تبلیغات
تبلیغات متنی
محبوبترینها
بارشهای سیلآسا در راه است! آیا خانه شما آماده است؟
بارشهای سیلآسا در راه است! آیا خانه شما آماده است؟
قیمت انواع دستگاه تصفیه آب خانگی در ایران
نمایش جنگ دینامیت شو در تهران [از بیوگرافی میلاد صالح پور تا خرید بلیط]
9 روش جرم گیری ماشین لباسشویی سامسونگ برای از بین بردن بوی بد
ساندویچ پانل: بهترین گزینه برای ساخت و ساز سریع
خرید بیمه، استعلام و مقایسه انواع بیمه درمان ✅?
پروازهای مشهد به دبی چه زمانی ارزان می‌شوند؟
تجربه غذاهای فرانسوی در قلب پاریس بهترین رستورانها و کافهها
دلایل زنگ زدن فلزات و روش های جلوگیری از آن
خرید بلیط چارتر هواپیمایی ماهان _ ماهان گشت
صفحه اول
آرشیو مطالب
ورود/عضویت
هواشناسی
قیمت طلا سکه و ارز
قیمت خودرو
مطالب در سایت شما
تبادل لینک
ارتباط با ما
مطالب سایت سرگرمی سبک زندگی سینما و تلویزیون فرهنگ و هنر پزشکی و سلامت اجتماع و خانواده تصویری دین و اندیشه ورزش اقتصادی سیاسی حوادث علم و فناوری سایتهای دانلود گوناگون
مطالب سایت سرگرمی سبک زندگی سینما و تلویزیون فرهنگ و هنر پزشکی و سلامت اجتماع و خانواده تصویری دین و اندیشه ورزش اقتصادی سیاسی حوادث علم و فناوری سایتهای دانلود گوناگون
آمار وب‌سایت
تعداد کل بازدیدها :
1836134930
چیروک ئه‌شق
واضح آرشیو وب فارسی:پی سی سیتی: ئه‌شق
کاوه محه‌مه‌دزاده
بۆ هه‌وه‌ڵین جار له ژیانیدا، (ره‌نگه جارێکی تریش ئه‌و کاره‌ی کردبێ، به‌ڵام له بیری نه‌ماوه) بێ ئه‌وه‌ی له نێو جێگه‌که‌ی بێته ده‌رێ، سیگاره‌که‌ی هه‌ڵکردبوو. روانییه پاڵده‌ستی و له نێو جێگه‌ی ژنه‌که‌یدا که‌سی نه‌بینی. بڕوای به چاوه‌کانی نه‌کرد، و زوو ده‌ستی خشاند به سه‌ر په‌تۆی سه‌ر جێگه‌ی ژنه‌که‌یدا. ره‌نگه له‌شی چکۆله و کوڵی ژنه‌که‌ی له سووچی نوێنه‌که‌یدا خۆی شاردبێته‌وه. که‌س نه‌بوو. ژنه‌که‌ی هه‌ستابوو و وه‌کوو هه‌موو به‌یانییه‌کی ساڵها ژیانی هاوبه‌شیان، خه‌ریکی ئه‌و کارانه بوو وا ده‌بوو بیانکات. ده‌ستی هێنا به که‌لله‌یدا و به پێکا خشانی له‌پی ده‌ستی به سه‌ر پێستی سپیی که‌لله‌یدا، که بێجگه له پاڵ گوێچکه‌کانیدا، چه‌ن تاڵی موو مابوونه‌وه و له نێو ئاره‌قی سه‌ریدا ده‌گه‌وزان، ده‌نگێکی ئارام و تا راده‌یه‌ک ترسێنه‌ری لێوه هه‌ستا. گوێی له "زه‌ڕباف" بوو به ده‌نگی به‌رز نوێژی ده‌خوێند. ئه‌گه‌ر چه‌ن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوایه‌ت، به زه‌ڕی ده‌گوت:
- نازانی نوستووم؟ بێ ده‌نگ به!
کاتێک سه‌ر و گه‌ردنی زه‌ڕبافی ماچ ده‌کرد، ریشۆڵ ده‌نووسا به هێڵی ناسکی سمێڵیه‌وه. به ده‌ستی سه‌ر و ده‌می ده‌سڕییه‌وه و له زه‌ڕباف تووڕه ده‌بوو:
- ئه‌و هه‌موو ریشۆڵه‌ت له کوێوه پێوه ده‌نووسێ؟
زه‌ڕباف پێده‌که‌نی و هه‌ر دوو شانی ده‌هاورده‌وه یه‌ک، به‌ڵکوو مه‌مه‌کانی ده‌ر نه‌که‌ون. به پێکه‌نینه‌وه ده‌یگوت:
- هی فه‌رشه‌که‌مه.
ده‌سته‌کانی ده‌نا سه‌ر چاڵی سمته‌کانی و به ئه‌سپایی ده‌یچرپانده گوێی:
- چه‌نده‌ی ماوه ته‌واوی بکه‌ی؟
- تا به‌هار ته‌واوم ده‌بێ.
به‌وه‌ی زه‌ڕباف نێوی به‌هاری دێنا، په‌رۆش ده‌بوو و تا بیری لێ ده‌کرده‌وه، ده‌شێوا. به‌هار زۆری مابوو و فه‌رشه هه‌ڵواسراوه‌که‌ی قه‌د داربه‌نه‌که، ته‌واو نه‌ده‌بوو. گوتی:
- دوای منداڵه‌که‌ت بڕۆوه سه‌ری.
جوان له بیری بوو زه‌ڕباف وه‌کوو قاره‌مانێک وا ده‌یویست به شه‌رمه‌که‌یه‌وه گه‌وره‌یی خۆی بسه‌لمێنێ، روانیبوویه زگی و گوتبووی:
- قه‌یدی نییه. با له خۆم بچێ.
ده‌سته زبر و گه‌وره‌کانی زه‌ڕبافی توند گوشیبوو و پێی گوتبوو:
- ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆت لا گرینگ نییه، چاوێکت له منه‌وه بێ.
کاتێک رابردوو له زه‌ینیدا هێڵنجی ده‌دا و هه‌موو جارێک بڕێك له رابردووی ده‌هاته‌وه به‌رچاو، پێکه‌نین ده‌یگرت. قه‌ت هه‌ستی نه‌ده‌کرد ته‌واوی ئه‌و شتانه ئه‌وه‌نده هاسان روویان دابێ. ئێستا وه‌کوو گۆڕینی خاڵی دۆمینه دێته به‌ر چاوی. هه‌موو شتێک ده‌توانێ روو بدات.
به پشته ده‌ستی چاوه‌کانی سڕییه‌وه، به‌ڵام به ئاسته‌م شته‌کانی نێو ژووره‌که‌ی ده‌بینی. کاتێک ویستی هه‌ستێته‌وه سه‌ر پێ، ناچار بوو چاویلکه‌کانی بکاته‌وه چاوی. لێڵایی ژووره‌که دڵی تووشی کزی ده‌کرد. وه‌کوو ئه‌وه‌ی برسی بێت. گورج ته‌قیله‌که‌ی کرده سه‌ری و ئه‌سپایی به سه‌ر جێگه‌که‌ی خۆی و زه‌ڕباف دا، به‌ره‌و لای ده‌رگای ژووره‌که رۆیشت. هه‌نگاوه‌کانی ئارام هه‌ڵده‌گرت نه‌وه‌کوو که‌سێک له نێو جێگه‌کاندا بێت. له به‌ر خۆیه‌وه جنێوی ده‌دا:
- سه‌گبابانه. شتێک هی منه به ئێوه چی؟
ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه و دووکه‌ڵی سیگاره‌که‌ی وه‌کوو له‌چکێکی درێژی ژنانه، به دوایدا خۆی له نێو ژووره‌که کێش کرد و رۆیشته ده‌رێ. خۆری به‌یانی وه‌کوو له‌عنه‌تێک، زۆر به ئه‌سپایی له پشت کێوه‌کانی لای سه‌ره‌وه‌ی گوند، ده‌هاته ده‌ره‌وه و زه‌رداییه‌که‌ی ده‌یدا به سه‌ر په‌رده‌ی سپی ژووره‌کاندا و له به‌رچاوی وه‌کوو زه‌ردێنه‌ی هێلکه له سه‌ر په‌رده‌کان ده‌دره‌وشانه‌وه. زه‌ڕباف له نێو هاڵه‌که‌دا به تۆنگێکی چکۆله‌وه خه‌ریکی ئاودانی گوڵه‌کان بوو. ده‌رگای ژووری نووستنه‌که‌ی نه‌به‌ستبوو، زوو گوتی:
- ئێستا خه‌ڵک کاتێک ده‌بینن خه‌ریکم به ته‌واوی ده‌ڕووخم، پێم پێده‌که‌نن.
زه‌ڕباف سه‌ری له سه‌ر گوڵدانه‌که‌ی به‌رده‌ستی هه‌ڵهێنا و به بزه‌وه گوتی:
- بۆ له خۆته‌وه رقت له خه‌ڵک هه‌ستاوه؟ به‌وان چی تۆ چی ده‌که‌ی.
قوونه‌سیگاره‌که‌ی فڕێ دایه نێو گوڵدانه‌که‌ی به‌ر ده‌ستی زه‌ڕباف و و به ده‌نگی به‌رز گوتی:
- خه‌ڵک! هه‌ر ئه‌وانه نه‌بوون ده‌یانگوت شوکر هه‌م قه‌بری باوکی و هه‌م ماڵه‌که‌ی که‌وتووه‌ته به‌ر رێگه! بۆ زوو شته‌کانت له بیر ده‌چێته‌وه؟
زه‌ڕباف قوونه سیگاره‌که‌ی له په‌نجه‌ره‌که‌وه فڕێ دا نێو حه‌وشه. دیسان تای په‌نجه‌ره‌که‌ی به‌سته‌وه و ئاوڕی داوه. بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ینی له‌و قسانه دوور بکاته‌وه به عاجزییه‌وه گوتی:
- بۆ قوونه‌سیگاره‌کانت ده‌خه‌یته نێو گوڵدانه‌کان؟
وه‌کوو که‌سێک وا به‌ته‌مای بیستنی رووداوێکی ناخۆش بێ، بێ وه‌ستان به ژووره‌که‌دا ده‌هات و ده‌چوو. ده‌ستی راوه‌شاند و گوتی:
- بده‌ی له رقم هه‌موویان فڕێ ده‌ده‌مه نێو حه‌وشه، ها!
زه‌ڕباف ده‌ستی وشک بوو و نه‌یده‌زانی چۆن ده‌بێ "شه‌ماڵ" رام بکات. ده‌یزانی هه‌ر به‌یانییه‌ک به‌و جۆره ده‌ست پێ‌بکات، تا ئێواره به‌و جۆره درێژه‌ی هه‌یه. نه‌ده‌ڕۆیشته ده‌رێ و هه‌ر له ماڵه‌وه ده‌مایه‌وه و ته‌واوی داخه‌که‌ی به سه‌ر ئه‌ودا ده‌ڕژاند. به ئه‌سپایی گوتی:
- وه‌ره هه‌موویان فڕێ بده، با کچه‌کانت چاره‌ڕه‌ش بن. وه‌ره ئیدی.
به ده‌م هه‌نیسکه‌وه قسه‌کانی درێژه دا، به‌ڵام شه‌ماڵ له قسه‌کانی هیچ حاڵی نه‌ده‌بوو. جیا له‌وه گوێی قورس بوو، وشه‌کان له زاری زه‌ڕباف دا له وشه‌یه‌کی تر ده‌چوون که پێوه‌ندییه‌کی به باسه‌که‌ی ئه‌وانه‌وه نه‌بوو. وه‌کوو ئه‌وه‌ی بیه‌وێ به گریانه‌که‌ی زه‌ڕباف سووکایه‌تی بکات، گوتی:
- خه‌م مه‌خۆ هیچیان لێ نایه‌ت. ژن هیچی لێ نایه‌ت.
زه‌ڕباف تۆنگه‌که‌ی له پاڵ گوڵدانه‌که‌دا دانا و خۆی کرد به ژووری نووستندا. ده‌رگاکه‌ی له دوای خۆی ئاوه‌ڵا جێهێشت. شه‌ماڵ چاوی بڕیبووه ده‌رگاکه، وه‌کوو دادڕاوییه‌ک ده‌می دابوو. له شه‌قڵی ده‌رگاکه‌وه چاوی له په‌رده سپییه‌کانه‌وه بوو زه‌ڕباف لای ده‌دان و له‌و دیوی شووشه‌کانه‌وه پشتی ره‌نگاڵی گوند، وه‌کوو قاپۆخی کیسه‌ڵێکی مردوو ده‌رده‌که‌وت. ماوه‌یه‌کی زۆر بوو گوندی له به‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌وه نه‌بینیبوو. وه‌کوو که‌سێکی نامۆ وا بۆ هه‌وه‌ڵین جار له‌و ژووره‌وه گوند ببینێ، وڕ مابوو. له په‌ستا له شه‌قڵی ده‌رگاکه نزیک بووه‌وه تا گه‌یشته حاستی ده‌رگاکه. وه‌کوو ئه‌وه‌ی بیه‌وێ ده‌رگاکه ئازار بدات، نووزه‌یه‌ک له ده‌رگاکه هه‌ستا و ته‌واو کرایه‌وه. هه‌نگاوێکی هه‌ڵهێنا و له چوارچێوه‌ی ده‌رگاکه ترازا به‌ره‌و ناو ژووری نووستنه‌که. زه‌ڕباف، به ئانقه‌ست خۆی گێل کردبوو و خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی نوێنه‌که بوو. تاو به ئه‌سپایی ده‌یدا به سه‌ر فه‌رشی نێو ژووره‌که‌دا و ته‌زێکی فێنک و سارد له تای ئاوه‌ڵای په‌نجه‌ره‌که‌وه ده‌خزایه ژووره‌وه. جله‌کانی به‌ری رێک کرد و روانییه گوند، وا له‌و خواره‌وه وه‌کوو مردوو پاڵ که‌وتبوو و ته‌نیا دووکه‌ڵی سه‌ربانه‌کانی، ده‌ریده‌خست هێشتا زیندووه. جار نا جاریش ماشینێک به سه‌ر رێگا قیره‌که‌یدا تێده‌په‌ڕی و له نێو هێڵه تاریککه‌دا خۆی ون ده‌کرد. بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ڕباف ئاشت بکاته‌وه، گوتی:
- سارده زه‌ڕباف. بۆ په‌نجه‌ره‌که نابه‌ستی؟
ده‌یزانی ئه‌گه‌ر زه‌ڕباف وه‌ڵامی نه‌داته‌وه، دیاره هێشتا تووڕه‌یه. له نێو شووشه‌ی په‌نجه‌ره ئاوه‌ڵاکه‌وه لێی ڕوانی و به ته‌مای قسه‌کانی بوو. گرینگ نه‌بوو قسه‌کانی تاڵ بن یان شیرین. له قسه تاڵه‌کانیشی له‌وه ده‌گه‌یشت هێشتا جێگه‌ی هومێده. زه‌ڕباف پشتی لێ کردبوو، به‌ڵام ده‌یتوانی له وشه‌کانیدا رقێک ببینێ، که جوانتری ده‌کرد:
- ئه‌گه‌ر بڕێک هه‌واکه‌ی نه‌گۆڕم، که‌لاکه‌کانی نێوی ده‌ڕزن.
پێکه‌نی و هانکه‌هانکه‌کانی زه‌ڕبافی ده‌بیست. بیری له‌وه کرده‌وه راگرتنی ئه‌و ماڵه گه‌وره‌یه بۆ ئه‌وان سه‌خته. پێکه‌نی و گوتی:
- ده‌زانم ده‌ته‌وێ به‌و جۆره پێم بڵێی پیرێکی گه‌وج و که‌لاکم.
زه‌ڕباف په‌تۆکه‌ی به‌ردا و تا ئه‌و شوێنه‌ی وا ده‌یتوانی، راست وه‌ستا. روانییه شه‌ماڵ و گوتی:
- من تا ئه‌مڕۆ قسه‌ی وام پێت گوتووه بێ ئینساف؟!
بێ تاوانییه‌کی کوشنده له نیگای زه‌ڕباف دا گینگڵی ده‌خوارد و شه‌ماڵی ناچار کرد جوانترین وشه بێنێته سه‌ر زاری. گوتی:
- تۆ جوانترین و باشترین ژنی زه‌ڕباف. ئێستاش هه‌ر وه‌کوو ئه‌و کاتانه‌ی وا منت دزی، جوانی.
زه‌ڕباف پێده‌که‌نی و ده‌گریا. ده‌سته‌کانی هێزی ئه‌وه‌یان نه‌بوو په‌تۆ زله‌کان کۆ بکاته‌وه. بۆنی دووکه‌ڵی سه‌ر بانه‌کان تا نێو ژووره‌که ده‌هات و شه‌ماڵ بیری له‌وه ده‌کرده‌وه ئه‌و ماڵه بۆ ئه‌وان زۆر گه‌وره‌یه. خه‌ریک بوو به سه‌ر فرمێسکه‌کانی زه‌ڕباف دا خه‌فه‌ته‌که‌ی خۆی له بیر بچێته‌وه. زه‌ڕباف منگه‌منگ له به‌ر خۆیه‌وه قسه‌ی ده‌کرد.
- خه‌ڵک هه‌ر دووکمان به گه‌وج و که‌لاک ده‌زانن و دایم پێمان پێده‌که‌نن. به گوێی خۆم بیستوومه.
ده‌ستی توند گرت به لێواری په‌نجه‌ره‌که‌وه و روانییه له‌شی گوند، وه‌کوو لاشه‌یه‌کی بۆگه‌ن خۆی له به‌ر پێی دا بڵاو کردبووه‌وه. رق سینگی توند کردبوو و به ئاسته‌م هه‌ناسه‌ی ده‌کێشا. نه‌یتوانی به‌ر به کڵپه‌ی ده‌روونی بگرێ. ده‌یویست به‌و رقه‌به‌رییه به جۆرێک له ده‌ست گریان هه‌ڵبێ، به‌ڵام نه‌یده‌توانی. زۆر جار گریان وه‌کوو چاره‌نووس دێته سه‌ر رێگه‌ی مرۆڤ، و خۆیشی پێی نازانێ. ئاوڕی دایه‌وه و به گریانه‌وه گوتی:
- خه‌ریکم ته‌فر و توونام ده‌بم زه‌ڕباف. خه‌ریکم تیا ده‌چم.
زه‌ڕباف به گوێی پشتێنده‌که‌ی سه‌ر و چاوی سڕییه‌وه. ده‌ستی هێنا به روومه‌تیدا و گوتی:
- شه‌ماڵ! له خۆته‌وه مه‌ترسه. ئه‌و ماشینه نا ماشینێکی تر. بۆ خۆت له ناو ده‌به‌ی؟
- ده‌ی نابینی خه‌ریکن ماشینه‌که‌م لێ ده‌ستێنن. نابینی هه‌موو رۆژێ ده‌که‌نه سه‌رم؟
زه‌ڕباف ژووره‌که‌ی رێک کرد و نوێنه‌کانی چنییه‌وه. پاشان به په‌رده‌یه‌کی سپی، که نێوه‌ڕاسته‌که‌ی تاووسێکی جوانی تێدا کێشرابوو، بانی داپۆشین. ئاوڕی له شه‌ماڵ دایه‌وه و گوتی:
- ئه‌وان ده‌ڵێن ماشینه‌که‌ت کۆنه. ده‌بێ بیگۆڕی.
- من نامه‌وێ بیگۆڕم. له هه‌موو ماشینێک باشتره.
زه‌ڕباف له ده‌رگای ژووره‌که نزیک بووه‌وه و له پاڵ شه‌ماڵ دا وه‌ستا. گوتی:
- ئه‌گه‌ر هه‌ر لا بگری، دێن به زۆر ده‌یبه‌ن.
- ده‌زانی چییه زه‌ڕباف؟ تۆ نازانی ئه‌و ماشینه وه‌کوو کوڕی خۆمه، ناهێڵم که‌س له ناوی ببات. من ماشینی نوێم ناوێ. ئێستا هه‌ست به خۆشی ده‌که‌م نه‌ک کاتێکی تر.
زه‌ڕباف ده‌سگیره‌ی ده‌رگاکه‌ی گرت و گوتی:
- خۆت بیبه‌ی چاکتره شه‌ماڵ. ئه‌گه‌ر تووڕه‌یان بکه‌ی تووڕه‌ت ده‌که‌ن.
ده‌رگاکه نووزه‌یه‌کی لێ هه‌ستا و زه‌ڕباف رۆیشته ده‌رێ. شه‌ماڵ ده‌نگی زه‌ڕبافی بیست.
- هاتیته ده‌رێ په‌نجه‌ره‌که‌ش ببه‌سته.
شه‌ماڵ بیری ده‌کرده‌وه. گوند هێشتا بێ ده‌نگ بوو و بێجگه له ده‌نگی ئه‌و ماشینه نامۆیانه وا به سه‌ر شارێگه‌که‌دا ده‌هاتن و ده‌ڕۆیشتن، هیچی نه‌ده‌بیست. خه‌ڵک ده‌به‌م بۆ شاره‌وانی و سکاڵایان بکه‌ن. بڵێن ماشینه‌که‌م له ته‌واوی ماشینه نوێکان باشتره. بڵێن نابێ بۆی بگۆڕن. ئێمه رازی نین ماشینه‌که‌مان بگۆڕنه‌وه به‌و ترۆمبیله ناحه‌زانه. به‌ڵام نا، ئه‌وانه هێنده پیسن ده‌ڕۆن ده‌ڵێن تا ئێستا پێنج که‌سی کوشتووه. سه‌گبابانه. ئه‌وان خۆیان پاڵ ده‌ده‌ن به ده‌رگاکه‌وه و ده‌رگای به‌سته‌زمانیش قورسی قوونی ئه‌وانی پێ راناگیرێ و له پر ده‌کرێته‌وه و شڵپ. خه‌تای خۆیانه. بۆ له سه‌ر رێگاکه‌دا ده‌وه‌ستن؟ خۆ ناکرێ من وا بای بده‌مه‌وه ترۆمبیله‌که‌م به شیوه‌ڵاندا بتلێ و خۆیشم بمرم. یاسا لای من ده‌گرێ و ئه‌وان تاوانبارن له نێوه‌ڕاستی رێگه‌که‌دا وه‌کوو وڵاغ گۆل ده‌خۆن. چل ساڵه وه‌کوو کوڕی خۆم له به‌ر ده‌ستمدایه و بێ ئیزنی من ناجوولێته‌وه. قه‌ت ئازاری نه‌داوم، که‌سی ئازار نه‌داوه. نه‌یهێشتووه پێڵاوه‌کانم تۆز بگرن، چونکوو رێزم لێ گرتووه و وه‌کوو کوڕی خۆم خۆشم ویستووه. قه‌ت بڕوام به قسه‌ی ئه‌و ژنه کوونیانه نییه وا له کۆڵاناندا ده‌میان وه‌کوو قونیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن له به‌ر دۆعای ئه‌و دایکه کوڕ مردووانه‌یه وا کوڕی نابێ. له....
خه‌یاڵات هرووژمیان ده‌هێنا. سیگارێکی تری هه‌ڵکرد و به رقه‌وه مژێکی لی دا. نه‌یهێشت دووکه‌ڵه‌که‌ی له کونه لووته‌کانیه‌وه بێته ده‌رێ. له نێو زاریدا مه‌زه‌ی کرد و ده‌یڕوانییه گوند وه‌کوو شه‌یتانێکی ماندوو، دوای شه‌وێک کاری دژوار، ده‌یویست له خه‌و هه‌ستێته‌وه. فرمێسکه‌کانی له قووڵایی چاوه‌کانییه‌وه ترازان و رژانه نێو لۆچی خوارووی چاوی و که‌رت که‌رت بڵاو بوونه‌وه. گلاری فرمێسکه‌کانی له ژێر چاویلکه‌که‌یه‌وه گه‌وره‌تر بوون و تا ده‌گه‌یشتنه سه‌ر لۆچه‌کانی گۆنای و له‌وێوه قاش ده‌بوون، ترسێنه‌رتر ده‌بوون. چاویلکه‌که‌ی له چاوی داگرت و به ده‌ستی چاوی سڕییه‌وه. دووکه‌ڵی نێو گه‌رووی به ده‌م هه‌نیسکه‌کانییه‌وه به سه‌ر و چاویدا ده‌پژا و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت سیمایه‌کی هه‌ڵماوی و پیرۆزی به خۆوه گرتبوو. وه‌کوو ئه‌وه‌ی بیه‌وێ به‌ڵێنێکی گرینگ بدات. وه‌کوو ئه‌و که‌سانه‌ی وا ده‌یانه‌وێ به‌ڵێنێک بده‌ن مرۆڤی پێ راچڵه‌کێنن و خه‌ڵک دایم باسی بکه‌ن. خه‌ڵک ئێستا هه‌موویان باسی "شوکره" ده‌که‌ن که به زۆر سه‌می رژانده گه‌رووی کوڕه‌که‌ی و پاش نیوه‌شه‌و کوڕه‌که‌ی مرد. هه‌ڕه‌شه‌شی کرد له ژنه‌که‌ی نابێ لای که‌س باسی بکات ده‌نا ئه‌ویش ده‌کوژێ. که‌س نه‌یزانی تاکوو خۆی له وه‌سیه‌تنامه‌که‌یدا باسی کردبوو و گوتبووی به هه‌موو بڵێن. که‌س ئه‌و کاره‌ی شوکره ی له بیر نه‌ده‌چوو و ته‌نانه‌ت گونده‌که‌ی ئه‌وان زیاتر له به‌ر ئه‌و کاره‌ی شوکره بوو نێوی ده‌رکرد و هه‌موو که‌س ده‌یناسی. شکۆیه‌کی وه‌ها پته‌و و ترسێنه‌ر له سیما خه‌مگین و قه‌شمه‌رییه‌که‌یدا بوو، که ناچاری کرد بکۆکێ و ده‌ست بگرێ به لیواری په‌نجه‌ره‌که‌وه. فرمێسکه‌کانی ته‌واو بوون و له سه‌ر دووهه‌مین مژدا پێکه‌نی. په‌نجه‌ره‌که‌ی به‌ست و هاواری کرد:
- زه‌ڕی، شتێک ده‌خۆم و ده‌ڕۆم.
زه‌ڕباف واق مابوو و له سه‌ر پلیکانه‌کان دانیشت. هه‌وای خاوێنی پاییزی بۆن ده‌کرد که به نێو داره سێوه تورشه‌کانی گوند دا ده‌هات و به لێژایی گونده‌که‌دا سه‌رده‌که‌وت و له ئاکام دا له نێو حه‌وشه‌که‌ی ئه‌واندا ده‌وه‌ستا. بیری له‌وه ده‌کرده‌وه چۆن ئه‌و هه‌واڵه خۆشه بنێرێ بۆ کچه‌کانی، که هه‌ر کامیان له شارێک، ده‌ژیان. به یه‌کێک له‌و منداڵانه وا له کۆڵانه‌که‌یانه‌وه تێده‌په‌ڕین، پاره‌یه‌کی ده‌دا و ده‌یگوت ژماره‌ی ماڵی یه‌کێک له کچه‌کانی به ته‌له‌فوونه‌که بۆ بگرێ و پاشان بیستۆکه‌که‌ی لێ بساندبایه‌ت و ئه‌و مزگێنیه‌ی به کچه‌که‌ی بدایه‌ت، تاکوو ئه‌ویش به دوو خوشکه‌که‌ی بگوتایه‌ت و بێ گومان هه‌موویان به‌و هه‌واڵه سه‌رخۆش ده‌بوون. ده‌ستی نابووه ژێر چه‌ناگه‌ی و بیری له‌وه ده‌کرده‌وه هه‌وه‌ڵ به کام کچی بڵێ. زۆر دژوار بوو بتوانێ یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرێ و ئه‌و دوانه‌ی تر بخاته په‌راوێزه‌وه. پێی خۆش بوو به هه‌ر سێکیان هاوکات بڵێ، به‌ڵام هه‌ر چه‌ند بیری لێ ده‌کرده‌وه بیری به شتێک نه‌ده‌گه‌یشت. به ده‌نگی شه‌ماڵ له‌و خه‌یاڵانه راچڵه‌کی و شه‌ماڵی بینی له تای په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌ری کێشاوه‌ته ده‌رێ و ده‌ڵێ:
- به قه‌د شوکره‌م پێ ناکرێ! کوڕی خۆی کوشت و مێشیش نه‌یگه‌ست.
زه‌ڕباف به‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی شه‌ماڵ، که خۆی ده‌دایه پاڵ شوکره، پێکه‌نینی ده‌هات، به‌ڵام نه‌یویست شتێک بڵێ. هه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ماڵ رازی بووه ماشینه‌که‌ی بگۆڕێته‌وه(به پێچه‌وانه‌ی خۆی وا هه‌ستی ده‌کرد وه‌کوو شوکره خه‌ریکی کوشتنی کوڕه‌که‌ی خۆیه‌تی) مایه‌ی سه‌رخۆشی بوو. ئیدی له‌وه‌ی "کوڕه‌که‌ی بمرێ و وه‌کوو گورگ سه‌ر و زگی هه‌ڵبدڕن"، نه‌ده‌که‌وته گریان. دیار بوو ده‌یویست ته‌واوی ئه‌و گۆڕانانه‌ی وا هه‌موو که‌س قبووڵی کردووه، قبووڵ بکات و زیاتر له‌وه خۆی سه‌رقاڵی خه‌یاڵێک نه‌کات. شه‌ماڵ له نێو رێڕه‌وی ژووره‌کاندا به سه‌ر ئه‌وه‌دا بیری له‌وه ده‌کرده‌وه ئه‌و ماڵه بۆ ئه‌وان زۆر گه‌وره‌یه، قسه‌ی ده‌کرد.
- ده‌یبه‌م با خه‌ڵک له‌وه‌ی تێک ده‌ڕووخم، شاد بن.
زه‌ڕباف پێکه‌نی و له پلیکانه‌کان هاته خوارێ. ده‌یزانی باشترین کار ئه‌وه‌یه سفره‌ی به‌یانی ئاماده بکات. به پێکه‌نینه‌وه به نێو حه‌وشه به‌رینه‌که‌دا، که وه‌کوو بیاوانێکی گه‌وره بوو، ده‌هات و ده‌چوو و جار نا جارێک خۆی له سووچێکی حه‌وشه‌دا ون ده‌کرد. نه‌یده‌زانی ئه‌و مزگێنیه هه‌وه‌ڵ بدات به کام یه‌ک له کچه‌کانی. شه‌ماڵ پێده‌که‌نی و به رقه‌وه ده‌یناڵاند:
- ئیدی قه‌ت شۆفیری ناکه‌م. ماڵئاوا ماشینه‌کان.
ئه‌و به‌یانییه شه‌ماڵ له هه‌موو به‌یانییه‌ک زیاتر نانی خوارد. پێده‌که‌نی و وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه بکات، ده‌یگوت:
- ده‌بێ له به‌رچاوی خۆمدا به نوێڵه‌که‌ی ده‌ستیان زگی هه‌ڵبدڕن و وه‌کوو گورگ تێی بورووکێن.
زه‌ڕی گوتی:
- هێنده به تووڕه‌ییه‌وه نابێ بیر بکه‌یته‌وه. خراپه.
شه‌ماڵ هه‌ستا و له ده‌رگای حه‌وشه گه‌وره‌که هاته ده‌رێ و بۆ دواهه‌مین جار روانییه گوند خه‌ریک بوو هه‌ستێته‌وه. له نێو کۆڵانه‌کاندا خۆی ون کرد و به‌ره‌و گاراجی مینی بووسه‌که‌ی وا له خواره‌وه‌ی گوند بوو رێکه‌وت. ته‌زی هه‌وای به‌یانیی پاییز، وه‌کوو سێوێکی مزر له نێو زاریدا گینگڵی ده‌خوارد و هاوکات به‌خته‌وه‌ری و چاره‌ره‌شی له سه‌ر داگیرکردنی ئه‌و، له نێو دڵیدا شه‌ڕیان بوو. کاتێک ده‌یویست پێبکه‌نێ، فرمێسکه‌کانی ده‌ڕژانه قووڵکه‌ی چاوه‌کانی و ده‌با چاویلکه‌کانی دابگرتایه‌ت و به پشته‌ده‌ست گلێنه‌کانی بسڕیبایه‌ته‌وه. راوه‌ستابوو و خه‌ریکی خاوێن کردنه‌وه‌ی چاوی بوو. بیری له‌وه ده‌کرده‌وه: "کاتێک شوکره رۆیشتبوو بۆ کوشتنی کوڕه‌که‌ی، ئه‌م هه‌سته‌ی ئێستای منی بووه". دیسان بزه‌یه‌ک گرتی و ده‌یزانی ئه‌گه‌ر ئه‌و کۆڵانه درێژ و ته‌نگه‌به‌ره‌ی ئێستا که پێیدا ده‌ڕوات، بگاته ئاخر ده‌بێ به‌ره‌و لای چه‌پ بای بداته‌وه و به قه‌راخ سیمای سه‌وز و دارستانی خواروی گوند دا بڕوات و له پاڵ داره‌بی و داره چناره‌کان دا بوه‌ستێ و پاش ئه‌وه‌ی ماندوویه‌تی ده‌رچوو، ده‌رگای گاراجه‌که‌ی بکاته‌وه و کوڕه‌که‌ی بزانێ باوکی ده‌یه‌وێ بیکوژێ. ده‌توانێ وه‌کوو ئیبراهیم درۆ بکات و بڵێ ده‌تکه‌م به قوربانی. نا، نا، نابێ درۆ بکه‌م. من دڵڕه‌قم و ده‌بێ ئه‌و کاره‌ی وا ده‌مه‌وێ بیکه‌م، بێ سڵ ئه‌نجامی بده‌م و ده‌یکه‌م.
کاتێک ده‌رگای گاراجه‌که‌ی کرده‌وه فرمێسکه‌کانی به نێو ردێنه سپییه‌کانیدا ده‌تکان، و ده‌سته‌کانی ده‌له‌رزین. هه‌ستی ده‌کرد ناتوانێ ئه‌و کاره بکات. هه‌ناسه‌یه‌کی پڕ له بۆنی مزری پاییزی هه‌ڵمژی و له به‌ر خۆیه‌وه ناڵاندی: "ئاخ چاره‌نووس". گڵۆپه روون و گه‌وره‌کانی وه‌کوو دوو چاوی خه‌مگین، وه‌کوو چاوی مه‌ڕێک وا چاوه‌ڕوانی چه‌قۆی قوربانییه، پڕ بوو له بێ تاوانی. به دیتنی له‌شی لاو و روون و خاوێنی ماشینه‌که خۆی پێ رانه‌ده‌گیرا. گریان خه‌ریک بوو گه‌رووی ببه‌ستێ و نه‌هێڵێ هه‌ناسه‌کانی بێنه ده‌رێ. ته‌گه‌ره‌که‌ی به‌ره‌وه‌ی نیشتبووه سه‌ر زه‌وی. کاتێک شه‌ماڵ ته‌گه‌ره‌که‌ی بینی هه‌ستی کرد ترساوه، به‌ڵام هیچ رێگه‌یه‌ک نییه له ده‌ست چاره‌نووس هه‌ڵبین. خۆر له په‌ستا وه‌کوو پیره‌ژنێکی فزوول، له پاڵ دیواری گاراجه‌که‌وه زیاتر ده‌خشا نێو ژووره‌که. شه‌ماڵ ده‌یویست لانیکه‌م شکۆی مه‌رگی کوڕه‌که‌ی له بێده‌نگیدا بگرێ. ده‌رگاکه‌ی له سه‌ر هه‌ردووکیان به‌ست و گڵۆپه کاره‌باییه‌کانی هه‌ڵکرد و گوتی:
- ئێستا ته‌نیا خۆم و خۆتین.
له‌شی خۆی به قه‌د مینی بووسه‌که‌دا هه‌ڵسپارد و ماچی سه‌ر گڵۆپه‌کانی کرده‌وه و پێکه‌نی.
- سه‌گبابانه. بڕۆن بڵاوی بکه‌نه‌وه شه‌ماڵ کوڕه‌که‌ی خۆی ده‌کوژێ.
به له‌پی ده‌ستی ئارام کوتایه سه‌ر ته‌گه‌ری پاڵ خۆیه‌وه و به بزه‌وه گوتی:
- ئه‌وه‌نده ترساوی. خه‌م مه‌خۆ منیش وه‌کوو تۆ خه‌ریکم ده‌مرم.
جه‌که‌که‌ی له سه‌ر سه‌کۆی دواوه‌ی گاراجه‌که هه‌ڵگرت و له پاڵ ته‌گه‌ره‌که‌دا داینا. پاشان جله‌کۆنێکی له ژێر ته‌گه‌ره نیشتووه‌که‌دا راخست و خۆی ئارام له سه‌ری خه‌وت. ده‌ستی گرت به لێواری ته‌گه‌ره‌که‌وه و خۆی بۆ نێو دڵی ماشینه‌که هه‌ڵکێشا. وه‌کوو منداڵێک وا بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێو زگی دایکی، تا سه‌ر ناوکه‌کانی خۆی ون کرد و بێجگه له جووله‌ی جار نا جاری پێکانی هیچ شتێک ده‌ری نه‌ده‌خست زیندووه. به ده‌نگی به‌رز قسه‌ی بۆ ده‌کرد.
- هه‌موومان ده‌مرین. ئه‌مه چاره‌نووسه.
جه‌که‌که‌ی برده ژێر ماشینه‌که. پاشان خۆی ئارام هاته ده‌رێ. میلێکی درێژی گیرانده کونێک له سه‌ر لێواری جه‌که‌که و پاش چه‌ن جار بان و خوار پێکردن، ماشینه‌که له په‌ستا به‌رز ده‌بووه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی ته‌واو له زه‌وی بڕا، ده‌ستی راگرت و و به هه‌ڵگره جۆراوجۆره‌کانی ده‌ستی خه‌ریکی کردنه‌وه‌ی پێچی ته‌گه‌ره‌که بوو. به ده‌نگی به‌رز ده‌یگوت:
- وه‌کوو ددان کێشان وایه. که‌مێک ئێشی هه‌یه.
ته‌گه‌ره‌که‌ی ده‌رهێنا و له لای ده‌ستی خۆیه‌وه داینا. ده‌ستی هێنا به چاویلکه‌کانیدا و تا بن چاوه‌کانی هه‌ڵیکێشا. پاشان به وردی روانییه شوێنی پێچه‌کان وا ته‌گه‌ره‌که راده‌گرێ. یه‌کێک له کونه‌کان ژه‌نگی هێنابوو و دیار بوو پورتوکاوه و ناتوانێ قورسایی ماشینه‌که رابگرێ. قامکی ده‌کرد به هڵۆڵییه‌که‌دا و ده‌یهێنا ده‌ره‌وه و به پێکه‌نین ده‌یگوت:
- بڵێ بۆ چی ته‌گه‌ر به‌رگه‌ت ناگرێ؟!
چه‌ن شوێنی بردبوو به‌ڵکوو بتوانن هۆی ئه‌و کێشه‌یه‌ی بدۆزنه‌وه، به‌ڵام که‌س نه‌یده‌زانی عه‌یبه‌که‌ی چییه. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زانکاریی خۆیان پاساو بده‌نه‌وه، ده‌یانگوت:
- ئه‌و ماشینه هێنده کۆنه هیچی به سه‌ر هیچه‌وه نییه.
به په‌ڕۆکه‌ی ده‌ستی سه‌ر کونه‌که‌ی سڕییه‌وه و جوانتر شه‌قڵه‌که‌ی بینی. گوتی:
- ده‌بێ جۆشی بده‌مه‌وه کوڕی باش.
بیری له‌وه کرده‌وه بڕوات له لای خوارووی گوند، " بله کاڵ" بێنێ و خاڵه جۆشێک بنێته سه‌ر شه‌قڵه‌که‌ی. به‌ڵێ. چاک ده‌بێته‌وه. وه‌کوو هه‌وه‌ڵ بێ ئیراد دروست ده‌بێته‌وه. سه‌گبابانه. دایم ده‌یانه‌وێ که‌س له‌وان زیاتر نه‌بێ. رقی له خۆی هه‌ستابوو خه‌ریک بوو هه‌نگاوه‌کانی ئارام ده‌نا به‌ره‌و دروستکردنی قوربانگای مه‌رگی ماشینه‌که‌ی. له ژێر ئه‌و زمانه جه‌فه‌نگاوی و خه‌نۆڵه‌دا، رقێکی گه‌وره نوستبوو، ده‌یویست کوڕی خۆی بکوژێ. هه‌نیسک تا سه‌ر گه‌رووی هاتبوو و ئیزنی هه‌ناسه‌کێشانی به دژواری پێ ده‌دا.
ویستی بڕواته ژێر ماشینه‌که و پاڵ بکه‌وێ و به جوانی درزه‌که ببینێ. که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌ک له ده‌روونیدا بزوا، و له‌وه‌ی له ژێر ماشینه‌که‌دا رابکشێ، ده‌یترساند. له ماشینه‌که ده‌ترسا. ئه‌و نه‌یده‌توانی به زار خۆشه‌ویستی خۆی ده‌ر ببڕێ، به‌ڵام له ده‌روونیدا له که‌سێک وا زیاتر له چل ساڵ له‌گه‌ڵیدا بووه بترسێ. که‌سێک وا ته‌واوی ساته‌کان له‌گه‌ڵی ژیاوه. ئه‌و بوو زه‌ڕبافی بۆ ساز کرد. ئه‌و بوو زه‌ڕبافی ده‌برده نه‌خۆشخانه و به دیارییه‌وه له به‌ر سه‌رمای زستاندا له سه‌ر شه‌قام ده‌نووست به‌ڵکوو منداڵه‌کانی ببینێ. ئه‌و بوو خۆشی ده‌دا بنه‌ماڵه‌که‌ی و هه‌ر ئه‌ویش بوو تا پیری، وه‌کوو کوڕێکی سه‌ربه‌رێ، له به‌ر ده‌ستیدا مابووه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی باوکی بیبا به‌ره‌و قوربانگا، تووڕه نییه. نا، نا.
له سه‌ر جله‌کۆنه‌که‌ی ژێر ماشینه‌که‌دا پاڵ که‌وت و خۆی تا سه‌ر ناو‌کی له ژێر له‌شی قورسی ماشینه‌که‌دا ون کرد. پێکانی ده‌جوولانه‌وه و وه‌کوو منداڵ له‌وپه‌ڕی خۆشی‌دا بوون. دوو پێچی سه‌ر گاردانه‌که، وا ته‌گه‌ره‌کانی ده‌لکاند به له‌شی ماشینه‌که‌وه، وه‌کوو دوو چاوی تووڕه ده‌یانڕوانییه ئه‌و. ویستی بخزێته ده‌رێ. به راستی ترسابوو. به‌ڵام شتێک له ده‌روونیدا نه‌یده‌هێشت له‌گه‌ڵ که‌سێک وا له ژیانیدا ئه‌شقێکی نامۆی له دڵیدا بزواندبوو، درۆ بکات. نه‌یده‌توانی. له دڵه‌وه گوتی: "هه‌ر شتێک روو بدات چاکتره له درۆ کردن". ئه‌ویش درۆ کردن له دواهه‌مین ساته‌کانی ژیاندا. به‌ڵێ، نابێ له‌م ده‌مانه‌دا درۆ بکه‌م ده‌نا ته‌واوی ئه‌و ژیانه ئاشقانه ده‌بێته پووش. نابێ. زۆربه‌ی ئه‌و ئاشقانه وا ده‌مرن له به‌ر ئه‌وه ده‌مرن که دڵیان ئیزنی ئه‌وه‌یان پێ نادات له دواهه‌مین ساته‌کانی پێکه‌وه بووندا درۆ بکه‌ن. ده‌نا هه‌موویان ده‌یانتوانی خۆیان له مه‌رگ رزگار بکه‌ن و بمێننه‌وه. به ده‌ستی سه‌ر شه‌قڵی ئاسنه‌که‌ی ماڵی و گوتی:
- چاکت ده‌که‌مه‌وه. هه‌ر ئێستا چاکت ده‌که‌مه‌وه.
به‌ڵام دوو پێچی سه‌ر گاردانه‌که به تووڕه‌ییه‌کی ئاشقانه‌وه ده‌یانگوت نا. ده‌بێ هه‌ردووکمان بمرین. پێکه‌نی و هه‌نیسک له ژێڵا ده‌هاته سه‌ره‌وه. چاوه‌کانی نووقاند و هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی کێشا، وه‌کوو که‌سێک وا ده‌زانێ ده‌مرێ. قرته‌یه‌کی چکۆله‌ی بیست. ویستی چاو بکاته‌وه بزانێ چی رووی داوه. دوو چاوی زله و خوێناوی ده‌یانڕوانییه ئه‌و و له‌شی له‌ڕ و که‌فته‌ی ئه‌ویان به ته‌واو قورسایی خۆیانه‌وه داگیر کردبوو. نه‌یده‌زانی بۆ کوڕه‌که‌ی هێنده لێی تووڕه‌یه. سه‌ر دڵی کپ ببوو و قورساییه‌کی زۆر به سه‌ر له‌شیه‌وه بوو. هه‌ناسه‌ی بۆ نه‌ده‌کێشرا. خرمه‌ی پێشه‌ی په‌راسووه‌کانی خۆی ده‌بیست، و منداڵییه‌کانی وه بیر ده‌هێناوه چۆن له سه‌ر سفره‌ی نان خواردن، پێشه‌ی نێو چێشته‌کانیان بۆ ئه‌و داده‌نا. باوکی ده‌یگوت:
- بیده‌ن به شه‌ماڵ. ئێستا وه‌کوو سه‌گ ده‌یکرمێنێ.
ئه‌ویش ده‌یکرماند. کاتێک ده‌یویست له سییه‌کانییه‌وه هه‌وا قووت بدا خوێن ته‌واوی گه‌رووی ته‌نیبوو و نه‌یده‌توانی هه‌ناسه بکێشێ. قه‌ت نه‌یده‌زانی مه‌رگ هێنده ئاسانه. وه‌کوو ئه‌وه وایه له په‌ڕینه‌وه به سه‌ر دیوارێکی ناسک بترسی. ژانه‌کانی له‌شی له په‌ستا که‌متر ده‌بوونه‌وه و پێی خۆش بوو پێکه‌نێ. چاوی له خۆیه‌وه بوو له ژێر له‌شی بێ تاوانی کوڕه‌که‌یدا لاقه‌فرتێ ده‌کات. وه‌کوو دوو ئاشق وا تێک ئاڵاون ئارام بوونه‌وه و لاقه‌کانی ئارام راکێشا و نه‌یده‌جوولاند.
چاوی له ماشینه‌که‌وه بوو فرمێسکه‌کانی به سه‌ر شووشه‌ی گڵۆپه‌کانیدا ده‌خزان و له ئاکامدا ده‌تکانه سه‌ر له‌شی ماندووی ئه‌و. هه‌ر دووکیان ماندوو بوون. نووستبوون.
این صفحه را در گوگل محبوب کنید
[ارسال شده از: پی سی سیتی]
[مشاهده در: www.p30city.net]
[تعداد بازديد از اين مطلب: 292]
-
گوناگون
پربازدیدترینها