه‌ر گڕامه‌كه‌، ده‌هات.
هه‌ستام به‌ره‌و گڕامافۆنه‌كه‌ چووم. لای گڕامافۆنه‌كه‌ وێنه‌ی له‌ قاپ‌گیراوی خاتوو ئانا، یان وه‌ك خۆی ده‌یگوت "كیژانی پۆلی سه‌مای فۆكسترۆت"، ده‌بیندرا.
ده‌رزییه‌كه‌م لابرد. چه‌کمه‌جه‌ی لای گڕامافۆنه‌كه‌، زۆری گڕام تێدابوو. دانه‌دانه‌ گڕامه‌كانم هه‌ڵگرت. "ئالبێرتا ئالبێرتا"، بۆ سه‌مای فۆكسترۆت، "لوپانزا" بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌مای "رومبا"یان ده‌كرد، "مامی‌دریم" و "سێرتسا"، بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانهه‌ویست سه‌مای "تانگۆ" بكه‌ن.
خاتوو ئانا گوتی: «له‌ كاتی سه‌مای تانگۆدا، پیاوه‌كان لاقی خانمه‌كان پێشێل ده‌كه‌ن.»
ئاوڕم داوه‌.
خاتوون گوتی: «وه‌ره‌ هه‌تا گه‌رمه‌ ته‌واوی كه‌. ئێستا كه‌س ئه‌م سه‌مایانه‌ نازانێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌وڕۆ فرێد ئاستێر و ستێر ویلیامز له‌وپه‌ڕی دنیا، و من لێره‌، له‌ ئێران، بیانزانین.»
منیش تاقه‌تی فێربوونیانم نه‌بوو و ئه‌مه‌ش خاتوونی خۆشحاڵ ده‌كرد. زۆر باش بوو. به‌ قسه‌ی خاتوون، هه‌موو كرێ‌نشینه‌كان ده‌یانهه‌ویست فێری سه‌ما بن، بێجگه‌ له‌ من. هه‌ربۆیه‌ من پاش‌نیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌ممانه‌م هه‌بوو. گڕامافۆنه‌كه‌م كوژانده‌وه‌.
دیسان كه‌شه‌فێكی دیكه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا. ده‌ورییه‌ك بۆ من، ده‌ورییه‌كیش بۆ خۆی. پرسیی: «به‌ ده‌س ده‌یخۆی یان به‌ چنگاڵ و چه‌قۆ؟ پیراشكیی په‌نیر، پیراشكیی گۆشت، پیراشكیی په‌نیر و ئه‌سپه‌ناغ. له‌ هه‌ر كامێكیان پێت‌خۆشه‌ هه‌ڵگره‌. ئه‌م سێ‌گۆشانه‌، پیراشكیی گۆشتن. هه‌تا سارد نه‌بۆته‌وه‌ بیخۆ. هه‌وا زۆر سارد بووه‌. بیخۆ با ده‌ستێكی دیكه‌ش بكه‌ین.»
گوتم: «باشه‌.»
گوتی: «نا، ببووره‌.» و لیوانه‌كانی خسته‌ سه‌ر كه‌شه‌فه‌كه‌. كه‌شه‌فه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانا. وه‌ره‌قه‌كانی كۆ كرده‌وه‌ و ڕوومێزییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و بردی. پاش‌ماوه‌یه‌ك به‌ ڕوومێزییه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌. گوتی: «ببووره‌.» ڕوومێزییه‌كه‌ی ڕاخست. كه‌شه‌ف و وه‌ره‌قه‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا. گوتی: «نینا ناڕه‌حه‌ت ده‌بوو. ئه‌مانه‌ هه‌موو كاری نینایه‌.»
پرسیم: «وا دیاره‌ نینات زۆر خۆش ده‌ویست.» قه‌پێكم له‌ پیراشكییه‌كه‌م گرت.
خاتوون گوتی: «زۆر. بیره‌وه‌ریی زۆرم له‌گه‌ڵی هه‌یه‌... هه‌تا كاتێ ون بوو.»
ـ ون بوو؟
گوتی: «كاتێ مێرده‌كه‌ی مرد ون بوو، ئیدی هیچ هه‌واڵێكم لێی نییه‌.»
پرسیم: «ته‌نانه‌ت نامه‌یه‌ك، ماڵ‌ئاواییه‌ك، یادگارییه‌ك، شتێك؟»
خاتوون گوتی: «هیچ شتێك. كاتێ هات بۆ ئێران، له‌ تاران كاری دیته‌وه‌. كچێكی جوان و جه‌حێڵ. له‌ به‌یانییه‌وه‌ هه‌تا پێنجی ئێوارێ، له‌ لاله‌زار، لای دوكتور مامدۆف كه‌ له‌ بادكووبه‌وه‌ هاتبوو، كاری ده‌كرد. به‌ پێرمه‌نگه‌نات، نه‌خۆشه‌كانی ده‌شته‌وه‌ یان ده‌رزییه‌كانی ده‌كوڵاند. بڕێ له‌ نه‌خۆشه‌كانی ده‌شێلا و دوایه‌ ده‌چوو بۆ كافه‌ی ژاڵه‌. ئه‌وێ پڕ بوو له‌ خه‌ڵكی هه‌نده‌ران. فارسه‌كان كه‌متر ده‌هاتن. بولغاری لێ‌بوو، مه‌جاری، ڕووسی. هه‌ر له‌وێ بوو میلای ناسی. میلا لاو بوو. كاری به‌ كه‌س نه‌بوو، له‌گه‌ڵ شه‌ریكه‌ی "ئه‌شكودا" هاتبووه‌ تاران و ڕوون نه‌بوو بۆ كار ده‌بێ بچێ بۆ كوێ. نینا به‌ ده‌سته‌خوشكه‌كانی گوتبوو ئه‌و هه‌میشه‌ له‌وسه‌ری كافه‌ داده‌نیشت. سه‌نده‌ڵییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌ پشتدا ده‌خست، ته‌نیا دوو پایه‌كه‌ی دواوه‌ی له‌سه‌ر عه‌رز ده‌ماوه‌. لاقه‌كانی و دووپایه‌كه‌ی‌تر له‌نێوان عه‌رز و حه‌وادا بوو. جگه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كرد و بۆ هه‌موو كه‌سێ بزه‌ی ده‌هاتێ. به‌تایبه‌ت بۆ نینا كه‌ له‌ زمانه‌كه‌ی حاڵی ده‌بوو. ورده‌ورده‌ ده‌بوو نینا شه‌وانه‌ شێوی میلای بدابایه‌. هه‌تا ئه‌وه‌ی شه‌وێك، كاتێ نینا شێوی میلای له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا و دوای گوتنی «هیچی دیكه‌ت ناوێ،» ویستی بگه‌ڕێته‌وه‌، میلا مه‌چه‌كی نینای گرت. میلا خۆی بۆ ڕانه‌گیرا و دووپایه‌ی سه‌نده‌ڵی شه‌ق به‌ عه‌رزدا كه‌وت. دووسێ میوانی مێزه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئاوڕیان داوه‌ و چاویان لێ كردن. میلا گوتی: «له‌گه‌ڵم دێی بۆ ده‌شتی موغان، نینا؟» نینا گوتی: «بۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵت بێم؟»
میلا گوتی: «چونكه‌ خۆشم ده‌وێی.» نینا گوتی: «دێم.» ئه‌وشه‌وه‌ هه‌تا به‌یانی یان هه‌تا به‌یانیی دواتر چی ڕووی‌دا، گوتنی ناوێ؛ چونكه‌ زۆر زۆر شه‌كه‌ت ده‌بی، لاوه‌ گیان. پیراشكییه‌كانیش سارده‌ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ نینای به‌ڵالێدراوی هه‌ڵاتوو له‌ وڵات شانسێكی گه‌وره‌ بوو. به‌ دوكتۆری گوت ئافره‌تێكی دیكه‌ بێنێ، و هه‌تا دوانێوه‌ڕۆ، له‌ نادری، ئێستا چی پێ‌ده‌ڵێن، عه‌لاده‌وله‌، فیرده‌وسی، له‌ ئیسلامبول به‌دوای كه‌لوپه‌لی ژیاندا گه‌ڕا. سه‌ماوه‌ری كڕی، مه‌نقه‌ڵی كڕی، دوو فه‌رشی دیواریی زۆر جوانی كڕی كه‌ هی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ بوو. زۆر نه‌رم. نینا ده‌یگوت: «وه‌كوو هاورێشم.» سوور بوو، بنیاده‌می تێدابوو كه‌ جل‌وبه‌رگی درێژی سپییان له‌به‌ر كردبوو و كڵاوی گوڵینگداری سه‌وز و سووریان له‌سه‌ر نابوو. ته‌واو ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌. ئه‌وكاته‌ی سواری ماشینێك بوون كه‌ بڕیاربوو بیانبا بۆ ده‌شتی موغان، پێكه‌وه‌ زه‌ماوه‌ندیان كردبوو.»
پرسیم: «چووبوونه‌ كلێسه‌؟»
گوتی: «زه‌ماوه‌ندیان كردبوو، به‌ یه‌غدانێكه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ بیرم نییه‌ نینا چی تێ‌خستبوو و دوو چه‌مه‌دان جل‌وبه‌رگ. به‌ سڵامه‌ت نینا. به‌ڵام تۆ لاوه‌ گیان؛ له‌م پیراشكییانه‌ بخۆ. یه‌غدانه‌كه‌ بێجگه‌ له‌و شتانه‌ی گوتم، كه‌تانی سپیی ڕووسی تێدابوو. ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و ده‌رزی و قوتووی دوگمه‌ی تێدابوو. ده‌رزییی سه‌رشووشه‌یی تێدابوو، ده‌وری، چنگاڵ، كه‌وچك.»
گوتم: «خاتوون؛ شه‌ومان دره‌نگ كرد. ئه‌گه‌ر ئیزنم بده‌ی...»
گوتی: «با ئه‌مشه‌و دره‌نگ بخه‌وین، قه‌ی‌چ‌ده‌كا! هه‌تا نیوه‌ی ڕێ هاتووین. بیره‌وه‌ریی هاواڵه‌كه‌م نینا، قه‌ڵافه‌ته‌كه‌ی، ده‌سته‌كانی كه‌ ده‌ماره‌ شینه‌كانی دیار بوون، هه‌موویان ئێستاكه‌ هاتوونه‌ته‌ ئێره‌.»
هیچم نه‌گوت.
خاتوون گوتی: «رێگایه‌كی دوور و درێژ بوو هه‌تا ده‌شتی موغان. نینا سه‌ری ده‌كه‌وته‌ سه‌رشانی میلا. ده‌چووه‌ خه‌و. له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستا و ده‌یگوت: «نه‌گه‌یشتین؟» له‌ خه‌ودا بوون كه‌ له‌ قه‌زوێن و زه‌نجان و ته‌ورێز و میانه‌ و له‌ كوێ و كوێ تێپه‌ڕین، هه‌تا گه‌یشتنه‌ ده‌شتی موغان. میلا گوتی: « گه‌یشتین.» نینا گوتی: «گه‌یشتینه‌ كوێ؟» میلا گوتی: «ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌بوو بیگه‌ینێ.» نینا گوتی: «ئه‌ی كوا ماڵه‌كه‌كان؟» میلا گوتی: «هێشتا خۆشم نازانم.» ماشێنه‌كه‌ له‌به‌ر ماڵێكی دارین ڕاوه‌ستا. میلا گوتی: «لێره‌ دانیشه‌ هه‌تا دێمه‌وه‌.» له‌ ماشێنه‌كه‌ دابه‌زی و به‌ره‌و ماڵه‌ دارینه‌كه‌ ڕۆیشت. پاش‌ماوه‌یه‌ك چه‌ن شۆڕه‌ژن و منداڵ به‌ مراوی و قه‌ل و مریشك و كه‌ڵه‌شێرێكی زۆره‌وه‌ به‌ره‌و نینا هاتن. گوتیان: «تۆی ژنی ئاغای نیكۆلافسكی؟ وه‌ره‌ خوارێ بتبینین.» نینا نه‌یده‌زانی چ‌بكا؟ سه‌روقژی ڕێك بكا یان ده‌ستێك به‌ ده‌م‌وچاویدا بێنێ؟ ته‌نیا پێكه‌نی. درگاكه‌ی كرده‌وه‌ و به‌ ژنه‌كانی گوت: «ئێره‌ كوێیه‌ من هاتووم؟» له‌ ژوورێكی ماڵه‌ دارینه‌كه‌دا كه‌ كاتێك به‌ سه‌ریدا ده‌ڕۆیشتی ته‌قه‌ته‌قی ده‌كرد، جێیان بۆ كرده‌وه‌. سندووقه‌كه‌یان له‌ نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه‌ دانا. ژنێكیان گوتی: «كۆتره‌كان؛ خۆ كارێكتان نییه‌؟» درگای پێوه‌دا و ڕۆیشت. دیوه‌كه‌ چكۆله‌ بوو. نینا گوتی: «خۆ قه‌ره‌وێڵه‌شمان نییه‌.» میلا گوتی: «به‌ درووست‌كردنی ده‌ده‌م.» نینا سندووقه‌كه‌ی كرده‌وه‌. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانی هێنا ده‌رێ. گوتی: «ره‌فحه‌ و قه‌فه‌زه‌شمان نییه‌ په‌رداخ و ده‌وری و قوتووی ده‌رزی و ده‌زووه‌كانمی له‌سه‌ر دانێم.» درگای سندووقه‌كه‌ی داخست. له‌سه‌ری دانیشت و به‌ میلای گوت بریا نه‌هاتبایه‌ن بۆ ئێره‌ و له‌ قوڵپه‌ی گریانی دا. میلا گوتی: «لانی‌كه‌م فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كان داكوته‌.» چوو بۆلای نینا. ده‌ستی به‌ قژیدا هێنا. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانی له‌ نینا وه‌رگرت و له‌سه‌ر عه‌رز ڕایخست. هه‌ردووكیان له‌سه‌ری درێژ بوون و یه‌كتریان له‌ ئامێز گرت. به‌ ده‌نگی درگا له‌ خه‌و هه‌ستان. ژنه‌ هاوسێكانیان بوون. ده‌یانگوت: «نینا گیان، هێشتا جێگای ئاشپه‌زخانه‌ و حه‌مام و ده‌سبه‌ئاو فێر نه‌بووی؟ كه‌ی دێیته‌ ده‌رێ كۆتره‌ لاو؟» كه‌ شه‌و داهات، پیاوه‌كان له‌ كار گه‌ڕانه‌وه‌. هه‌موو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵێ له‌سه‌ر مێزێكی درێژی دارین و سه‌نده‌ڵیی دارین دانیشتن و به‌ خۆشیی كۆتره‌ لاوه‌كان، خواردیان و خواردیانه‌وه‌. كه‌ سه‌ریان گه‌رم داهات، له‌بیریان چوو مریشك و مراوییه‌كان بكه‌نه‌وه‌ كولانه‌. هه‌ر له‌به‌ر ده‌ست و پێیاندا ده‌هاتن و ده‌چوون. نۆره‌ی گارمۆن و ویۆڵۆن و ئاكاردۆن و به‌زم و سه‌ما هات. كاتێ په‌رداخه‌كان به‌رز ده‌بوونه‌وه‌، به‌ خۆشیی تازه‌بووك ‌و زاوا لێك‌ده‌دران. كازاچۆك و ڕاسباڵ دوایی هات و نۆره‌ گه‌یشته‌ واڵس. منداڵه‌كان هه‌ر له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌كان خه‌ویان لێكه‌وت و مریشكه‌كان به‌ چاوی ئاوه‌ڵاوه‌ خه‌و بردنییه‌وه‌. ده‌ستی پیاوه‌كان له‌سه‌ر شانی ژنه‌كانیان بوو. ژنه‌كان له‌ شوێنێكی دووریان ده‌ڕوانی، زۆر به‌ هێواشی ده‌ستیان به‌ سه‌ر قامكی مێرده‌كانیاندا ده‌هێنا. نینا به‌ میلای گوت سه‌رمامه‌. میلا گوتی: با بڕێكی دیكه‌ش سه‌ما بكه‌ین.» ئه‌و كاته‌ی هه‌ركه‌سه‌ی به‌ره‌و دیوی خۆی ڕۆیشت، نیوه‌شه‌و داهاتبوو. هه‌ر كامه‌یان شۆخییه‌كیان له‌گه‌ڵ نینا و میلا كرد. نێنا پێده‌كه‌نی و سه‌ری له‌ نێو سینگی میلادا ده‌شارده‌وه‌. دوو ژن و مێرد به‌ میلا و نینایان گوت ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان دێین؛ و له‌دوای كۆتره‌كانه‌وه‌ گۆرانییان گوت، هه‌تا كۆتره‌كان گه‌یشتنه‌ دیوه‌كه‌یان. میلا گوتی: «زۆرچاكه‌، ئیدی شه‌وتان خۆش.» نینا درگای كرده‌وه‌. قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك له‌ نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه‌ بوو. ژن و مێرده‌كان گوتیان: «شه‌وتان خۆش كۆتره‌كان؛ هه‌تا به‌یانی نه‌خه‌ون.» درگایان پێوه‌دا و ڕۆیشتن. كه‌ڕڕه‌ی به‌یانی نینا چاوی هه‌ڵێنا. ده‌نگی هاتوچۆ، زووكه‌ وه‌ره‌ ده‌رێ، كوا نان و چایی من، وڵاتی داگرتبوو. میلای هه‌ستاند و گوتی: «وه‌ختی كاره‌ میلا.» كه‌ درگایان كرده‌وه‌ هه‌موویان چه‌پڵه‌یان بۆ لێدان. یه‌كیان گوتی: «باس‌وخواس؟» و قاقا پێكه‌نی. كاتێ نان و چایان به‌ پیاوه‌كان دا، نینا چووه‌ دیوه‌كه‌ی خۆی. قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی ڕێك‌وپێك كرد، فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانی داكوتا، و له‌گه‌ڵ ژنه‌ جیرانه‌كان قسه‌ی كرد؛ چێشتی لێنا، هه‌تا ئێواری كه‌ میلا هاته‌وه‌. هه‌موو شه‌كه‌ت و ماندوو بوون. هه‌واش سارد بوو. نینا گوتی: «سه‌روچاوت ده‌شۆی؟ ده‌زگای ڕیش‌تاشینه‌كه‌تم داناوه‌.» كاتێ میلا سه‌روچاوی شت و ڕیشی تاشی و به‌ خاولی ده‌م‌وچاوی ویشك كرده‌وه‌، به‌ نینای گوت: «ئێستا ده‌مه‌وێ چاو له‌ تۆ بكه‌م. ئه‌مڕۆ چیت كردووه‌؟» نینا له‌سه‌ر لاقی میلا دانیشت. هه‌ر پێكه‌وه‌ قسه‌یان كرد و گوێیان بۆ یه‌كتری ڕاگرت هه‌تا كاتی خه‌و.»

خاتوون بێده‌نگ بوو، پاشان گوتی: «وا دیاره‌ زۆر قسه‌ ده‌كه‌م. به‌ڵام كاتێ بیره‌وه‌رییه‌كانی نینام دێته‌وه‌ یاد، وه‌كوو په‌رده‌ی سینه‌ما هه‌تا كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڕوا؛ بێ‌ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك ڕاوه‌ستانی هه‌بێ. ماندووت ده‌كه‌م لاوه‌ گیان.»
گوتم: «بیره‌وه‌رییه‌كانی نینا سه‌رنجی منیشی ڕاكێشاوه‌. دوایه‌ چی ڕووی‌دا؟»
خاتوون گوتی: « بۆ حه‌وتووی دواتر، دیوه‌كه‌ هه‌م قه‌ره‌وێڵه‌ی لێ‌بوو، هه‌م مێزێكی چكۆله‌ به‌ دوو چوارپایه‌وه‌، قه‌فه‌سه‌یه‌كی چكۆله‌ و سه‌نده‌ڵییه‌كی ڕاحه‌تی بۆ نینا. هه‌وا سارد ببوو. له‌په‌نای دیواره‌كه‌ كووره‌یان دانابوو كه‌ قۆڵه‌كه‌ی له‌ په‌نجێره‌وه‌ ده‌چووه‌ ده‌رێ. شه‌وانه‌ له‌به‌ر ڕووناكایی له‌نته‌ر، نینا له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌ ڕاحه‌تییه‌كه‌ی، كه‌تانه‌ ڕووسیه‌كانی گوڵ‌دۆزی و ژماره‌دۆزی ده‌كرد. میلاش له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ ڕاده‌كشا و كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌كۆخی، و نیناش چایی و شه‌ربه‌تی سولكامفێری بۆ ده‌هێنا كه‌ بۆ سنگ ده‌بوو و ئه‌وكات تازه‌ هاتبوو، شه‌وانه‌ خاولیی گه‌رمی له‌سه‌ر سنگی داده‌نا. له‌ سه‌ره‌تای پاییزه‌وه‌ كه‌ تازه‌ هاتبوون، دوو مانگ تێپه‌ڕیبوو. پاییز خه‌ریك‌بوو ماڵئاوایی ده‌كرد. كه‌تانه‌ ڕووسیه‌كانی نینا ته‌واو ببوون. سێ‌دانه‌ ڕوومێزی خڕ به‌ گوڵه‌باغ و وه‌نه‌وشه‌وه‌، چه‌ند ده‌سماڵی چكۆله‌ به‌ گوڵی یاسه‌وه‌، شه‌ش‌دانه‌ گوڵدۆزی‌كراو به‌ گوڵی پێنج‌په‌ڕی په‌مه‌یییه‌وه‌ بۆ پاڵ ده‌وری، چه‌ند ده‌سماڵی چكۆله‌ كه‌ پیتی یه‌كه‌می ناوی نینا و میلای له‌سه‌ر گوڵ‌دۆزی كرابوو، و چه‌ند دانه‌ش ژماره‌دۆزی‌كراو. ئیتر كه‌تانێك نه‌مابۆوه‌. نینا گوتی: «میلا، كارێ بكه‌. جاڕز بووم.» نینا له‌به‌ر وه‌ڕه‌زی له‌سه‌ر كڵاوی گوڵینگداری فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كان گوڵدۆزی ده‌كرد، هه‌تا ئه‌وه‌ی میلا نۆبه‌تێی گرت. هه‌ركارێك ژنه‌كان ده‌یانزانی كردیان، ته‌نانه‌ت دێهاتییه‌كانیش هاتن نۆشادریان سووتاند. هیچی پێ‌نه‌كرد. میلا هه‌ناسه‌ی ده‌رنه‌ده‌هات. خژه‌خژ و كۆخه‌ و یاوه‌كه‌ی زۆرتر بوو. ده‌بوو بیبه‌ن بۆ شار.»
پرسیم: «بۆ كوێ؟»
خاتوون گوتی: «تاران.»
پرسیم: «به‌ هاتوچۆی ئه‌وكاته‌ هه‌تا ده‌گه‌یشتێ ده‌مرد.»
خاتوون گوتی: «گوێت لێ‌بێ لاوه‌گیان. به‌ ماشینێك كه‌ ژن و مێردێكی جه‌حێڵی هێنابوو، هاتن بۆ تاران. ناكرێ بڵێین ماشێن؛ كامیۆن بوو. چه‌ند ڕۆژیش له‌ به‌رزایی و كه‌له‌كان مابوونه‌وه‌. نینا گوتی: «میلا؛ ده‌ڕۆین و ناگه‌ڕێینه‌وه‌. یانی من كه‌ ئیدی ناگه‌ڕێمه‌وه‌.» ده‌وری و په‌رداخ و یه‌غدانه‌كه‌ی دا به‌ ژنه‌ جیرانه‌كانی. قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی دا به‌ ژن و مێرده‌كه‌. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كان، گوڵدۆزییه‌كان و چه‌ند كه‌رسته‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌ڵگرت و خستنیه‌ چه‌مه‌دانێكه‌وه‌. میلایان خسته‌ نێو ماشێن. مه‌نقه‌ڵیان له‌ژێر لاقیدا هه‌ڵكرد هه‌تا گه‌رمی بێته‌وه‌. نینا لای په‌نجێره‌كه‌ دانیشت. شۆفیره‌كه‌ ماشێنی هه‌ڵكرد. نینا سه‌ری له‌ په‌نجێره‌كه‌وه‌ ده‌رهێنا و ده‌ستی بۆ ژنه‌ دراوسێكانی هه‌ڵته‌كاند. منداڵان كه‌وتنه‌ دوای ماشێن و مریشك و كه‌ڵه‌باب و قه‌ل و مراوی به‌م‌لاولادا هه‌ڵاتن و كه‌وتنه‌ باڵه‌پڕژه‌. هه‌تا میانه‌ ڕێگا خراپ نه‌بوو. زۆر تووشی ناڕه‌حه‌تی نه‌بوون. به‌ڵام میلا یاوی هه‌بوو. نینا له‌په‌ستا سه‌روچاوی میلای به‌ خاولی ته‌ڕ ده‌كرد و قژی دادێنا. ده‌سته‌ گه‌رمه‌كانی میلای به‌ ڕوومه‌تییه‌وه‌ ده‌نا هه‌تا فێنك ببنه‌وه‌. له‌په‌ستا پرسیاری ده‌كرد: "باشی میلا؟ باشی میلا؟" دوایه‌ ڕوومه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی به‌ په‌نجێره‌ی سه‌هۆڵ‌گرتووی ماشێنه‌كه‌وه‌ ده‌نا. میانه‌ دوكتۆری نه‌بوو. هه‌تا ته‌ورێز به‌فر وه‌ك سه‌لكه‌چۆكه‌ ده‌باری. هه‌تا بگه‌نه‌ ئه‌وێ، ڕۆژێك له‌ ڕێگا مابوونه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ هه‌تا نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ نینۆكه‌كانی میلا خه‌ریك بوو، هه‌موویانی كرد. گۆشتی ده‌وروبه‌ری نینۆكه‌كانی هه‌ڵكه‌ند. قامكه‌كانی ده‌ستی شێلا. به‌ قه‌ڵه‌م له‌سه‌ر نینۆكه‌كان چاو و برۆی كێشاوه‌. میلا پێكه‌نی. نینا گوتی: "باشتری میلا؟" میلا گوتی: "باشم؟" دوكتۆره‌كانی ته‌ورێز گوتیان باشترین شوێن، نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕه‌وییه‌ له‌ تاران. گوتی ده‌یبه‌م و به‌ڕێ‌ كه‌وتنه‌وه‌، هه‌تا زه‌نجان. له‌سه‌ر مه‌نقه‌ڵی چایی لێ‌ ده‌نا. له‌په‌ستا ماڵئاوایی شۆفیره‌كه‌ی ده‌كرد.
پرسیم: "خاتوون، میلا مرد؟ حه‌تمه‌نه‌ نیناش مرد.»
گوتی: «په‌له‌ مه‌كه‌. ڕوون نییه‌. ده‌ته‌وێ دیسانه‌كه‌ قاوه‌ت بۆ دروس بكه‌م؟ پێت‌خۆشه‌ یه‌كشه‌ممه‌یه‌كی دیكه‌ پاشماوه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه‌؟»
گوتم: «په‌له‌ ناكه‌م، خاتوون. بڕێك سه‌رمامه‌. ئێمه‌ش له‌ به‌فرا گیرمان كردووه‌. ده‌خۆمه‌وه‌ خاتوون.» جه‌سته‌م گه‌رم داهاته‌وه‌.
خاتوون گوتی: «نینا هه‌موو ڕۆژێ له‌سه‌ر مه‌نقه‌ڵه‌كه‌ به‌ ئاوی گه‌رم خاولیی ته‌ڕ ده‌كرد و به‌ سه‌روچاوی میلایدا دێنا. دوایه‌ به‌ ئاو و سابوون و فڵچه‌، كه‌فاوێكی دروست ده‌كرد و به‌ تیغ، ڕیشی میلای ده‌تاشی. دوایه‌ ئاوێنه‌كه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌روچاوی ڕاده‌گرت و ده‌یگوت: «چاو لێ‌بكه‌، بوویه‌ته‌وه‌ تازه‌ لاوێك! خۆ ئێستاكه‌ باشتری؟» شه‌وێك له‌ هوتێل قه‌زوێن مانه‌وه‌. ده‌ستی دا ژێرباڵی میلا هه‌تا له‌ دیوه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ بچنه‌ سه‌رمێزی شێوخواردن. سه‌روچاوی نینا له‌به‌ر تینی یاوی میلا گه‌رم داهاتبوو و سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. میلا سوبیشی نه‌خوارد. چاوی هه‌ڵنه‌ده‌هات. هه‌ر ده‌یگوت: "با بخه‌وین. له‌ شوێنێكی فێنكدا نیناگیان." له‌ قه‌زوێنه‌وه‌ هه‌تا تاران میلا وڕێنه‌ی ده‌كرد. باسی سه‌گێكی ده‌كرد كه‌ به‌دوایاندا وه‌ڕیوه‌. داوێنی نینای كێشاوه‌. ده‌یگوت: "بڕۆ، بڕۆ." نینا به‌ده‌ست شووشه‌ی پێشه‌وه‌ی ماشێنه‌كه‌ی ده‌سڕی و ده‌یگوت: "چاو لێ‌بكه‌. كه‌سی لێ‌ نییه‌. ئێستا ده‌گه‌ینێ. هه‌موولایه‌ك سپی داگه‌ڕاوه‌." به‌ هه‌ر ته‌كانێكی ماشێن، سه‌ری میلاش ده‌جووڵاوه‌ و ده‌یگوت: "ئای سه‌رم، نیناگیان." شه‌وێك به‌ر له‌ ساڵی نوێ گه‌یشتنه‌ تاران. كامیۆنه‌كه‌ له‌به‌ر درگای نه‌خۆشخانه‌ ڕاوه‌ستا. له‌ تارانیش به‌فر باریبوو، ده‌تگوت بووكه‌ و تارای سپی پۆشیوه‌. نینا درگای كرده‌وه‌. هه‌تا قولاپه‌ له‌ به‌فر ڕۆچوو. گوتی: "چه‌ند سارده‌."»
خاتوون هه‌ستا و له‌ كومێده‌كه‌ شاڵه‌ ده‌سچنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و به‌ شانیدا دا و گوتی: «شۆفیره‌كه‌ هاته‌ یارمه‌تیی نینا. شه‌قه‌شه‌قی ددانی میلا ده‌هات. به‌ هه‌ردووكیان دایانگرت. ئاگایان لێ‌بوو نه‌خلیسكێ. میلا له‌په‌ستا ده‌یگوت: "نی نی نی‌نا گیان." هه‌تا درگای ژووره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌، هه‌ر ده‌نگی شه‌قه‌شه‌قی ددانی میلا ده‌هات. كاتێ درگا كراوه‌، میحڕابێكی گه‌وره‌یان دیت كه‌ چرای سوور و زه‌رد و سه‌وزی هه‌بوو. هه‌ڵده‌بوو و ده‌كوژاوه‌. عیسا مه‌سیح و فریشته‌كان و... له‌ژێر میحڕابه‌كه‌ بوون. ئه‌ستێره‌یه‌كی تریفه‌داریش له‌سه‌ر میحڕابه‌كه‌ بوو. دوو په‌رستار هاتنه‌ یارمه‌تی. دوای ماوه‌یه‌ك میلایان به‌ ڕووتی خسته‌ نێو وانێكی پڕ له‌ ئاوی گه‌رم و سه‌وز، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م گه‌رم دابێته‌وه‌ هه‌م چڵكی له‌شی لاچێ. دوایه‌ میلایان ویشكه‌وه‌ كرد و كراسیان بۆ له‌به‌ر كرد و له‌سه‌ر ته‌ختی ژماره‌ 22 خه‌واندیان. میلا گوتی: "باشم خه‌و لێ‌ده‌كه‌وێ. بڕۆ نینا گیان." و چاوی قووچاند. به‌ڵام لاوه‌گیان، نینا چی كرد؟ چه‌مه‌دانه‌ی هه‌ڵگرت و ڕاست چوو بۆ كافه‌ی ژاڵه‌. هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی له‌وێ میلای ناسیبوو. له‌به‌ر ده‌ركه‌، لاقی خاوێن كرده‌وه‌. كه‌ درگای كرده‌وه‌، جێگای ده‌رزی هه‌ڵاویشتنی نه‌دی، به‌ ده‌وری هه‌موو مێزه‌كاندا مشته‌ری دانیشتبوون. دیسان هه‌ر ئه‌و مشته‌رییانه‌. ئۆركێسترایه‌كی هۆنگری، چارداشی لێ‌ده‌دا. نینا هه‌ستی كرد گۆره‌وییه‌كانی به‌ به‌فر خووساوه‌ و قژی له‌به‌ر به‌فری نێوڕێ ته‌ڕ و خاو بۆته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ نووساون. پیاوه‌كان چاویان له‌ نینا نه‌كرد. نینا هه‌ستی به‌ خۆشحاڵی كرد. له‌ تاران بوو. میلاشی گه‌یاندبووه‌ نه‌خۆشخانه‌. خودا هاتبووه‌ یارمه‌تیی. دیوێكیش له‌ نهۆمی سه‌رێ چۆڵ بوو. كاتێ كلیله‌كه‌ی وه‌رگرت به‌ هه‌ڵاتن له‌ پلیكانان وه‌سه‌ر كه‌وت. درگای كرده‌وه‌. لامپه‌كه‌ی هه‌ڵكرد. چه‌مه‌دانه‌كه‌ی له‌ نێوه‌ڕاستی دیوه‌كه‌ دانا. چاوی به‌ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك و مێزێكی چكۆله‌ و ئاوێنه‌یه‌ك له‌ پشتی درگاكه‌ و كومێدێك و په‌نجێره‌یه‌ك كه‌وت. چووه‌ به‌ر په‌نجێره‌كه‌. په‌رده‌كانی سپی و شین بوون. له‌وبه‌ری شووشه‌كه‌وه‌ شه‌قام دیار بوو كه‌ جارجاره‌ ماشێن یان عاره‌بانه‌یه‌ك، هێڵێكی له‌ سه‌ر سپێتی یه‌كده‌ستی شه‌قامه‌كه‌ دروست ده‌كرد. چووه‌ به‌ر ئاوێنه‌. ده‌نگی خه‌ڵك و زرینگه‌ زرینگی له‌ یه‌ك‌درانی پێك و په‌رداخی بیست. هه‌ناسه‌یه‌كی شادیی هه‌ڵكێشا. چه‌مه‌دانه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانی ده‌رهێنا. دوو پیاوی میسری به‌ كڵاوی گوڵینگداره‌وه‌، كه‌ گوڵدۆزی له‌سه‌ر كردبوون، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا. بڕیاری دا بیانبا بۆ میلا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ دڵته‌نگی نه‌كا. دوایه‌ كه‌وشه‌كانی داكه‌ند. قامكه‌كانی لاقی داماڵی. ده‌ستی ته‌ڕ بوو. هه‌ستا، ده‌ورێكی لێدا. شه‌وی ساڵی نوێ و تاران. كراسێكی له‌ چه‌مه‌دانه‌كه‌ ده‌رهێنا. كراسه‌ چرچ و لۆچاوییه‌كه‌ی كه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕێگادا له‌به‌ری كردبوو داكه‌ند و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانا. جلی تازه‌ی كرده‌ به‌ر. ده‌ستی به‌ قژیدا هێنا. كۆی كرده‌وه‌ و ده‌رزی‌قژێكی لێدا. ئاوا باشتر بوو. كه‌مێ سووراوسپیاوی كرد و له‌ ژووره‌كه‌ی هاته‌ ده‌رێ. له‌ پلیكانه‌كان هاته‌ خوارێ. له‌سه‌ر دوایین پلیكان ڕاوه‌ستا. جێگای چۆڵ نه‌مابوو. هه‌موو شوێنه‌ باشه‌كانیان گرتبۆوه‌. ئۆركێسترا ئاهه‌نگی لێده‌دا و هێندێك سه‌مایان ده‌كرد. هه‌ر له‌وێ له‌سه‌ر پلیكانه‌كان دانیشت و داوای سارده‌مه‌نییه‌كی له‌ گارسۆنه‌كان كرد كه‌ هاواڵی بوون و ویستی جێگایه‌كی بۆ بدۆزنه‌وه‌ وه‌ك بنیاده‌م دانیشێ. له‌ هاواڵه‌كانی میلا كه‌س له‌وێ نه‌بوو. ویستی سه‌ردانێكی نه‌خۆشخانه‌ بكات؛ به‌ڵام ده‌یتوانی چ‌بكا؟»
گوتم: «هیچ شتێ خاتوون؟»
ــ هه‌روا دانیشت و دانیشت هه‌تا دوای نیوه‌شه‌و. كاتێ مێزه‌كان به‌تاڵ بوون له‌دوایین پلیكانه‌وه‌ گه‌یشته‌ شوێنێ كه‌ هه‌ر ئه‌و مابۆوه‌ و ئۆركێسترای هۆنگری. ویۆڵۆن‌ژه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانیشتبوو و ئامێره‌كه‌ی له‌سه‌ر لاقی دانابوو. فلووت‌ژه‌نه‌كه‌ له‌نێو فلووته‌كه‌یدا به‌دوای شتێكدا ده‌گه‌ڕا كه‌ نه‌ده‌بیندراوه‌. ئاكاردۆن‌ژه‌ن خه‌وی لێ‌كه‌وتبوو. به‌ڵام ویۆڵۆن‌ژه‌ن هه‌ر خه‌ریكی ژه‌نین بوو. نینا له‌سه‌ر چرپایه‌كی له‌هێستانی ڕووبه‌ڕووی ویۆڵۆن‌ژه‌ن دانیشتبوو و لاقی له‌سه‌رلاق دانابوو. كه‌وشه‌كانی داكه‌ندبوو و به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌وتبوون. به‌ هه‌وای ویۆڵۆنه‌كه‌ سه‌ری ده‌له‌قاند. ویۆڵۆن‌ژه‌ن گوتی: "خاتوونێ، ماندوو نه‌بووی؟ ئێمه‌ هه‌موومان له‌ شان‌وپیل كه‌وتین. خه‌ریكه‌ به‌یانی له‌ درگا بدا." نینا گوتی: "چی؟" و ئاوڕی داوه‌. چرپاكان له‌سه‌ر مێزه‌كان كۆ كرابوونه‌وه‌. گارسۆنێك له‌ ئاخری هۆڵه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزێك خه‌وی لێ‌كه‌وتبوو. ته‌نیا دوو گڵۆپ داییسا. ژه‌نیار گوتی: "لێی‌ده‌مه‌وه‌، خاتوونێ؟" نینا گوتی: "بڵێ نینا. تازه‌ هاتووم. له‌ ترسی سه‌رما هه‌ڵاتووم."
خاتوون، شاڵه‌كه‌ی له‌ شانی توندتر كرد.
ــ ژه‌نیار گوتی: "لێی‌ده‌مه‌وه‌ خاتوو نینا؟" نینا گوتی: "هه‌تا هێزت هه‌یه‌ لێده‌. له‌مێژه‌ ده‌نگی ویۆڵۆنم نه‌بیستووه‌. له‌وانه‌ بوو شێوه‌كه‌یشیم له‌بیر بچێته‌وه‌. پێم‌خۆش‌بوو دیسان ویۆڵۆنم دیته‌وه‌." ژه‌نیار گوتی: "ده‌یجا بۆ خۆشیی ئێوه‌ی لێده‌ده‌م. ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی خۆم زۆرم پێ‌خۆشه‌. جارجاره‌ كه‌ منداڵیی خۆم وه‌بیر دێته‌وه‌ به‌ فیتوو لێی‌ده‌ده‌م." نینا گوتی: "ئاهه‌نگی سێرتسا ده‌زانی؟" ژه‌نیار گوتی: "ره‌نگه‌ بزانم. به‌ فیتوو لێی‌ده‌." نینا به‌ فیتوو لێیدا؛ له‌ پێشدا هێواش؛ دوایه‌ گوتی خراپم لێ‌دا، له‌سه‌رڕاوه‌. پاشان دووسێ نۆت دوابه‌دوای یه‌ك. دوایه‌ ده‌نگی ویۆڵۆن هات. نینا گوتی: "ئێستا ئاوا." قامكه‌كانی له‌ حه‌وا بۆ ئه‌م‌لاو ئه‌ولا برد. ژه‌نیار گوتی: "ئێستا باشتره‌؟" نینا گوتی: "نه‌ من چاكی ده‌زانم نه‌ تۆ." ژه‌نیار گوتی: "سه‌ما ده‌كه‌ی خاتوونێ؟" نینا گوتی: "ماندووم." ژه‌نیار گوتی: "به‌ته‌نیای؟" نینا گوتی: "به‌ته‌نیام." ویستی باسی میلا بكا كه‌ باسه‌كه‌ی برده‌ سه‌ر ده‌شتی موغان و میانه‌ و ته‌ورێز و... دوایه‌ تێگه‌یشت ژه‌نیاره‌كه‌ ئاهه‌نگی سێرتسا لێ‌ده‌دا. نینا گوتی: "ماندوو بووی؟" ژه‌نیار گوتی: "نا خاتوونێ؛ له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌ی ئێوه‌ ده‌هاتم. دیاره‌ هه‌ر كه‌سه‌ی به‌سه‌رهاتێكی هه‌یه‌. گرینگ نه‌گوتنی چیرۆكه‌كه‌یه‌. له‌گه‌ڵ من سه‌ما ده‌كه‌ی خاتوونێ؟" ژه‌نیار و نینا به‌ فیتوو ئاهه‌نگی سێرتسایان لێ‌دا و سه‌مایان كرد. ژه‌نیار گوتی: "من ناوم لۆكایه‌، خاتوو نینا. زۆر خۆشحاڵم ئه‌مشه‌و له‌م‌سه‌ری دنیا له‌گه‌ڵ تۆ سه‌ما ده‌كه‌م." بۆ به‌یانی كاتێ نینا له‌ خه‌و هه‌ستا چوو بۆ نه‌خۆشخانه‌. له‌ دووكانی توركه‌كانی شه‌قامی ئیسلامبول، پرته‌قاڵ و لیمۆترش و قه‌یسی كڕی و له‌ دووكانی خاتوو شیبراوا، كه‌ چاوی په‌ڵه‌ی سووری تێدابوون و ده‌یانگوت شوومی باش نییه‌، مریشك و كه‌ڵه‌شێر و ماسیی شۆگۆلاتی و لیكۆری پرته‌قاڵی كڕی كه‌ میلا پێی‌خۆش‌بوو. كه‌ له‌ پلیكانه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ وه‌سه‌ر كه‌وت، لای دیوی ژماره‌ 22 شۆگۆلاتی بۆ په‌رستارێكی هه‌رمه‌نی ڕاگرت. په‌رستار، دوو ماسیی هه‌ڵگرت كه‌ له‌ نایلۆنی زه‌رد و سووره‌وه‌ پێچرابوون. میلا له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی خه‌وتبوو. له‌ كه‌لێنی درگاكه‌وه‌ گوتی: "میلا، من هاتووم." حاڵیی له‌ په‌رستاره‌كه‌ پرسی. چاوه‌ڕێی وه‌ڵام نه‌ما. چوو بۆلای میلا. میلا كه‌ چاوی به‌ نینا كه‌وت، مه‌لافه‌كه‌ی دا به‌سه‌ر خۆیدا. نینا مه‌لافه‌كه‌ی لادا و گوتی: "میلا، منم، نینا؛ نوقڵی جه‌ژنم بۆ هێناوی." دوایه‌ نێوچاوانی ماچ كرد. "ریشیشت نه‌تاشیوه‌." گه‌رم بوو. میلا گوتی: "سه‌رمامه‌." نینا گوتی: "هه‌موو جێیه‌ك سارده‌." و پێكه‌نی. میلا گوتی: "ئاوم ده‌یێ. بیكه‌ به‌ گه‌روومدا. قومه‌ قومه‌. خه‌ریكم ئاور بگرم." نینا داوای ئاوی كرد و هێواش هێواش به‌ كه‌وچك كردی به‌ ده‌میه‌وه‌. میلا ده‌ستی نینای گرت. چاوی قووچاند. په‌رستار هات. نینا گوتی: "ده‌ستی گرتم و چاوی قووچاند." په‌رستار به‌ نینای گوت بچێته‌ ده‌رێ. په‌رژینه‌كه‌ی به‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ی میلادا كێشا. كاتێ په‌رستار له‌ دیوه‌كه‌ هاته‌ ده‌رێ، ئه‌نگوستیله‌كه‌ی میلای دا به‌ نینا. گوتی: "هی ئێوه‌یه‌. مه‌رگێكی ئارام و جوانی كرد." نینا چاوی له‌ دیوه‌كه‌ و له‌ په‌رژینه‌ سپییه‌كه‌ كرد و گوتی: "نوقڵه‌ماسییه‌كه‌ی نه‌خوارد." گریان ئه‌وكی گرتبوو. پرستار گوتی: "لێره‌ نا. نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌ ناڕه‌حه‌ت مه‌كه‌. خۆشت هه‌روا. خۆت ده‌تزانی ده‌مرێ." له‌ نه‌خۆشخانه‌ هاته‌ ده‌رێ و رۆٍیشته‌وه‌ بۆ كافه‌ و دیوه‌كه‌ی خۆی. چاوی قووچاند و له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ كه‌وت.»
گوتم: «یانی میلای نه‌ده‌ویست؟»
خاتوون گوتی: «به‌یچۆن. نینا پێی‌خۆش‌بوو میلا زیندوو بێ. له‌ سه‌رتاسه‌ری ڕێگا ئه‌مه‌ی پێ‌خۆش‌بوو. ته‌نانه‌ت ئاوی گه‌رم كرد. به‌ فڵچه‌ ڕیشی كه‌فاوی كرد و تاشیی. ئاوێنه‌ی به‌ره‌وڕووی ڕاگرت و گوتی: "چاو لێ‌بكه‌؛ ئێستا باشتری." ئۆدكڵۆنی له‌ ده‌م‌وچاوی دا. به‌ڵام سه‌روچاوی میلا گه‌رم بوو. ده‌م‌وچاوی ده‌نا به‌ په‌نجێره‌ سه‌هۆڵ‌گرتووه‌كه‌وه‌. گه‌رمای سه‌روچاوی، سه‌هۆڵه‌كانی ئه‌وبه‌ری شووشه‌كه‌ی ده‌توانده‌وه‌. ده‌بوونه‌ ئاو. ده‌نگی چرپاكه‌ی میلا بوو. ده‌سته‌كانی میلا بوون كه‌ مه‌چه‌كی ده‌ستی نینایان به‌ردا: "له‌گه‌ڵم دێی بۆ ده‌شتی موغان؟" بریا نه‌یگوتبایه‌ له‌گه‌ڵی ده‌چێ. كاتێ چاوی هه‌ڵێنا، شه‌و به‌سه‌ردا هاتبوو. دیسان قریشك‌وهۆڕ و هه‌راوزه‌نا ده‌گه‌یشته‌ دیوه‌كه‌ی نینا. په‌نجێره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ته‌زوویه‌كی سارد هاته‌ دیوه‌كه‌. ده‌نگی ئۆركێسترا و ده‌نگی چه‌پڵه‌ڕێزیان دیوه‌كه‌ی ته‌نیبۆوه‌. نینا له‌ دیوه‌كه‌ چووه‌ ده‌رێ. به‌ر له‌وه‌ی درگا پێوه‌بدا، له‌ ئاوێنه‌كه‌ چاوێكی خێرای له‌ خۆی كرد. كێ ده‌زانێ میلا مردووه‌؟ له‌ پلیكانه‌كان هاته‌ خوارێ. له‌دوایین پلیكان دانیشت. داوای سارده‌مه‌نییه‌كی كرد. كاتێ بۆیان هێنا و خواردییه‌وه‌، گه‌رم داهات. خه‌ریك‌بوو چاوه‌كانی ته‌ڕ بن، له‌ناكاو ده‌ستێك ده‌ستی نینای ڕاكێشا و گوتی: "شه‌وی ساڵی نوێ و ته‌نیایی خاتوونێ؟" هه‌موو خه‌ریكی سه‌ما بوون. نیناش. چارداش، دوایه‌ هه‌ر سه‌مایه‌كی بیزانیبایه‌ یان نه‌یزانیبایه‌. هه‌تا سه‌ماكان ته‌واو بوون و سه‌ماكه‌ره‌كان له‌سه‌ر چرپاكان پاڵ كه‌وتن. ده‌قیقه‌یه‌كی مابوو بۆ كات‌ژمێر دوازده‌. بێده‌نگی وڵاتی داگرت. دوایه‌ ده‌ چركه‌، دوایه‌ نۆ چركه‌... دوو چركه‌، یه‌ك چركه‌. چراكان كوژانه‌وه‌. ساڵ نوێ بۆوه‌. هه‌ركه‌سه‌ی ده‌ستی یه‌كێكی گرت. ده‌نگی پێكه‌نین، جووڵه‌ی چرپاكان، جم‌وجۆڵی بنیاده‌مه‌كان، خرمه‌ی كه‌وتنی په‌رداخێك به‌سه‌ر عه‌رزدا، قاقا و پاشان بێده‌نگی. كاتێ چراكان هه‌ڵكرانه‌وه‌، لۆكا به‌رامبه‌ر به‌ نینا وه‌ستابوو. لۆكا گوتی: "ساڵی تازه‌ش هات، خاتوونێ." نینا گوتی: "ساڵی نوێت پیرۆز." لۆكا گوتی: "له‌ تۆش پیرۆز." نینا گوتی: "میلا مرد." لۆكا گوتی: "ساڵی نوێیه‌ خاتوونێ. سه‌مام له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ی؟" چراكان چوار‌ی‌ به‌یانی كوژانه‌وه‌. لۆكا ماتۆڕه‌ شڕه‌یه‌كی سایدكاری هه‌بوو كه‌ له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ جێگای كه‌سێك بۆ سواربوون هه‌بوو. چواری به‌یانی، لۆكا ماتۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵكرد و له‌گه‌ڵ نینا بۆی ڕۆیشتن. لۆكا گوتی: "بۆ ئێمه‌ی قه‌ره‌ج، له‌ هه‌موو شوێنێك ئه‌وین هه‌یه‌." نینا چاوی قووچاند و گوتی: "هه‌ر توند مه‌ڕۆ؛ هه‌موو شوێنێك سه‌هۆڵبه‌ندانه‌." ئیتر كه‌س چاوی به‌وان نه‌كه‌وته‌وه‌.»
به‌ری به‌یان بوو. حه‌سابوومه‌وه‌.
خاتوون گوتی: «كوڕه‌ گیان دیتت ئاخری چی لێ‌هات؟ به‌ دوو قۆڵی ڕۆیشتن.»
چاوم له‌ وێنه‌كانی نینا ده‌كرد.
خاتوون گوتی: «چه‌نده‌م پێ‌خۆش‌بوو ئه‌م چیرۆكه‌، چیرۆكی نینا، بگێڕمه‌وه‌. هه‌ر تۆ سه‌رنجی گوڵدۆزیی ڕوومێزییه‌كه‌ت دا. شه‌وانه‌ كاتێ جگه‌ره‌ ده‌كێشم و بیر له‌ نینا ده‌كه‌مه‌وه‌، چاوم ده‌قووچێنم و خۆڵه‌مێشی گه‌رمی جگه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕوومێزییه‌كه‌ و كونی ده‌كا. واز بێنین. لاوه‌گیان، چایی و نوقڵه‌ماسییه‌كی به‌تام ده‌خۆی؟»
گوتم: «به‌ڵێ، خاتوونێ.»
خاتوون چایی هێنا. چه‌ند نوقڵه‌ماسیش كه‌ له‌ نێو نایلۆنی بریقه‌داری ڕه‌نگیدا پێچرابوونه‌وه‌.
گوتم: «چ سه‌یره‌، خاتوون! ڕاست وه‌ك ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی گێڕاته‌وه‌.»
خاتوون گوتی: «به‌ڵام لاوه‌گیان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ هێشتا ته‌واو نه‌بووه‌.»
گوتم: «بۆچی خاتوون؟» دوایه‌ چاییه‌كه‌م خوارده‌وه‌.
خاتوون شاڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر شان‌وپیلی ڕێك كرد و گوتی: «نا كوڕم، كاتێ له‌گه‌ڵ لۆكا ڕۆیشتم تێگه‌یشتم هیچ شوێنێ له‌و شوێنه‌ی بۆ یه‌كه‌م‌جار ئه‌وین هاتۆته‌ ئامێزم، خۆشتر نییه‌. خۆ كه‌س نه‌یده‌ناسیم. لۆكاش قه‌ره‌جێك بوو. ویۆڵۆنه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرت و ده‌گه‌ڕا، له‌ ڕۆخی ڤۆڵگا یان دانووب. به‌ڵام من هه‌ر له‌ نیوه‌ی ڕێ گه‌ڕامه‌وه‌. فه‌ڕشه‌ دیوارییه‌كانم له‌ چه‌مه‌دان نا و ون بووم. هه‌تا بوومه‌ خاتوو ئانا. كه‌س نینای نه‌ده‌ناسی. بێجگه‌ له‌ تۆش كه‌س نازانێ خاتوو ئانا كێیه‌. من ئه‌و به‌سه‌رهاته‌م بۆ كه‌س نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌، كوڕی باش. پێم‌خۆشه‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕۆی...»
هه‌ستا. گڕامافۆنه‌كه‌ی قورمیش كرد. گڕامێكی هه‌ڵگرت. له‌سه‌ر گڕامافۆنی دانا.
ـ هه‌سته‌ سه‌ما بكه‌ین.
چرای كوژانده‌وه‌. له‌ ده‌رێ به‌فر ده‌باری.
ـ لۆكا هه‌تا كوێ ده‌ڕۆین؟
ـ تا ئه‌و شوێنه‌ی تۆ پێت‌خۆشه‌ نینا.
ـ میلا هه‌تا كوێ ده‌ڕۆین؟
ـ تا ئه‌و شوێنه‌ی تۆ پێت‌خۆشه‌ نینا.
ده‌نگی گڕامافۆن وڵاتی داگرتبوو.

ته واو


فه‌رهه‌نگۆكی ئه م چیروکه

لاله‌زار: شه‌قامێكی تارانه
‌ ئیسلامبول: شه‌قامێكی تارانه
‌ فیرده‌وسی: شه‌قامێكی تارانه
‌ موغان: شارێكی ئێرانه‌
قه‌زوێن: شارێكی ئێرانه‌
زه‌نجان: شارێكی ئێرانه‌
ته‌ورێز: شارێكی ئێرانه‌
میانه‌: شارێكی ئێرانه‌
قه‌وامول‌سه‌ڵته‌نه‌: شه‌قامێكی تاران بوو
نادری: شه‌قامێكی تاران بوو
عه‌لاده‌وله‌: شه‌قامێكی تاران بوو
سینه‌ما مایاك: ناوی سینه‌مایه‌كی تاران بوو
كافه‌ی ژاڵه‌: كافه‌یه‌كی تاران بوو له‌ سه‌رده‌می رژێمی شادا
بادكووبه‌ (باكۆ): شارێكی وڵاتی ئازه‌ربایجانه
‌ ئه‌سكه‌نده‌رییه‌: شارێكی وڵاتی میسره‌
له‌هێستان: وڵاتێكی ئه‌وڕووپییه‌
بولغارستان: وڵاتێكی ئه‌وڕووپییه‌
هۆنگری: یان مه‌جارستان، وڵاتێكی ئه‌وڕووپییه‌
مه‌جار: هۆنگری
ڤۆڵگا: درێژترین چۆمی ئه‌وڕووپایه‌، له‌ رووسیادایه‌ و ده‌ڕژێته‌ نێو زه‌ریای خه‌زه‌ره‌وه‌
دانووب: گه‌وره‌ترین و گرینگترین چۆمی ئه‌وڕووپای ناوه‌ندییه‌.
گڕامافۆن: ده‌زگای بڵاو كردنه‌وه‌ی گۆرانی له‌ پێشوودا
گڕام: ئه‌و سه‌فحه‌ خڕانه‌ی، گۆرانی له‌ سه‌ر تۆمار ده‌كرا و ده‌خرایه‌ سه‌ر گڕامافۆن.
ئالبێرتا: گۆرانییه‌كه
‌ لوپانزا: گۆرانییه‌كه
‌ مامی‌دریم: گۆرانییه‌كه
‌ سێرتسا: گۆرانییه‌كه‌
چارداش: گۆرانییه‌كه‌
فۆكسترۆت: سه‌مایه‌كه
‌ رومبا: سه‌مایه‌كه
‌ تانگۆ: سه‌مایه‌كه
‌ كازاچۆك: سه‌مایه‌كه
‌ ڕاسباڵ: سه‌مایه‌كه
‌ واڵس: سه‌مایه‌كه
‌ فلووت: ئامێرێكی مۆسیقایه
‌ ویۆڵۆن: ئامێرێكی مۆسیقایه
‌ گارمۆن: ئامێرێكی مۆسیقایه‌
ئاكاردۆن: ئامێرێكی مۆسیقایه‌
پیراشكی: خوارده‌مه‌نییه‌كه‌ وه‌كوو كه‌یك
مارمالاد: مره‌بایه‌كی زۆر خه‌سته‌ كه‌ له‌ چه‌رخ‌كراوی میوه‌ ئاوداره‌كان ده‌یكوڵێنن.
پێرمه‌نگه‌نات: بۆ شتنه‌وه‌ و خاوێن كردنه‌وه‌ی جێی برین به‌ كار دێ.
لیكۆر: چه‌شنێك عاره‌قی ئاڵكۆڵیی شیرینه‌ به‌ تامی میوه‌وه‌
گارسۆن: خزمه‌تكاری چێشتخانه‌
رامی: یارییه‌كه‌ له‌ وه‌ره‌قێندا
سه‌ربازی پیك: وه‌ره‌قێكه‌ له‌ كایه‌ی وه‌ره‌قێندا






این صفحه را در گوگل محبوب کنید

[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[مشاهده در: www.p30city.net]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 459]

bt

اضافه شدن مطلب/حذف مطلب




-


گوناگون

پربازدیدترینها
طراحی وب>


صفحه اول | تمام مطالب | RSS | ارتباط با ما
1390© تمامی حقوق این سایت متعلق به سایت واضح می باشد.
این سایت در ستاد ساماندهی وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی ثبت شده است و پیرو قوانین جمهوری اسلامی ایران می باشد. لطفا در صورت برخورد با مطالب و صفحات خلاف قوانین در سایت آن را به ما اطلاع دهید
پایگاه خبری واضح کاری از شرکت طراحی سایت اینتن